یه‌كه‌م پڕۆژه‌ى یاسا له‌ په‌رله‌مانى عێراق رووبه‌ڕووى ره‌خنه‌ ده‌بێته‌وه‌ کوردستان- عێراق

نوچه‌نێت

په‌رله‌مانى عێراق خه‌ریكى په‌سه‌ندكردنى یاساى پاڵپشتى له‌ناكاوى ئاسایشى خۆراكه‌ و ئه‌م یاسایه‌یش رووبه‌ڕووى ره‌خنه‌یه‌كى زۆر ده‌بێته‌وه‌.

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 28 ى ئادارى 2022 چه‌ندان په‌رله‌مانتار ره‌خنه‌یان له‌ پڕۆژه‌ یاساى پاڵپشتى له‌ناكاوى ئاسایشى خۆراك گرتووه‌، كه‌ رۆژى شه‌ممه‌ى رابردوو خوێندنه‌وه‌ى یه‌كه‌مى بۆ كرا و ئه‌مڕۆیش له‌ لایه‌ن لیژنه‌ى دارایى په‌رله‌مانى عێراق به‌ ئاماده‌بوونى محه‌مه‌د حه‌لبووسى سه‌رۆكى په‌رله‌مان تاوتوێ كرا بۆ ئه‌وه‌ى خوێندنه‌وه‌ى دووه‌مى بۆ بكرێت و په‌سه‌ند بكرێت. 

بڕیاره‌ رۆژى چوارشه‌ممه‌ى داهاتوو له‌ په‌رله‌مانى عێراق میواندارى وه‌زیرانى دارایى، كاره‌با، پلاندانان، كشتوكاڵ، كار، بازرگانى و پارێزگارى بانكى ناوه‌ندى بكرێت، بۆ ئه‌وه‌ى له‌ تاوتوێكردنى پڕۆژه‌ یاساكه‌ به‌شدار بن.

ماڵپه‌ڕى شه‌فه‌ق نیوز بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، یاساكه‌ رووبه‌ڕووى ره‌خنه‌ى په‌رله‌مانتاران بووه‌ته‌وه‌، به‌ هۆى ئه‌وه‌ى پێیانوایه‌ پاره‌ى گه‌نجینه‌ى ده‌وڵه‌ت خاڵى ده‌كات. عه‌بدولئه‌میر مه‌یاحى په‌رله‌مانتارى شارى به‌سڕه‌ له‌ لێدوانێكى بۆ ماڵپه‌ڕى به‌غداد توده‌ى ره‌خنه‌ى له‌ یاساكه‌ گرتووه‌، چونكه‌ یه‌كێك له‌ بڕگه‌كانى باسى قه‌رزكردنى ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ ده‌كات و له‌گه‌ڵئه‌وه‌شدا ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ ده‌ڵێ، "بودجه‌یه‌كى گه‌وره‌ى بۆ ته‌رخان ده‌كرێت كه‌ هاوشێوه‌ى بودجه‌ى گشتییه‌".

كه‌چى ئاژانسى هه‌واڵى عێراق راگه‌یێندراوێكى حه‌سه‌ن كه‌عبى سه‌رۆكى لیژنه‌ى دارایى په‌رله‌مانى بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ ده‌ڵێ، "بڕگه‌ى قه‌رز له‌ یاساكه‌ لابردراوه‌ و ته‌واوى قه‌باره‌ى پاره‌ى ته‌رخانكراو له‌ 25 ترلیۆن دینار تێپه‌ڕ ناكات".

له‌ كاتێكدا به‌هۆى شه‌ڕى ئۆكرانیا و رووسیاوه‌ جیهان مه‌ترسى برسێتى و گرانبوونى نرخى خۆراكى له‌سه‌ره‌، به‌رپرسانى عێراق ده‌یانه‌وێ به‌م یاسایه‌ ئاسایشى خۆراك له‌ وڵاته‌كه‌یان بپارێزن.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین