شەڕى رووسیا و ئۆكراينا پەيوەندييە ساردەكانى توركيا و رۆژئاوا گەرم دەكاتەوە شیکاری

نوچەنێت:

هێرشى رووسيا بۆ سەر ئۆكراينا پاڵنەر بوو توركيا هەڵوێستێكى هاوسەنگى لە نێوان ئەو دوو وڵاتە هەبێت، ئەوەش بووە هۆكارێك پەيوەندیى توركيا و رۆژئاوا بەرەو پێش بچێت.

بەگوێرەى چاودێرانى سياسى توركيا، لەو كاتەوەى ئەردۆغان سياسەتێكى تايبەتى بەرانبەر قەيرانى ئۆكراينا گرتەبەر، وڵاتانى رۆژئاوا پێشوازى گەرميان كرد.

لەدواى هێرشەكانى رووسياش، هەر يەك لە سەرۆك وەزيرانى يۆنان و هۆڵندا و راوێژكارى ئەڵمانيا سەردانى توركيايان كرد، دواتريش فەڕەنسا و توركيا رايانگەياند، "مينبەرى هەماهەنگى نێوانيان بۆ هاوكارى نێوان ئەو سێ وڵاتە كارا دەكەينەوە لە نزيكترين كاتيش كۆدەبنەوە."

بوڕەهانەدين دەوروان، سەرۆكى ناوەندى سيتا رايگەياند، "ئێمە لەبەردەم گۆڕانكارى ستراتيژى پەيوەندى نێوان توركيا و رۆژئاوا داين، بەڵام پرسيارى سەرەكى سەبارەت بە ئەنجامەكانى ئەو دۆخەى ئێستا هەيە."

لەبەشێكى ترى قسەكانى دەوروان ئاشكراى كرد، "خواستێك هەيە سزا سەپێندراوەكانى سەر پيشەسازى سەربازى توركيا هەڵگيرێت، بگەڕێنەوە بۆ گفتوگۆكانى نێوان فەڕەنسا و ئيتاڵيا و توركيا، ئەوەش بەهۆى زيادبوونى رۆڵى توركيا و رۆژهەڵاتى ناوەڕاستە لە پرسى رەوانەكردنى گازى سروشتى بۆ ئەوروپا و ئاساييبوونەوەى پەيوەندى ماكرۆن كە بەرەو هەڵبژاردنى مانگى نيسان دەچێت لەگەڵ  ئەردۆغان، ئاماژەيە بۆ كردنەوەى لاپەڕەيەكى نوێ لەگەڵ فەرەنسا."

لە لايەكى ترەوە ئيدارەى جۆ بايدن، بايەخى گەورە بە فرۆشتن و نوێكردنەوەى فڕۆكەى (ئێف 16) بە توركيا دەدات، هەوڵدەدات كۆنگرێسى وڵاتەكەى بۆ جێبەجێكردنى ئەو گرێبەستە رازى بكات، ئاساييبوونەوەى پەيوەندى نێوان ئەنقەرە و واشنتن پەيوەستە بە ئاڵۆزييەكانى ئەمەريكا، بيرۆكەى ئاساييكردنەوەى پەيوەندييەكانى نێوان ئەو دوو وڵاتە قورسايى خۆى لاى دەنگدەرانى ديموكرات و كۆمارييەكان هەيە، بەڵام هەندێك بۆچوون هەبوو داواى پشتگوێخستنى توركياى دەكرد، ئەوەش وايكرد هاوپەيمانەكانى سزاى توركيا بدات. 

پێشتر سەرۆك كۆمارى توركيا رايگەياند، "خەلوسى ئاكار، وەزيرى بەرگرى توركيا لەگەڵ ئەمەريكا بۆ نوێكردنەوەى فڕۆكەى (ئێف 16) سەرقاڵى گفتووگۆن، بەو جۆرە ئەو قۆناغە ئەرێنيە بەردەوام دەبێت، (سەرۆكى ئەمريكا پێى راگەياندم هەڵوێستى ئەرێنى كۆنگرێس لەسەر ئەو پرسە رادەگەينێم.) ئەگەر گەيشتە ئەنجام ئەوە زۆر بەخێرايى كۆتايى بە نوێكردنەوەى فڕۆكەكان دەهێنين." 

سەبارەت بە سيستەمى بەرگرى (ئێس400)ى رووسى، ئەردۆغان ئاماژەى بەوە كردەوە، "ئێمە لەسەرەتاوە رامانگەياندووە، ئەو بابەتە كۆتايى هاتووە، ئێستاش لەسەر بڕيارى خۆمانين."

سەرۆكى توركيا لە لووتكەى هاوپەيمانى ناتۆ، داواى لەو وڵاتانە كرد، "كۆتوبەندە سەپێندراوەكانى سەر هاوردەكردنى چەك و پێداويستييە سەربازييەكانى توركيا هەڵگرن، چونكە لادانى كۆتوبەندەكان لە بەرژەوەندى ئێمە و هەندێك لە هاوپەيمانەكانمانە."

سەرۆكى سەنتەرى سيتا ئاماژەى بەوەش كرد، "كارێكى نالۆژيكيە توركيا وەك وڵاتانى رۆژئاوا سزا بەسەر رووسيا بسەپێنێت، ئەردۆغان جەختى لەسەر ئەوە كردەوە، لە چوارچێوەى پشتبەستن بەگازى سروشتى وێستگەى (ئۆكۆيۆ) بۆ وزەى ئەتۆمى دەستبەردارى پەيوەندييەكانى لەگەڵ رووسيا نابێت، بۆيە پێويستە وڵاتانى رۆژئاوا رێزى دۆخى تايبەتى توركيا لەبوارى ئابوورى و ئەمنى بگرن، هەروەك پێويستە وا لە توركيا بڕوانن، كە هاوپەيمانێكى سەرەكييە لە ناتۆ، بەردەواميش دەبێت لە دانووستاندنەكان لەگەڵ مۆسكۆ، ئەوەشى لەسەر توركيا پێويستە وەك لايەنێكى متمانەپێكراو بۆ رووسيا بمێنێتەوە دەرچەيەكى گونجاو بۆ شەڕى ئۆكرانيا بدۆزێتەوە."

ئەمەريكا و يەكێتى ئەوروپا جەخت لەسەر ئەوە دەكەنەوە سنوورێك بۆ رووسيا دادەنێنن و ڤلاديمێر پۆتين، سەرۆكى رووسيا لاواز بكەن، وڵاتانى رۆژئاوا هاوكارى پێويستيان بە ئۆكراينا داوە، بۆ ئەوەى رووسيا نەتوانێت هەنگاو بهاوێت، بەشێكى ترى ئەو هاوكاريانە بۆ ئەوەيە رێگە لە شەڕى راستەوخۆى مۆسكۆ و ناتۆ بگرن.

دەوران دەڵێت، "توركيا لە قەيرانى ئۆكراينا سياسەتێكى هاوسەنگى هەيە، سياسەتى ئاساييكردنەوەى پەيوەندييەكانى لەگەڵ ئەمەريكا و وڵاتانى كەنداو و يۆنان و ئسرائيليش دەستپێكردووە، ئامادەشە بەشدار بێت لە گۆڕانكارى ستراتيژى لە پەيوەندييەكانى لەگەڵ وڵاتانى رۆژئاوا."

هيلال كاپڵان نووسەرى تورك رايگەياند، "دواى (10) ساڵ بۆ يەكەمجار سەرۆك وەزيرانى هۆڵندا لە لووتكەى ناتۆ لە برۆكسل لەگەڵ ئەردۆغان كۆبووە، كۆبوونەوەى ئەردۆغان لەگەڵ سەرۆكى فەرەنسا لەگەڵ ئەردۆغان و بۆنس جۆنسۆن، سەرۆك وەزيرانى بەريتانيا، ماريۆ دەراجى، سەرۆك وەزيرانى ئيتاڵيا، بيردۆ سانشيز، سەرۆك وەزيرانى ئيسپانيا، كايا كالاس سەرۆك وەزيرانى ئيستوانيا، بايەخى گەورەيان هەبوو، چونكە تا ساڵێك پێش ئێستا راگەياندنەكانى ئەوروپا وەك بژاردەيەك باسيان لە دوورخستنەوەى توركيا لە ناتۆ دەكرد، بەڵام ئەمڕۆ هەموو لايەك گرنگى توركيايان بۆ دەركەوتووە."

لەبەشێكى ترى قسەكانى ئاماژەى بەوە كرد، "لەو قۆناغەى ئێستا توركيا تاكە وڵاتى ناتۆيە دەتوانێت لەگەڵ مۆسكۆ و كيێڤ گفتوگۆ بكات، هەرچەندە پەيماننامەى مۆنترۆشى جێبەجێكردووە و پێش ئەو هێرشانە چەك و فڕۆكەى بێفڕۆكەوانى بە ئۆكراينا فرۆشتووە، بەڵام رووسيا بە بايەخەوە سەيرى توركيا دەكات، جگە لەوەش لە رێڕەوى وزە و بازرگانى ناتوانێت دەستبەردارى توركيا بێت، هەموو ئەوانە بايەخى گەورەيان هەيە."

كاپڵان جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە، "پەيامەكانى برۆكسل ئاماژەيە بۆ جەختكردنەوەى ناتۆ لەسەر بايەخى ستراتيژى توركيا لەناو ئەو رێكخراوە."

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین