ناكۆكی نێوان كاندیدەكانی ئۆپۆزیسیۆن بۆ پۆستی سەرۆكایەتیی تورکیا بەردەوامە شیکاری

نوچەنێت:

تا ئێستا بەرپرسانی شەش پارتە ئۆپۆزیسیۆنەكەی توركیا كەسێكیان بۆ بەرامبەر ئەردۆغان دیاری نەكردووە، لە هەمانكاتیش كەمال كلیچدار ئۆغلۆ بانگەشەی كاندید بوونی خۆی دەكات.

لەگەڵ نزیكبوونەوەی هەڵبژاردنەكان، سێ جەمسەر لەناو پارتی گەلی كۆماری (جەهەپ) دەركەوتووە، كەمالییەكان لایەنگری كەمال كلیچدار ئۆغلۆن، ئەكرەمییەكان لایەنگری ئەكرەم ئیمامئۆغلۆن، مەنسوورییەكان لایەنگری مەنسوور یافاشن.

پێشتر قسە لەبارەی دابەشبوونی ناوخۆیی ئەو پارتە لە نێوان كەمالییەكان و ئەكرەمییەكان دەكرا، بەڵام ئێستا دەنگێكی تر بەرزبۆتەوە بانگەشەی لایەنگری بۆ كاندیدبوونی مەنسوور یافاش دەكەن بۆ ركابەری ئەردۆغان لە هەڵبژاردنی توركیا.

مەنسوور یافاش بە كەسێكی لەسەرەخۆ و دوور لە دۆخی خۆ دەرخستن لە گۆڕەپانیی سیاسی توركیا ناسراوە، لە لێدوانەكانی پێشووی میرال ئەكشنار، سەرۆكی پارتی چاكە، ئاماژەی بۆ ئیمامئۆغلۆ تێدابوو، كە پێش كلیچدار ئۆغلۆی دەخست.

لە چەند رۆژی رابردوو ئۆمیت ئۆزداغ، سەرۆكی پارتی سەركەوتن داوای كرد مەنسوور یافاش بكرێت بە كاندیدی سەرۆكایەتی بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو، رەخنەشی لە كلیچدار ئۆغلۆ بۆ كاندیدبوون گرت. 

لەبەرانبەر ئەو لێدوانەی ئۆزداغ، سەرۆكی جەهەپە رایگەیاند، "ئەوانەی ناوی كاندیدی سەرۆكایەتی داهاتوو دیاریدەكەن سەركردەی ئەو شەش پارتەن."

دوای كۆبوونەوەی میراڵ ئەكشنار و مەنسوور یافاش لەبارەی خۆ كاندیدكردنی رایگەیاند، "من خۆم لە سیاسەت نابینمەوە، بەڵكو پێگەی خۆم لە فەرمانبەری دامەزراوەیی گشتی دەبینمەوە، بەگوێرەی تێگەیشتنی خۆم پێویستە سەرۆكی شارەوانی ئەركی خۆی جێبەجێ بكات، پێویست ناكات بە ئاشكرا دژ بە پارتە سیاسییەكان و سەركردەكانی بێت، دەستوەرنەداتە كاروباری ناوەخۆ، بەڵكو دەبێت ئەركی خۆی جێبەجێ بكات."

پێشتر كەمال كلیچدار ئۆغلۆ كاندیكردنی مەنسوور یافاش و ئیمامئۆغلۆی رەتكردەوە، جەختی لەسەر ئەوە كردەوە، "پێویستە ئەوان ئەركی خۆیان وەك سەرۆكی شارەوانی جێبەجێ بكەن، كە ئەو پۆستانە حزب بەدەستی هێناون."

كوبڕا بار، نووسەری تورك رایگەیاند، "كوولتەی گەورەی ئۆپۆزیسیۆن دەیەوێت مەنسوور یافاش كاندیدی سەرۆكایەتی بێت، زۆرینە پێیانوایە یافاش كەسێكی لەسەرەخۆ و بەتوانایە دەتوانێت دەنگی دەنگداری هاوپەیمانی جمهور بەدەست بهێنێت، پەشێكی تر پێیانوایە ئیمامئۆغلۆ دەتوانێت دەنگی كوردەكان بەدەستبهێنێت.

هەرچەندە ئاماژەكان بۆ ئەوەن ململانێ لەنێوان باڵەكانی پارتی گەلی كۆماری نییە، بەڵام مەنسوورییەكان و ئەكرەمییەكان پێیانوایە كاندیدكردنی كلیچدار ئۆغلۆ مەترسی بۆ سەر دەنگی ئۆپۆزیسیۆن دروست دەكات.

بەگوێرەی قسەی ئەو نووسەرە توركە، مەنسوور یافاش لەو كاتەوەی سەرۆكی شارەوانی وەرگرتووە، خۆی لە ململانێی كاندیدكردنی بۆ پۆستی سەرۆكایەتی بردۆتە دەرەوە، فۆكەسی لەسەر سەرۆكایەتی شارەوانی ئەنقەرەیە، لە ئەنجامی ئەو هەڵسوكەوتەی لەو چەند مانگەی رابردوو ناوی خراوەتە ناو ململانێ سیاسییەكان.

سەبارەت بە داواكەی ئۆزداغیش كوبڕا بار پێیوایە، "ئەو داوایە بۆ كاندیدكردنی یافاش دژ بە هەوڵەكانی میرال ئەكشنارە، كە پاڵپشتی ئیمامئۆغلۆ دەكات، بەڵام بە دڵنیاییەوە ئەو لێدوانەی بووە هۆی بەدەنگهاتنی جەماوەری بێدەنگی سەرۆكی شارەوانی ئەنقەرە."

سەبارەت بە كۆبوونەوەی ئەو شەش پارتە ئەو نووسەرە توركە پێیوایە، "هەركات سەركردەكانی ئۆپۆزسیۆن پێانوابێت ئەردۆغان جەماوەری پاشەكشەی كردووە، ئەوە پەنا دەبەنە بەر كلیچدار ئۆغلۆ، هەركات بزانن پێگەی جەماوەری تا ئێستا بەرزە پەنا دەبەنە بەر ئیمامئۆغلۆ و یافاش، ئەو پرسیار و وەڵامەش كە چ كات ئەردۆغان دەنگی بەرزە یا نزمە؟ پشت بە یەكلاكردنەوەی نێوان ئەكشنار و كلیچدار دەبەستێت."

مەحمود ئەوفەر، نووسەری تورك رایگەیاند، "جەهەپە پێشتر بۆ كەمالییەكان و ئەكرەمییەكان دابەشببوون، ئێستا مەنسوورییەكانیشی هاتۆتە پاڵ، ئەوانەشی پێیانوایە مەنسوور هەوڵنادات بۆ كاندیدی سەرۆكایەتی بۆچوونێكی هەڵەیە، چونكە سەرۆكی شارەوانی ئەنقەرە زۆر بە باشی دەزانێت دەزگا راگەیاندنەكان لەبەرژەوەندی خۆی بەكار بهێنێت، بەتایبەتیش مەنسوور یافاش لە راپرسییەكانی رابردوو لەپێش ئەوانەی تر بوو لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانیش دەنگدانەوەیەكی زۆری هەبوو."

 نووسەر لە بەشێكی تری قسەكانی ئاماژەی بەوە كردووە، "كلیچدار ئۆغلۆ و ئەكشنار نایانەوێت مەنسوور كاندید بێت، چونكە دەزانن ناتواندرێت مەنسوور بە دەنگی كورد سەركەوتوو بێت."

كەی كاندیدی هاوبەش دیاری دەكرێت؟

عەلی باباجان، سەرۆكی پارتی دیموكراسی و پێشكەوتن رایگەیاند، "پرسی كاندیدی هاوبەش بۆ هەڵبژاردنەكان تا پێش بەڕیوە چوونی هەڵبژاردنەكان ئاشكرا ناكرێت." ئەو ئاراستەش هەمان ئاراستەی كلیچدار ئۆغلۆیە.

تا كاتی دیاریكردنی رۆژژمێری هەڵبژاردنەكان ئۆپۆزیسیۆنی توركیا كاندیدی خۆی دیاری ناكات، گۆڵتكین ئۆیساڵ سەرۆكی پارتی دیموكرات جەختی لەسەر ئەوە كردەوە، "كاندیدی سەرۆكایەتی تا كاتی دەستپێكردنی رۆژژمێری هەڵبژارنەكان راناگەیەندرێت، هەرچەندە پارتە سیاسییەكان كار لەسەر ركابەری لە رێگەی پەرلەمانییەوە دەكەن، بەڵام قورسایی هەڵبژاردنی داهاتوو پۆستی سەرۆكایەتییە."

لە بەشێكی تری قسەكانی ئاماژەی بەوە كرد، "زۆرینەی ئەنجومەنی شارەوانی ئەنقەرە و ئیستەنبۆڵ لە پارتەكانی ترە، هەرچەندە ئۆغلۆ و یافاش ئەو دوو شارەوانیە بەڕیوە دەبەن، بەڵام دۆخی شارەوانییەكان زۆر قورسترە لە سەرۆكایەتی شارەوانی."

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین