راپرسییه‌ك: ئه‌ورپییه‌كان به‌هۆى تره‌مپه‌وه‌ متمانه‌یان به‌ ئه‌مریكا نه‌ماوه‌ عێراق ناوچەکە و جیهان

راپرسییه‌ك: ئه‌ورپییه‌كان به‌هۆى تره‌مپه‌وه‌ متمانه‌یان به‌ ئه‌مریكا نه‌ماوه‌

نوچه‌نێت

ڕاپرسییەکی بەربڵاو لە ئەوروپا دەری دەخات کە لە ماوەی سەرۆک کۆماری دۆناڵد ترەمپدا، ڕوانگەی ئەوروپییەکان سه‌باره‌ت به‌ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا زۆر گۆڕاوە. سەرەڕای ئەوەی ئەو ڕاپرسییە پێش پەلاماری لایەنگرانی ترەمپ بۆ سەر کۆنگرێسی ئەمریکا ئەنجام دراوە، بەڵام زۆرینەی ئەو کەسانەی پرسیاریان لێکراوە وتوویانە لە ڕوانگەی ئەوانەوە بنیادى سیاسیی ئەمریکا داڕووخاوە.

بە پێی ڕاپۆرتی ڕادیۆى فەڕەنسا، زۆرینەی ئەو ١٥ هەزار هاووڵاتییەی سەربە 11 وڵاتی ئەوروپی کە لەو ڕاپرسییەدا بەشدار بوون لەو بڕوایەدان تا 10 ساڵی تر وڵاتی چین دەکەوێتە پێش ئەمریکا. بۆیە بە هەڵەی دەزانن ئەوروپا لە ڕووی سەربازیی و ئابوورییەوە پاڵ بە ئەمریکاوە بدات.

ئەو ڕاپرسییە بە ئاشکرا دەری دەخات کە قەیرانی متمانەنەکردنی ئەوروپییەکان بە ئەمریکا ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە سیاسەتەکانی ترەمپەوە هەیە: گوشارەکانی ترەمپ بۆ سەر وڵاتانی ئەوروپا بە مەبەستی زیادکردنی بودجەی بەرگری و سەربازی و چوونە دەرەوە لە ڕێککەوتننامەی کەشوهەوای پاریس نموونەی ئەو سیاسەتانن کە بوونەتە هۆی گۆڕانی ڕوانگەی ئەورووپا بۆ ئەمریکا. هەروەها ٥٤٪ی ئەو کەسانەی پرسیاریان لێکراوە بڕوایان وابووە کە بارودۆخی گشتیی جیهان بە هۆی سەرۆكایه‌تى ترەمپەوە خراپتر بووە. لە ناو گەلانی ئەوروپادا، تەنیا هاووڵاتیانی پۆلۆنیا و هه‌نگاریا لەگەڵ ئەو بۆچوونەدا نین.

سەرەڕای ئەوە نزیکەی نیوەی ئەو کەسانەی پرسیاریان لێکراوە بڕوایان وایە پاش گۆڕینی دەسەڵات لە کۆشکی سپی ئەگەری گۆڕانی سیاسەتەکانی ئەمریکا لە ئارادایە. تەنیا نزیکەی ٣٠% دەڵێن دەوڵەتی ئەمریکا بە تەواوەتی تووشی کێشەی ناوخۆیی بووەتەوە و دەرفەتێکی نەماوە بۆ بە دەستهێنانەوەی پێگەی جیهانی خۆی.

بە کورتی ئەنجامی ئەو ڕاپرسییە کە لەسەر داواکاری ناوەندی هزریی ئەنجومەنی ئەورووپایی پەیوەندییە دەرەکییەکان Relations European Council on Foreign ئەنجام دراوە ئەوەیە کە زۆرینەی ئەوروپییەکان پێیان باشترە کە ئەوروپای داهاتوو کەمتر خۆی ببەستێتەوە بە ئەمریکاوە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین