ئەمەریكا و تورکیا پڕۆژەیەکى سەربازى لەشەڕى ئۆکراینا و ڕووسای تاقى دەکەنەوە شیکاری

نوچەنێت:

دەزگا راگەیاندنەكانی توركیا و ئەمەریكا ئاشكرایان كردووە، ئەمەریكا هەوڵدەدات سیستەمی مووشەكی زیرەك بدات بە سوپای ئۆكراینا، بەڵام تا ئێستا لێكۆڵینەوە لەسەر شێوازی بەكارهێنانی دەكەن، پێشنیازێكراوە بۆ بەكارهێنانی لە رێگەی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی توركی (بەیرەكدار  TB2)، بەڵام نەگەیشتوونەتە ئەنجامی كۆتایی.

گۆڤاری فۆربس لە راپۆرتێكدا ئاشكرایكردووە، واشنتن سەڕقاڵی پێدانی سیستەمی مووشەكی زیرەكە لە رێگەی دانانی بە فڕۆكەی بەیرەكداری توركی، كە لە لایەن سوپای ئۆكراینا دژ بە بە هێرشەكانی رووسیا بەكار دێت. 

رۆژنامەی حورەیەتی توركی ئاماژە بەوە دەكات، هەرچەندە ئەمەریكا مووشەكی دژە تانك و فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی كامیكازی بە ئۆكراینا داوە، بەڵام ئێستا هەوڵدەدات سیستەمی مووشەكی زیرەكیشی پێ بدات، كە بە فڕۆكەی بەیرەكدار TB2 ی توركی كار بكات، كە پێشتر لە زۆرینەی بەرەكانی شەڕ سەركەوتنی گەورەی بەدەستهێنا بوو.

لە هەمانكات گۆڤاری فۆربسیش ئەو هەواڵە پشتراست دەكاتەوە، كە فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی توركی سەركەوتنی گەورەی لە بەرەكانی شەڕ بەدەستهێناوە، چەندین تانك و زریپۆشی تێكشاندووە.

ئەو گۆڤارە ئەمەریكییە فڕۆكەی بەیرەكداری توركی بە كۆپی بچووكی فڕۆكەی پریداتۆری بەناوبانگی ئەمەریكی دەچوێنێت، پێشی وایە سوپای رووسیا بەرانبەر ئەو فڕۆكە توركیە شكستی هێناوە، چونكە ئەو جۆرە فڕۆكە لە شەوان دەتوانێت ئامانجەكانی خۆی بپێكێت بەبێ ئەوەی سیستەمی ئەلیكترۆنی رووسی ئاشكرای بكات، ئەوەش بۆتە سەرچاوەى بەرزکردنەوەى ورەی سوپای ئۆكراینی.

بەگوێرەی ئەو گۆڤارە ئەمەریكیە سوپای ئۆكراینا بەردەوامە لە بڵاوكردنەوەی ئەو داتایانەی فڕۆكەی بێفرۆكەوانی توركی تێكیشكاندوون، ئەوەش لەكاتێکدایە  سوپاسى رووسی بانگەشەی ئەوە دەكات چەندین فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی توركی تێكشكاندووە.

گۆڤاری فرۆبس ئاماژەی بەوە كردووە، وێنەكانی رووماڵی ئاسمانی لەو چەند رۆژەی رابردوو زیادی كردووە، ئەوەش ئەو قسەیە پشتڕاست دەكاتەوە، كە ئەو جۆرە فڕۆكە توركیەی سوپای رووسیا بەكاری دەهێنێت تەقەمەنی كەمبۆتەوە.

دەربارەی هەڵوێستی توركیا بەرانبەر هێرشی رووسی بۆسەر ئۆكراینا، گۆڤارەكە روونی كردۆتەوە ئەنقەرە پارێزگاری لە پەیوەندییەكانی لەگەڵ مۆسكۆ و كیێڤ كردووە.

سەبارەت بەو كۆمپانیایەی ئەو فڕۆكانەی دروستكردووە، گۆڤاری فۆبرس پێی وایە، خودی كۆمپانیاكەش سیاسەتێكی بێلایەنانەی بەرانبەر هەردوو وڵات گرتۆتەبەر، ئەو فڕۆكانەشی ئۆكراینا بەكاری دەهێنێت پێش هێرشەكان بەو وڵاتەی فڕۆشتووە، كە لە سەرەتای هێرشەكانی رووسیاش بۆ سەر ئۆكراینا تا ئێستا ئەو فڕۆكانەی نوێ نەكردۆتەوە.

لە لایەكی ترەوە كەناڵی (TGRT) توركی بڵاویكردەوە، سیستەمی مووشەكی زیرەك (هێلفایر) كە ئێستا لە ئەمەریكا هەیە بەهۆی قوورسایی لەگەڵ قەبارەی فڕۆكەی توركی یەك ناگرێتەوە، بەڵام ئەمەریكا دەتوانێت سیستەمی (سیستر) رەوانە بكات، كە كۆمپانیای رۆكیتسانی توركی پەرەی پێداوە، یاخود سیستەمی مووشەكی زیرەكی (ئەپاوكس) بۆ ئۆكراینا رەوانە بكات، بۆ ئەوەی لە رێگەی فڕۆكەی بەیرەكدار بەكاری بهێنن.

بەڵام تا ئێستا روون نییە ئەمەریكا كام سیستەمی مووشەكی رەوانە دەكات بۆ ئەوەی لە رێگەی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی توركی بەكار بێت، هەرچەند چەند پێشنیازێكی جددی هەیە بۆ هاوكاری واشنتن لەگەڵ كۆمپانیای رۆكیتسان، بەڵام تا ئێستا ئەو بابەتە یەكلایی نەبۆتەوە.

لەلایەكی ترەوە ئیرهان تایلان، چاودێری سیاسی رایگەیاند، "ئەمەریكا بەدوای سیستەمی مووشەكە زیرەكان دەگەڕێت بۆ ئەوەی هاوكاری سوپای ئۆكراینا بكات، ئەگەر ئەو سیستەمەش لە رێگەی فڕۆكەی توركی بەكار بهێنێت، رەنگدانەوەی لەسەر پەیوەندی نێوان توركیا و ئەمەریكا دەبێت، چونكە لە ماوەی رابردوو پەیوەندییەكانی نێوانیان بەروونی بەرەوپێش چووە، لە چەند رۆژی داهاتووش هەنگاوی گەورە دەهاوێت، هێرشەكانی رووسیا ئاراستەی پەیوەندی نێوان ئەمەریكا و توركیای گۆڕی، هەڵوێستی ئەنقەرە بەرانبەر ئەو هێرشانە بووە جێی بایەخی گەورەی وڵاتانی جیهان، زۆربەی ئەو وڵاتانەی پەیوەندیان لەگەڵ توركیا ناكۆك بوو، پەیوەندییان لەگەڵی بەهێزكردەوە."

لەبەشێكی تری قسەكانی روونیكردەوە، "سەردانی بەرپرسانی ئەنقەرە و واشتنن و رێككەوتنی نێوانیان، پێگەی نێودەوڵەتی توركیای بەهێزكردووە، لەو نزیكانەش رەنگدانەوەی لەسەر دۆخی ئابووری توركیا دەبێت."

لە مانگی تشرینی یەكەمی ساڵی رابردوو توركیا داوای لە ئەمەریكا (40) فڕۆكەی جۆری (ئێف16)ی پێ بفرۆشێت و (80) فڕۆكەی بۆ نوێ بكاتەوە، بەڵام بەهۆی كڕینی سیستەمی بەرگری مووشەكی (ئێس400) ئەمەریكا ئەو داوایەی رەتكردەوە.

بەڵام لە (10)ی مانگی رابردوو رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا بە جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمەریكای راگەیاند، "ئێستا كاتی لادانی هەموو سزا نادادپەوەرەكانە لەسەر پیشەسازی سەربازی توركیا، بۆیە چاوەڕوان دەكرێت لە نزیكترین كات توركیا فڕۆكەی (ئێف 16) لە ئەمەریكا بكڕیت.

لەسەرەتای ئەو مانگە دەزگا راگەیاندنەكانی توركیا بڵاویانكردەوە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا داوای لە كۆنگرێس كردووە، پێدانی فڕۆكەی (ئێف 16) بە توركیا خزمەتی بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا دەكات.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین