گه‌نم... كۆڵه‌گه‌ى سه‌ره‌كى ئاسایشى خۆراك له‌ عێراق شیکاری ئابوری

نوچه‌نێت

حكومه‌تى عێراق كه‌وتووه‌ته‌خۆ بۆ دابینكردنى دوو ملیۆن تۆن گه‌نم، بڕیاریشى داوه‌ هاورده‌كردنى خۆراك كراوه‌ بكات، وه‌زاره‌تى بازرگانیش رایگه‌یاندووه‌ به‌ لایه‌نى كه‌مه‌وه‌ هه‌وڵى دابینكردنى دوو ملیۆن تۆن گه‌نم ده‌ده‌ن.

له‌گه‌ڵ شه‌ڕى ئۆكرانیا و رووسیا مه‌ترسى قه‌یرانى خۆراك له‌ چه‌ندان وڵات دروست بووه‌، چونكه‌ ئه‌م دوو وڵاته‌ به‌ سه‌رچاوه‌یه‌كى به‌رهه‌م هێنانى گه‌نم داده‌نرێت، بۆ چه‌ندان وڵاتى تر له‌وانه‌ عێراق. بۆیه‌ به‌ هه‌ڵگیرسانى شه‌ڕه‌كه‌ ئه‌و وڵاتانه‌ هه‌ر یه‌كه‌یان پلانێكى داناوه‌، بۆ ئه‌وه‌ى خۆى بۆ هه‌ر قه‌یرانێك ئاماده‌ بكات و بتوانێ له‌ حاڵه‌تى روودانى، ئه‌گه‌ر بۆ ماوه‌یه‌كى كه‌میش بێت ئه‌وا خۆى رابگرێت.

پێشبینى ده‌كرێت به‌رهه‌م گه‌نمى عێراق
به‌ بڕى ملیۆنێك له‌ ساڵانى رابردوو كه‌متر بێت
 

له‌ عێراق كۆمه‌ڵێك بڕیار دراوه‌ و په‌رله‌مانیش سه‌رقاڵى ئاماده‌كردنى پرۆژه‌ یاسایه‌كه‌ سه‌باره‌ت به‌ ئاسایشى خۆراك، به‌ڵام ئه‌وه‌ى وه‌زاره‌ته‌كانى عێراق سه‌رنجیان خستووه‌ته‌ سه‌ر دابینكردنى گه‌نمه‌. ئاژانسى هه‌واڵى عێراق ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ شه‌شى نیسانى 2022 بڵاویكردووه‌ته‌وه‌ حه‌یده‌ر مه‌جید گوته‌بێژى ئه‌میندارى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى عێراق له‌ كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌وانى كۆمه‌ڵێك بڕیارى راگه‌یاندووه‌، له‌وانه‌ بۆ ماوه‌ى سێ مانگ رێگه‌ به‌ هاورده‌كردنى ته‌واوى خۆراكه‌كان ده‌درێت، جیا له‌وه‌یش ده‌بێت تا مانگى حوزه‌یران شایسته‌ داراییه‌كانى جووتیاران بدرێت، هێزه‌ عێراقییه‌كان چاودێرى بازار ده‌كه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ى بازرگانان یارى به‌ نرخه‌كان نه‌كه‌ن، له‌گه‌ڵ چه‌ندان بڕیارى تر كه‌ به‌ بڕواى به‌رپرسانى عێراق ئه‌و بڕیارانه‌ ده‌توانن ئاسایشى خۆراك دابین بكه‌ن.

به‌گوێره‌ى ئه‌و زانیارییانه‌ى وه‌زاره‌تى بازرگانى عێراق بڵاویكردوونه‌ته‌وه‌، عێراق هه‌وڵ ده‌دات بڕى دوو ملیۆن تۆن گه‌نم دابین بكات، ماڵپه‌ڕى cnbc عه‌ره‌بى بڵاویكردووه‌ته‌وه‌ وه‌زاره‌تى بازرگانى عێراق ده‌یه‌وێ  دوو ملیۆن تۆن گه‌نم دابین بكات، بۆ ئه‌وه‌ى وه‌ك عه‌مبارێكى ستراتیژى بێت بۆ ماوه‌ى شه‌ش مانگ.

ماڵپه‌ڕه‌كه‌ باسى له‌وه‌ كردووه‌ پێشتر له‌ 22ى ئادارى ئه‌مساڵ وه‌زاره‌تى بازرگانى عێراق رایگه‌یاندبوو یه‌ده‌گى گه‌نمى عێراق به‌شى سێ مانگ ناكات. سه‌باره‌ت به‌ پاره‌كه‌یش باس له‌وه‌ كراوه‌ نزیكه‌ى 100 ملیۆن دۆلار بۆ كڕینى گه‌نم ته‌رخان ده‌كرێت. 

ئه‌و دوو ملیۆن گه‌نمه‌ى هاورده‌ ده‌كرێت
به‌كارناهێنرێت

ئه‌مڕۆ محه‌مه‌د حه‌نوون به‌ڕێوه‌به‌رى كۆمپانیاى گشتى عێراق بۆ بازرگانى دانه‌وێڵه‌ له‌ لێدوانێكى رۆژنامه‌وانى كه‌ له‌ په‌یجى فه‌رمى وه‌زاره‌تى بازرگانى له‌ تۆڕى كۆمه‌ڵایه‌تى فه‌یسبووك بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، ئاشكراى كردووه‌ له‌ هه‌ینى رابردووه‌وه‌ و تا ئێستا 39 هه‌زار تۆن گه‌نم له‌ به‌نده‌ره‌كانى به‌سڕه‌ و وه‌رگیراون و له‌ پارێزگاكان عه‌مبار ده‌كرێت. حه‌نوون دووپاتى كردووه‌ته‌وه‌ بڕه‌ گه‌نمه‌كه‌ له‌ ئوسترالیاوه‌ هاورده‌ كراوه‌ و به‌ خێراییه‌كى زۆر له‌ عێراق داده‌گیرێن.

جگه‌له‌ وه‌زاره‌تى بازرگانى، وه‌زاره‌تى كشتوكاڵى عێراق ئه‌مڕۆ دڵنیایى له‌ دابینكردنى گه‌نم ده‌دات و پێشبینیش ده‌كات به‌روبومى دانه‌وێڵه‌ى ئه‌مساڵ باش بێت. حه‌مید نایف گوته‌بێژى وه‌زاره‌ته‌كه‌ له‌ لێدوانێكى بۆ ماڵپه‌ڕى به‌غداد توده‌ى عێراقى ده‌ڵێ، "هێشتا گه‌نمى ناوخۆ خۆراكى گه‌لى عێراقه‌، ئه‌و پرۆسه‌ى هاورده‌كردنه‌ كه‌ وه‌زاره‌تى بازرگانى پێی هه‌ڵساوه‌، وه‌ك عه‌مبارێكى ستراتیژى وڵات داده‌نرێت".

حه‌مید نایف له‌ به‌شێكى ترى لێدوانه‌كه‌ى ده‌ڵێ، "ته‌نیا مانگێگ ماوه‌ بۆ وه‌رزى دروێنه‌، پێشبینى ده‌كرێت بڕى به‌رهه‌م له‌نێوان دوو ملیۆن و 500 هه‌زار تۆن تا سێ ملیۆن تۆن گه‌نم بێت، ئه‌مه‌یش به‌ له‌به‌رچاوگرتنى بارودۆخى كه‌شوهه‌وا و وشكه‌ساڵى به‌ بڕێكى باش داده‌نرێت".

وه‌زاره‌تى كشتوكاڵى عێراق له‌ ساڵى رابردوو 2021 راگه‌یاند، عێراق به‌شى خۆى گه‌نمى به‌رهه‌م هاتووه‌ و زیاتر له‌ سێ ملیۆن تۆن بووه‌. ئه‌و كات وه‌زاره‌تى كشتوكاڵ گوتى، "ئه‌وه‌ سێیه‌م ساڵه‌ عێراق پێداویستى خۆى له‌گه‌نم به‌رهه‌م ده‌هێنێ و پێویستى به‌ هاورده‌كردن نابێت، چونكه‌ له‌ ساڵى 2020 به‌رهه‌مه‌كه‌ى چوار ملیۆن و 500 هه‌زار تۆن بوو، له‌ ساڵى 2019یش  چوار ملیۆن و 700 هه‌زار تۆن بوو.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین