ڕۆڵى فڕۆكەى بێفڕۆكەوانى توركى لەشەڕى ئۆکراینا و ڕووسیا دا شیکاری

نوچەنێت:

ماڵپەڕى (گۆلف ستيتس نيوز ليتر) لە راپۆرتێكى ئاماژە بەوە دەكات، لەدواى ئەو سەركەوتنانەى فڕۆكەى بێفڕۆكەوانى توركيا لە هێرشەكانى رووسيا بۆ سەر ئۆكراينا بەدەستى هێناوە، وادەكات خواست لەسەر ئەو جۆرە فڕۆكە  زيادى بێت، ئەوەش وادەكات وڵاتانى رۆژهەڵاتى ناوڕاست و باكوورى ئەفريقيا ئەو جۆرە فڕۆكە لە توركيا بكڕن، پێشتريش قەتەر و عێراق و سەڵتەنەى عومان داوايان كردبوو، لە لايەكى تريشەوە سعوودى دەيەوێت ئەو جۆرە فڕۆكە لە توركيا بكڕێت.

بەگوێرەى ڕاپۆرتێکى ئەو ماڵپەڕە، فڕۆكەى بەيرەكدارى توركى لە ليبيا رۆڵى يەكلاكەرەوەى بينى، ئەوەش وايكرد تەرازووى هێز لە بەرژەوەندى حكومەتى تەرابلوس يەكلا بێتەوە و هێزەكانى حەفتەر لە رۆژهەڵات تێكبشێكنێت، دواتريش لە (2020) رۆڵى يەكلاكردنەوەى شەڕى ئەرمينا و ئازەربايجان بينى.

لە (2019) ئۆكراينا گرێبەستى دروستكردنى فڕۆكەى بێفڕۆكەوانى بە هاوبەشى لە كيێڤى بايتەخت لەگەڵ توركيا واژۆ كرد.

لە مانگى ئەيلوولى رابردوو ئەندرى تاران، وەزيرى بەرگرى توركيا و خەلوق بەيرەكدار، بەڕێوەبەرى جێبەجێكارى كۆمپانياى سەربازى و فڕۆكەوانى گرێبەستێكى لێكتێگەيشتنيان بۆ دروستكردنى ناوەندى چاكردنەوە و راهێنانيان  لەسەر فڕۆكەى بێفڕۆكەوان لە ئۆكراينا واژۆكرد. 

ساڵى رابردوو، رەجەب تەيب ئەردۆغان ئاشكرايكرد، وڵاتى سعووديە دەيەوێت فڕۆكەى بێفڕۆكەوان لە توركيا بكڕێت.

لە مانگى ئازارى ئەمساڵ لە پێشەنگاى سەربازیى جيهان كە لە رياز بەرێوەچوو، كۆمپانياى پيشەسازى سەربازیى سعووديە گفتوگۆى لەسەر بەرهەمهێنانى فڕۆكەى بەيرەكدار كردووە، بەڵام تا ئێستا توركيا هيچ لێدوانێكى فەرمى لەسەر ئەو بابەتە نەداوە.

لە لايەكى ترەوە بەرپرسێكى بەريتانى كە سەرپەرشتى كاروبارى سەربازى سعووديە دەكات، بە ماڵپەڕى (گۆڵف)ى رايگەياند، "لە ساڵى رابردوو سعووديە سێ فڕۆكەى بەيرەكدارى بۆ تاقيكردنەوە لە توركيا وەرگرتووە، بۆ ئەوەى هەڵسەنگدان بۆ تواناى ئەو فڕۆكەيە بكات."

لەسەر بەكارهێنانى فڕۆكەى بەيرەكدارى توركى لە شەڕەكانى ئۆكراينا، ئۆليكسى ريزنيكۆڤ، وەزيرى بەرگرى ئەو وڵاتە رايگەياند، "لە  (2019) لەسەر داواى هێزە ئاسمانييەكانى وڵاتەكەمان، كۆمپانياى بەيرەكدارى توركى فڕۆكەى جۆرى (TB-2) پێداين، هەروەها لە ساڵى رابردووش شەش فڕۆكەى تريان پێداوين."

سەبارەت بەو فڕۆكانە يافوز سەليم كيران، جێگرى وەزيرى دەرەوەى توركيا رايگەياند، "پێدانى فڕۆكەى بێفڕۆكەوانى توركى بە ئۆكراينا، لە كۆتايى مانگى رابردوو بەگوێرەى گرێبەستى بازرگانى بووە، فڕۆكەكان لە رێگەى فڕۆكەى خانەى رزيسۆف لە پۆڵنداوە گوازرايتەوە بۆ ئۆكراينا."

يەكێك لە تايبەتمەندييەكانى فرۆكەى بەيرەكدارى توركى ئەوەيە، رادار ناتوانێت بيبينێت، سيستەمى كۆنتڕۆڵكردنى لە بازنەيەكى فراوانى جۆراوجۆر كاردەكات، تواناى خۆپاراستنى لە سيستەمى شەڕى ئەليكترۆنى رووسيا هەيە.

لە ماوەى رابردوو ئاژانسى هەواڵى ئۆكراينا بڵاويكردەوە، فڕۆكەى بەيرەكدارى توركى (80) ئامێرى سەربازیى رووسى لە بەرەى سۆمى لە رۆژهەڵاتى سنوورى رووسيا و ئۆكراينا تێكشكاندووە.

رووداوەكانى شەڕى ئۆكراينا دەريخست، فڕۆكەى بەيرەكدار بە هەموو جۆرەكانى، تواناى سەركەوتنى نوێى هەيە، ئەوەش ناوبانگێكى باشى لە بازاڕى چەك بۆ پەيداكردووە، پێگەى خۆى وەك چەكێكى نوێ لە شەڕەكانى ئەفريقيا و ئاسيا و ئەوروپا سەلماندووە.

سەبارەت بە هەڵوێستى رووسيا ديمترى بيسكۆڤ، وتەبێژى كرملين رايگەياند، "فرۆشتنى فڕۆكەى بەيرەكدارى توركى بە سوپاى ئۆكراينا تووشى دڵەڕاوكێى كردووين، ئەگەرى هەيە ببێتە زيادبوونى ململانێكان لە ناوچەى دونباس."

تيچووى فرۆكەى بەيرەكدار نزيكەى پێنج مليۆن دۆلارە، دەتوانێت ماوەى (27) كاتژمێر لە ئاسمان بمێنێتەوە، لە كاتژمێرێك (222) كيلۆمەتر ببڕێت، بەهۆى تواناكانى ئۆكراينەكان لەو شەڕەى ئێستايان چەندين كاروانى رووسييان بەو فڕۆكانە تێكشاندووە، بەوەش توانيويانە رێگە پێشڕەويەكانى سوپاى رووسيا بگرن. 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین