37ساڵ بەسەر تیرۆرکردنی عبدولخالق مەعروف تێدەپەڕێت ناوخۆیی

نوچەنێت

37ساڵ بەسەر تیرۆرکردنی نوسەری ناوداری کورد، عەبدولخالق مەعروف تێدەپەڕێت کە بەهۆی نوسینی کتێبی (ئادەمیزاد لە کۆمەڵگەی کوردەواریدا) تیرۆردەکرێت.

ئەمڕۆ(10/نیسان/2022 ) 37ساڵ بەسەر تیرۆرکردنی نوسەری بەناوبانگی کورد عەبدولخالق مەعروف، تێدەپەڕێت، لە ماوەیەکی کەمی تەمەنیدا پێنج کتێبی بە کتێبخانەی کوردی بەخشیوە.

عەبدولخالق مەعروف، لە ساڵی 1939لە شاری هەولێر لە دایکبووە. قۆناغی سەرەتایی تا ئامادەیی لە هەولێر خوێندوەو دواتر لە ساڵی 1985 بۆ درێژەدان بە خوێندن چووەتە زانکۆی ئەزهەر لە میسر.

لە ساڵی1963 چووەتە رێزی خەباتگێڕانی شۆڕشی ئەیلول، لە سەرەتای لاوێتیدا دەستی بە خوێندنەوەو نوسین کردووەو- وەکو رۆشنبیرێکی نوێخواز لە ناوچەکە ناوبانگی دەرکردووە. دامەزرێنەری رادیۆی دەنگی گەلی کوردستان بووە.

لە ساڵی 1977-1985پێنج بەرهەمی بە کتێبخانەی کوردی بەخشیوە، جگە لە شارەزایی و توانای لە بواری نوسیندا لە بواری تەکنیکیشدا لێهاتوو بووە. بە ناوی(تەکنیکار، ئادەمیزاد لە کۆمەڵی کوردەواریدا، نامیلکەیەکی لە بواری فیزیا و ئەلیکتریک بە زمانی عەرەبی نوسیوە، ئەنتێنا، دیوانی نالی و کێ راستە؟ کتێبێکی بە ناوی ترانسزستۆر بەدەستنوسی ماوەتەوە).

هەژاری موکریانی لە چێشتی مجێوردا لەبارەی شەهید عەبدولخالق مەعروف  نوسیویەتی:

حەز دەکەم باسێک لە کاک عەبدولخالق بکەم کە لەوەتا دیومە تا ئەو ڕۆژە دەمرم لە دۆستە هەرە خۆشەویستەکانمە:

فەقێ بووە؛ بۆتە مەلا. لە سەربازی کراوەتە ئیمام تابور (قازی عەسکەر). هەر لەبەر خۆشییەوە بە ئیشتیبا دەسکاریی ڕادیۆی کردووە. گەیشتبووە ڕادەیەک فرستندەی ڕادیۆی زۆر بە هاسانی و نرخێکی زۆر کەم دروست دەکرد. ڕادیۆی نیوکیلۆ واتیمان بە پەنجا هەزار دینار کڕیبوو؛ کە لە کەم جێ دەبیسرا.

 عەبدولخالق ڕادیۆیەکی مەوجی ناوەڕاستی لە سیم و بوتریی بەتاڵ و چەند لامپێک لێک دەدا کە سەد دیناری تێ نەدەچوو؛ لە هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبیسرا! لە شۆڕشدا ناردیان بۆ چێکوسلاڤاکیا؛ گوتبوویان تۆ لە هەموو موهەندیسان ماهیرتری! بەڵام لە کارخانە کار بکە و شتی تازە فێر ببە؛ دوای شەش مانگ هاتەوە. پێنج موهەندیسی ڕادیۆمان هەبوون کە لە خاریج خوێندبوویان؛ دەبوو عەبدولخالق فێریان کا! لە مەلایەتیدا زۆر زانا بوو. کەمتر مەلا لە موجادەلەدا دەگەڵیان دەردەبرد. ئاغڵەب گاڵتەی بە عەقڵ و سەودایان دەکرد و مەلا ناخۆشیان دەویست. قەت نەمدی دەم بە پێکەنین نەبێ. لە عیشقی کوردستان و ئازادیخوازیدا سووتابوو. چاوی لە ماڵی دنیا نەبوو. بە گاڵتە پێم دەگوت: ئاخر تۆ لە سەربازی مردوو شوتن، ئەو عیلمی ڕادیۆیەت لە قنگی کامیان دەرهێناوە؟!

بە هەموو هێز و توانای خۆی هەتا شۆڕش هەبوو هەر دەگەڵ بوو؛ وازی لە ماڵ و منداڵ هێنابوو. بۆ شۆڕش لە لەشکرێکی دە هەزار کەسی بە بەهرەتر بوو. لە شکانەکەشدا هاتە سابڵاغ، لە تارانەوە چووە ئەڵمانیا. زۆر لە ژیان ناهومێد ببوو. لە ئەڵمانەوە ڕاست چووبووە بەغدا و لە فرودگا گوتی من فڵان کەسی موهەندیسی ڕادیۆی شۆڕش بووم و هاتوم ئیعدامم کەن. بەڵام ئیعدامیان نەکرد و هاتەوە هەولێر و دوکانی تەلەفزیۆن چاکردنەوەی دانا. زۆر بەداخەوە لە ساڵی 1984دا لە هەولێر تیرۆر کرا و بەڕاستی گەورەترین زیان لە کورد کەوت.

زۆربەی رۆشنبیرانی کورد، شەهید عەبدولخالق مەعروف بە بیرمەند و زانای کورد و بە یەکەم شەهیدی قەڵەم باس دەکەن و دەڵێن: کەسێک بووە عەقڵیەتی زۆر لە پێش کۆمەڵگەکەی خۆی بووە.

عەبدولخالق مەعروف، 10نیسانی 1985بەهۆی فەتوای هەندێک مەلا دوای ماوەیەکی کەم لە چاپکردنی کتێبێک بە ناونیشانی(ئادەمیزاد لە کۆمەڵی کوردەواریدا) تیرۆر دەکرێت. کەسوکاری دەڵێن" ئەوکاتەی کە هەندێک مەلا گوتاریان لە دژی ئەودا، حکومەتی بەعسیش ئەوەی بە دڵ دەبێت و بڕیاری تیرۆرکردنی جێبەجێدرکرێت".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین