توركیا هێرشی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی بۆسەر رۆژهەڵاتی باكووری سووریا زیادكردووە شیکاری

نوچەنێت:

لە چەند رۆژی رابردوو فڕۆكەی بێفرۆكەوانی توركیا هێرشەكانی بۆ سەر ناوچەكانی باكووری رۆژهەڵاتی سووریا زیاتر كردووە، لە هێرشەكانی بەرپرس و ئەندامانی هێزەكانی (هەسەدە)ى کردە ئامانج، هەروەها دوێنێ دووشەممە فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی توركیا دووبارە بنكەی هێزە ئەمنییەكانی هەسەدە  سەر بە ناوچەی زركانی بۆردوومان كردوو سێ كارمەندی ئەو بنكەی بریندار كرد.

لە سەرەتا ئەم هەفتەیەش ئۆرم مارۆكی، ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی سەربازی هەسەدە لە شارۆچكەی تەلتەمەر لە رێگەی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان لە ناو ئۆتۆمبێڵەكەی كرایە ئامانج و بریندار بوو.

لە لایەكی ترەوە هێزەكانی هەسەدە رایگەیاند، "ئەو هێرشانە ئاماژەن بۆ زیاتر ئاڵۆزبوونی دۆخۆی ناوچەكە، چونكە لەپاڵ فڕۆكەی بێفڕۆكەوان توركیا بەردەوام بە مووشەك بۆردوومانی عەین عیسا و ناوچەكانی رێگەی نێودەوڵەتی (ئێم 4) دەكات."

باسم لعومەر، وتەبێژی ئەنجومەنی سەربازی تەلئەبیەزی سەر بە (هەسەدە) رایگەیاند، "پێویستە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەڵوێستی هەبێت بەرانبەر بۆردوومانی شاروشارۆچەكانمان لەلایەن توركیاوە."

ئەو هێرشانەی توركیا لە چەند رۆژژی رابردوو ئەنجامی داوە تەكتیكێكی نوێیە، ئەوەش بۆتە مایەی پرسیار و مەترسی لە لایەن هێزە كوردییەكان، چونكە بە گوێرەی ئاماری هێرشەكانی چەند رۆژی رابردوو توركیا لە رێگەی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان هێرشەكانی زۆر زیادكردووە بەڵام تا ئێستا چارەنووسی ئەو هێرشانە روون نییە، كە ئایا ئەمە رێگە خۆشكردنە بۆ هێرشی سەربازی، یاخود لە چوارچێوەی ستراتیژیەتێكی نوێیە، بۆ بەدەستهێنانی دەستكەوتی سیاسی ئاسانترە، لەسەر ئاستی رێككەوتنە نێودەوڵەتییەكانی لەسەر ئەو ناوچانە كراوە بەربەستی كەمترە.

موهەند حافز ئۆغلۆ، ئەكادیمی و لێكۆڵەری سیاسی رایگەیاند، "نزیكەی دوو ساڵە ئەو تەكتیكەی توركیا بەشێوەیەكی سەرەكی لە ناوچەكانی سنووری عێراق و سووریا بەكاری دەهێنا، چونكە تێچووی دارایی كەمترە لەرووی دەروونیشەوە كاریگەری لەسەر هێزەكانی بەرانبەر توركیا لەو ناوچانە زیاترە."

لە لایەكی ترەوە باز بەكاری، رۆژنامەنووسی سووری رایگەیاند، "توركیا هەوڵدەدات سوود لە دۆخی ئۆكراینا وەربگرێت، بۆیە دەستی بە جێبەجێكردنی هێرشی سنوورداری فڕۆكەی بێفڕۆكەوان كردووە، ئەو تاكتیكەی توركیا شتێكی نوێ نییە." 

بەكاری پێی وایە، دوای ئەوەی توركیا لە ساڵی رابردوو نەیتوانی رەزامەندی رووسیا بۆ هێرشی فراوان بۆ سەرێ كانی بەدەست بهێنێت، ئەمجارە پەنای بردۆتە بەر ئەم جۆرە هێرشانە.

توركیا تا ئێستا هەوڵدەدات مەترسییەكان لەسەر سنووری وڵاتەكەی لەگەڵ سووریا دووربخاتەوە، هەرچەند پێشتر رووبەرێكی فراوانی لە سەرێ كانی و تەلئەبیەزی لە (2019) داگیركردووە، بەڵام تا ئێستا بەو رووبەرە رازی نین. 

ئەو رۆژنامە نووسە ئاشكرایكرد، "توركیا بۆ ئەنجامدانی بە ئامانجگرتنی بەرپرسانی هێزەكانی هەسەدە سوودی لە سیخورەكانی خۆی لە ریزی ئەو هێزە كوردییە بینیووە، کە زانیاری لەسەر بەرپرسە سەربازییەكانی هەسەدە دەدەنە توركیا."

ئەو هێرشانەی توركیا بەڵگەن لەسەر ئەوەی تا ئێستا رووسیا و ئەمەریكا رەتیدەكەنەوە رێگە بە هێرشی سەربازی توركیا بدەن، بەڵام ئەنقەرە دەیەوێت سوودی زیاتر لە قەیرانی ئۆكراینا وەربگرێت، بەگوێرەی قسەكانی باز مۆسكۆ و واشنتن رێگریان لە هێرشی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی توركیا بۆ سەر بەرپرسانی هەسەدە نییە، ئەوەش بۆ رازیكردنی توركیایە.

هەر سەبارەت بەو هێرشانە حافز ئۆغلۆ پێیوایە "هێرشی سەربازی كاتی زۆری دەوێت، بەڵام ئەو جۆرە هێرشە كاتێكی كەمی دەوێت، توركیاش دەیەوێت لە رێگەی ئەو هێرشانەوە بۆ دۆسیەكانی تر سوود وەربگرێت."

سەبارەت بە ئامانجگرتنی بەرپرسانی سەربازی، ئۆغلۆ جەختی لەسەر ئەوە كردەوە، "ئەو هێرشانەی توركیا بەڵگەیە لەسەر بەهێزی هەواڵگری توركیا، بە پشتبەستن بەو شێوازە توركیا دەتوانێت چارەسەری ئەو هەڕەشانەی رووبەرووی دەبنەوە بكات، لە هەمانكاتیش پەیامی ئەوە دەدات بە ناوچەكە و جیهان، كە توركیا دەتوانێت چارەسەری هەڕەشە ئەمنییەكان بكات."

هەر سەبارەت بەو هێرشانە شێرڤان دەروێش، وتەبێژی ئەنجومەنی سەربازی مەنبەجی سەر بەهێزەكانی هەسەدە رایگەیاند، "توركیا هێرش دەكاتە سەر هەموو ناوچەكانی باكووری سووریا، هۆكارەكەشی ئەوەیە دۆخی سیاسی ئێستا بۆ توركیا یارمەتیدەر نییە هێرشی فراوانی سەربازی بكاتە سەر سووریا بۆیە  هێرشە ئاسمانییەكانی لە رێگەی بێفڕۆكەوان فراوانتر كردووە."

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین