ئەمەريكا ڕەتيدەكاتەوە سوپاى پاسداران لە ليستى تيرۆر دەربهێنێت ئێران

نوچەنێت:

دواى ئەوەى ئێران داواى لە ئەمەريكا كرد سوپاى پاسداران لە ليستى تيرۆر بهێنێتە دەرەوە، نێردەى ئەمەريكا بۆ كۆڕبەندى دەوحە رايگەياند، "ئەمەريكا سوپاى پاسداران لە ليستى تيرۆر ناهێنێتە دەرەوە."

ئەمڕۆ يەكشەممە (27/ئادارى 2022) ماڵپەڕى (ئاڕتى) بڵاويكردەوە رۆبەرت مالى، نێردەى ئەمەريكا بۆ كۆڕبەندى دەوحە رايگەياند، "بەگوێرەى ياساى ئەمەريكا  سوپاى پاسداران لە ليستى تيرۆر دەمێنێتەوە، ئەوەش بەدەرە لە رێككەوتنى ئەتۆمى لەگەڵ ئێران."

لێدوانەکەى ئەو بەرپرسە ئەمەريكيیە لەكاتێكدايە دانوستاندنەكان لەگەڵ ئێران بۆ گەيشتن بە رێككەوتنى ئەتۆمى بەردەوامە، پێشتر حوسێن ئەمير عەبدولهان، وەزيرى دەرەوەى ئێران ئاشكرايكرد، "بە ئەمەريكامان گوتووە، هێشتنەوەى سوپاى پاسداران يەكێكە لە بەربەستەكانى بەردەم رێككەوتنى ئەتۆمى، هەرچەندە فەرماندەكانى ئەو سوپايە داوايان نەكردووە، بەڵام دەمانەوێت ئەمەريكا ئەو بەربەستە بچووكە لەبەردەم ئەم رێككەوتنە لادات."

پێشتر هەوڵێك هەبوو ئەمەريكا سوپاى پاسداران لە ليستى تيرۆر بێنێتەدەرەوە، ئەو هەوڵە دەسەڵاتدارانى ئيسرائيلى نيگەران كردبوو، هەر زوو هۆشدارييان دايە ئيدارەى بايدن، هەر هەنگاوێكى لەو جۆرە مەترسى بۆ سەر ئاسايشى ئيسرائيل دروست دەكات.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین