گوته‌بێژى كازمى وه‌زاره‌تى به‌رگريى عێراق تووڕه‌ ده‌كات عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

وه‌زاره‌تى به‌رگريى عێراق دژى ناوه‌ڕۆكى به‌رنامه‌یه‌كى ته‌له‌ڤزیۆنى ئه‌حمه‌د مولا ته‌ڵاڵ ده‌وه‌ستێته‌وه‌، كه‌ رۆژنامه‌نووسێكى ناسراوى عێراقه‌ و پێشتر گوته‌بێژى مسته‌فا كازمى سه‌رۆك وه‌زیران بووه‌، به‌ هۆى ئه‌وه‌ى له‌ پرۆگرامه‌كه‌ به‌ شێوازێكى كۆمیدى باس له‌ گه‌نده‌ڵییه‌كانى وه‌زاره‌ته‌كه‌ ده‌كرێت.

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ شه‌شى نیسان، ماڵپه‌ڕى كه‌ناڵى ئه‌لعه‌ره‌بیه‌ بڵاویكردووه‌ته‌وه‌ له‌ عێراق "هه‌رایه‌ك" سه‌رى هه‌ڵداوه‌ به‌ هۆى به‌رنامه‌یه‌كى ته‌له‌ڤزیۆنى كه‌ به‌ شێوازێكى كۆمیدى هێرشى كردووه‌ته‌ سه‌ر وه‌زاره‌تى به‌رگريى عێراق  و باسى گه‌نده‌ڵییه‌كانى كردووه‌.

به‌رنامه‌كه‌ له‌ لایه‌ن ئه‌حمه‌د مولا ته‌ڵاڵ پێشكه‌ش ده‌كرێت، كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ كه‌سه‌ نزیكه‌كانى كازمى و رۆژنامه‌نووسێكى ناسراوی عێراقه‌ و پێشتریش ماوه‌یه‌كى زۆر گوته‌بێژى حكومه‌ته‌كه‌ى كازمى بوو. ئه‌و كه‌ناڵه‌یش كه‌ به‌رنامه‌كه‌ى په‌خش كردووه‌، یوتیڤییه‌ "UTV" كه‌ خاوه‌نه‌كه‌ى خه‌میس خه‌نجه‌ره‌ ئه‌ویش سه‌رۆكى هاوپه‌یمانى سه‌روه‌رییه‌ "سیاده‌" ئێستا هاوپه‌یمانه‌ له‌گه‌ڵ ره‌وتى سه‌در و پارتى.

له‌ پرۆگرامه‌كه‌ میواندارى ئه‌یاد تائی ئه‌كته‌ر كۆمیدى عێراق كراوه‌، جلى سه‌ربازى پۆشیوه‌ و به‌ شێوازێكى كۆمیدى باس له‌ یه‌كه‌ یه‌كه‌ى گه‌نده‌ڵییه‌كانى وه‌زاره‌تى به‌رگريى عێراق و  سوپاى عێراق ده‌كات. بۆیه‌ ده‌سته‌ى راگه‌یاندن و په‌یوه‌ندییه‌كانى عێراق بڕیارى وه‌ستاندنى به‌رنامه‌كه‌ى دا به‌ هۆكارى ئه‌وه‌ی گوایه‌ "مه‌ترسى ده‌خاته‌ ناو سوپاى عێراق و یه‌كگرتوویه‌كه‌ى له‌ گۆڕه‌پاندا".

ده‌سته‌كه‌ داواى له‌ رۆژنامه‌نووس و كه‌ناڵه‌كه‌یش كردووه‌، داواى لێبوردن بكه‌ن، كه‌چى هه‌ردووكیان ئه‌و داوایه‌یان ره‌تكردووه‌ته‌وه‌.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین