ئایا بزووتنەوەی ژنان لە کوردستان هەیە؟ بیروڕا

بەهرە حەمەڕەش

دوای کەوتنی کۆستنتینیە/ 1453، هەروەها کە ماکیاڤیلی پەرتوکی ("میر ــ The Prince/ 1513") نوسی و دروستبوونی چاپخانەی "گوتنبێرگ ــ Gutenberg/ 1453 ئەڵمانیا". سەرباری تاکگەرایی و کارگەی بچووک سەرەتایەکی دروستکرد، بۆ سەرهەڵدانی رێنسانس و کرانەوەی عەقڵی مرۆڤی ئەوروپی. سەرهەڵدانی بزووتنەوەی ژنان لە جیهانی مۆدێرن نزیکەی 200 ساڵ دەبێت، ئەمەش پرسیارێکمان لا دروست دەکات. ئایا بۆچی دوای رێنیسانسی ئیتاڵی، نزیکەی 300 ساڵە، ئەوجا بزوتنەوەی ژنان لە جیهان دروستبوو؟ کەواتە ئەوە پێمان دەڵێت، پێش ئەوەی پیاو لە عەقڵێکی کۆنەپەرست رزگار بێت، ژنان نەیانتوانی هیچ بزووتنەوەیەک بکەن! لە روانگەی چۆنێتی سەرهەڵدانی بزووتنەوەی ژنانی رۆژئاوا، دەتوانین پرسیار لە سەر سەرهەڵدانی بزوتنەوەی ژنانی کوردستان بکەین، گەلۆ پەیدابوونی بزووتنەوەی ژنانی کوردستان لە دەرئەنجامی زەمینەسازی گونجاو و دروست سەریهەڵداوە؟ دیارە وەڵامدانەوەی ئەم جۆرە پرسیارانە، رەوش و گرفتی ئەمڕۆی ژنانی کورد، بەرچاو دەکات.

ئەم پرۆسە مێژووییە، بووە هۆی رەخساندنی بوار بۆ دروستبوونی خەباتی ژنان لە جیهاندا، کە لە جیاکارییەکی ترسناک و چەوساندنەوەی ژن لە سەر بنەمای رەگەز هەبوو. واتە دوای رێنسانس ژینگەیەکی لە بار و تەندروست هاتەکایەوە، کە لە ئەنجامی کۆمەڵێک ریفۆرم و شۆڕش لە بوارە جیاجیاکانی ژیاندا.

ئەو چەمک و دیاردە کۆمەڵایەتییانەی، کە بەرهەمی شۆڕش و فکری وڵاتانی پێشکەوتوون و هاوردەکراون بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، چونکە بەرهەمی عەقڵی کۆمەڵگەکانی ئەم ناوچەیە نین. وەک پێویست و بەشیوەیەکی دروست مامەڵەیان لە گەڵ ناکرێت وەک (رێکخراو، پارت، دیموکراسی، حزب و دەوڵەت) بەشێوەیەکی هەڕەمەکی هێنراونەتە ژیانی ئەم کۆمەڵگایانە. 

فیمینیزم چەمکێکی ترە کە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، تەنیا وەک چەمک هاتووە لە واقیعدا نە بزووتنەوە و نە فەلسەفە و فکری ئەم بزووتنەوەیە، وەک خۆی مامەڵەی لە گەڵ نەکراوە. روونتر دەتوانین بڵێین چۆن هەموو چەمکەکان بەجۆرێک لە جۆرەکان ئەتککراون، فیمینیزمیش بەهەمان شێوە، زۆرکەس هەستیاری بەبیستنی خودی چەمکەکەش هەیە، بەبێ تێگەیشتن لە مانا و دەلالەتی. 

ئەم ناحاڵی بوونە نەک هەر لە سەر ئاستی رەگەزی نێر، بەڵکو زۆرێک لە ژنان بەوانەشەوە، کە خۆیان بەداکۆکیکار لە مافەکانی ئافرەتان دەزانن، هێشتا تیگەیشتن و بینینی دروستیان بۆ بزووتنەوەی فیمینیزمی نییە. هەربۆیەش تا ئێستا خاوەنی پرەنسیپێکی مرۆیی بارگاوی بەم چەمک و فکرە نین، بەڵكو نەیانتوانیوە بەسود وەرگرتن لە خەبات و ئاستەنگەکانی ئەم بزووتنەوەیە لە جیهان لە گەڵ سیستەم و کلتوری کۆمەڵایەتی کوردستان بیگونجێنن. 

ئەوەی لە کوردستان هەیە لە کاری رێکخراوەیی زیاتر نییە، تا ئێستا بزووتنەوەیەکی ژنانی رێکخراو پابەند بەفکر و فەلسەفەی فیمینیزمی نییە، ژنانیش وەک پیاوان شوێن بەرژەوەندییەکانیان کەوتوون و نەیانتوانیوە پرسە مرۆییەکان بخەنە پێش پرۆسە حزبییەکەوە هەموویان بەجۆرێک لە جۆرەکان وابەستەبوونێکیان بەحزب و کەسایەتییە سیاسییەکان هەیە. لە کاتێکدا حزبە سیاسییەکان حزبی پیاوانە و نێرسالارن و نەیانتوانیوە خۆیان لەو سیما خێڵەکییە رزگار بکەن، کە نەک هەر ژن، بەڵکو مۆتەکەی زۆر لە پیاوانی ئازادیخوازیشە، چونکە لە عەقڵیەتی خێڵدا زیاتر گرنگی و سەرنج لە سەر روکەشە نەک ناوەرۆک، بۆیەش دەبینین حزبەکان بەشێکی زۆر لە ژنان تەنیا وەک دیکۆر دەبەنە ناوەند و ئۆرگانی جیاواز، لە بەرئەوەی بڵێن ئێمە کۆمەڵگەیەکی ئازادین و ژنانیش لە ناو حزب و رێکخراوەکانماندا هەن.

لە کلتوری خێڵدا حزبەکەت، ئاینەکەت، ئایدۆلۆژیا و رەگەزەکەت باشترینن. حزبەکان دیوەخانێکی مۆدێرنن و ناویان گۆڕاوە، ئەرک و بەرپرسیارێتی ژن لەم دیوەخانەدا جێگای نییە. ئەمە بۆ وڵاتانی ناوچەکە بەگشتی راستە، ژنان تەنیا وەک روکەش دەبرێنە پێگەی بەرپرسیارێتی، لە بەرئەوەی ئاستی تێگەیشتنی ئەم ژنە هەڵبژێردراوانەی، کە بەئەجێندا و عەقڵیەتی پیاو هەڵبژێردراون، لە روکەش رەتی نەداوە، ناتوانن کار لە سەر شتی جەوهەری بکەن، ئیشیان لە مۆدێلاتی ئۆتۆمبیل و جل گۆڕین و جوانکاری دەربازنەبووە، چونکە لە بنەمادا ئەم ژنانە عەقڵیان ئازاد نییە. ئەوان هێشتا خۆیان بە پلەدووی کۆمەڵگە و ئامرازی دڵخۆشی پیاوان دەبینن. 

بزووتنەوەی فیمینیزم لە جیهان، توانی کار لە سەر سیستەمی پەروەردە بکات و لە سیستەمێکی نێرسالارییەوە بیگۆڕن بە سیستەمێکی مرۆیی، چونکە کاتێک تاکی تەندروست پەروەردەکرا، خێزانی تەندروست و لەوێوە بۆ کۆمەڵگەی تەندروست دەچێت. 

ئایا ئەو ژنانەی خۆیان بە داکۆکیکار لە رەگەزەکەیان دەزانن، تا ئێستا چ فشارێکیان بۆ بەرنامەیەکی مرۆیی لە سیستەمی پەروەردەدا هەبووە؟ چەند کاریگەرییان لە سەر گوتاری سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئاینی هەبووە؟ چەند چاودێربوون بەسەر جێبەجێکردنی ئەو یاسایانەی، کە لە بەرژەوەندی خێزان و باڵانسی جێندەرین؟

بەداخەوە کاتێک ژنێک لە هەولێر دەمرێت، بەشێک لە ژنانی سلێمانی خۆشی دەردەبڕن بەپێچەوانەشەوە راستە، ئەوە لە کاتێکدا خۆیان بە فیمینست دەزانن!!

راستە ئەو رێکخراوانەی، کە ژنان هەیانە. پارتە سیاسییەکان دروستیان کردوون، بەڵام بۆچی ژنانی ناو ئەم پارتانە کاریگەییان تەنانەت لە سەر بەرنامە و ئاراستەی رێکخراوەکانیشیان نییە؟ ئێمەش دەزانین پارتە سیاسییەکان زیاتر بەعەقڵیەتی پیاوسالارن، ئەمە راستە ژنان ئەو ئیشە دەکەن، بەڵام بەکلتور و عەقڵیەت و رێنمایی پیاوانە. لە بەرئەوە باشترە نوخبەیەکی هوشیار لە ناو ژنان دروستبێت، ئەو نوخبە هوشیارە، چوارچێوەیەک دروستبکەن بتوانن بە دەنگێکی بەرز هزر لە سەر چۆنێتی دروستکردنی ئازادکردنی ژن بکەن. ئەمجۆرە بیرکردنەوەیە، خۆی لە خۆیدا بۆ هەستپێکردنی ژن بە ماف و ئەرکی خۆی دروست دەبێت، چونکە هیچ زوڵم و هەژارییەک رێگە بۆ بەدەستهێنانی ماف خۆش ناکات تا ژن خۆی درک بەو زوڵمە نەکات، ئەمەش پێویستی بەهوشیارکردنەوەی ژن هەیە، کە بگاتە ئاستێک لە هوشیاری بزانێت ماف و ئەرکی چییە.

قۆناغی دواتری بیر لە رزگاربوون و بەدەستهێنانی مافەکانی خۆی دەکاتەوە، لە بەئەوە دەبێت یەکەمجار ژن خۆی بناسێت، لە ئەنجامدا دەڵێم لە گەڵ ئەو شتانەی، کە باسم کرد دەبێت کار لە سەر ئازادکردنی عەقڵی کۆمەڵگە بکرێت بە نێرومێ، چونکە ئەو پیاوی، کە زوڵم لە ژن دەکات، هێشتا خۆی ئازاد نەبووە و کۆیلەی عەقڵێكی کۆنە.

وەک باسمانکرد لە ئەوروپا پیاو ئازادبوو، پاشان رێگە بۆ ئازادبوونی ژن خۆشکرا. جیاوازی لە نێوان نێرومێ دەبێت ژن لە رێگەی عەقڵیەتی خۆیەوە درک بەکێشەکەی خۆی بکات و کار بۆ چارەسەرکردنی بکات. ئەمەش پێویستی بەوەیە، کە ژنانی کورد لە ئەزمونی بزووتنەوەکانی ژنان لە جیهان وەربگرن، چەند دەکرێت ئەزمونەکانی ژنی کورد سودی لێوەربگریت. دەبێت ژن لە هەموو روویەکە و خۆی ئامادە بکات، بۆ ئەوەی هەڵەی تر دووبارە نەکەنەوە.

یەک لە زیانمەندە سەرەکییەکانی تێنەگەیشتن لە چەمک و چوارچێوە زانستی و فەلسەفییەکان لە گۆڕەپانی ئەمڕۆی کاردا ئافرەتی کوردە، شوێنکەوتەیەکی بێ زانست و زانیاری و شوێنگرتەیەکە، لە هەندێ شوێن و لە کاتی ناپێویستدا. بۆیەش دەبینین بەشێک لەو ئافرەتانەی، کە لە سەر حسابی خەبات و تێکۆشانی فیمینیستی چوونەتە پێگەی بەرپرسیارێتی نەک هەر تێگەیشتیان بۆ پرسی ژن نییە، بەڵكو بیرکردنەوەیان لە هی پیاوێکی توندوتیژ ترسناکترە، چونکە ئەوان دەیانەوێ ببنە کۆیلەیەکی قبوڵکراوی نمایشکراو، نەک ژنێکی راستەقینەی خاوەن فکر و ئایدیا و دەوڵەمەند بەفەلسەفە و فکری فیمینیزمی.

هەبوونی ژنان لە کایە جۆراوجۆرەکانی ژیان، بەرهەمی خەباتی بزووتنەوەی فیمینیزم و ئەو ژنە فیمینیستانەیە، کە سەدان ساڵە بەشیوازی جۆراوجۆر خەبات بۆ بەدەستهێنانی مافەمرۆییەکانی ژن دەکەن. ئەوان تەمەنێک تێکۆشانیان بۆ نەهێشتنی هەڵاواردنی رەگەزی کردووە، رووبەرووی جۆرەها ئاستەنگ و گرفت بوونەوە، کە هەندێجار مەترسی کەوتووەتە سەر ژیانیان و هەندێجاریش ژیانیان لە دەستداوە، بەڵام ژنانێک، کە ئێستا لە بواری سیاسەت و کایەکانی تردا جێگایان کردوونەتەوە نەک هەر بێئاگان لەوەی ئەوان چۆن و بە چ شێوازێک ئەم دەرفەتەیان بۆ رەخساوە، پێچەوانەی ئامانجی بزووتنەوەی فیمینیزمی و مافە ئاساییەکانی ژنان کار دەکەن. ئەمەش بووەتە هۆی، کە دووفاقییەکی ئاڵۆز و ئاوەژوو لەم بوارەدا دروست بێت و مێشکێکی پیاوانەی توندوتیژ لە بەرگی ژناندا رەفتار و کردار لە سەر حسابی خەباتی ژنان بکات.

بەداخەوە ژنی کورد تا ئێستا نەیانتوانیوە لە چوارچێوەی فکر و فەلسەفەیەکی ژنانەدا کۆببنەوە و خەبات بکەن، وێڕای هەموو ئەو چەوساندنەوە و زوڵم و زۆرییەی، کە هەیە بەسەر حزبەکاندا دابەشبوون و ئەو سیما و دەسەڵاتە پیاو سالارییەی، کە هەیە پێیان دەڕازێنرێتەوە.

ئەو کلتورەی، کە ژنی کردووتە مرۆڤی پلە دوو، ژنان کراونەتە پاسەوانی، چونکە هەموو ئەو کایانەی کە بونیادی کۆمەڵگە دروستدەکەن، پیاوسالار و توندن دەرهەق بە مافەمرۆییەکان. سیستەمی سیاسی، یاسایی، ئاینی، رۆشنبیری، کۆمەڵایەتی و تەندروستی سیستەمی پیاو سالارن. پیاوان تێیاندا باڵادەستن و نەخشە و دیزاینی دەکەن. ژنان هیچ رۆڵێکی ئەوتۆی شایانی باسیان نییە. هەر بۆیەش توندی و سەپاندنی زۆر لەم کایانەدا هەیە و تادێت تەونی کۆمەڵگە بەرەو لێکترازان دەچێت.

تیم و تۆڕەکانی پیاوان، ژنان دەکەنە بوکەڵەی مەرامەکانیان، روتیان دەکەنەوە و جلیان لە بەردەکەن. دەیانکەن بەراست و دواتر بەچەپ، دەیانخەنە پێگەی بەرپرسیارێتی و خاوەن بڕیارنین، دەیانکەنە ئامرازی ململانێی سیاسی، ئایدۆلۆژی و بازرگانی و لە کۆتایشدا رەجمیان دەکەن. ژنانیش بەهەبوونی نا پێویست و بەتاڵییەکی بێواتا لە فکر و ئاوەز تەماشاکارێکی پاسیڤن. 

هەموو ئەو رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی، رێکخراوە مرۆییەکان و ئەو رێکخراوانەش، کە تایبەتن بەداکۆکیکردن لە مافەکانی رەگەزی مێ، بەعەقڵیەتی پیاو بەڕێوەدەچن!

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین