پشتبه‌ستنى عێراق به‌ داهاتى نه‌وت بۆ 94 % به‌رز ده‌بێته‌وه‌ کوردستان- عێراق

نوچه‌نێت

به‌ پێچه‌وانه‌ى پلانى عێراق كه‌ ده‌یه‌وێ پشتبه‌ستن به‌ داهاتى نه‌وت له‌ ئاماده‌كردنى بودجه‌كه‌ى كه‌م بكاته‌وه‌، وه‌زاره‌تى دارایى عێراق رایگه‌یاند، عێراق ئه‌مساڵ به‌ رێژه‌ى 6% زیاتر پشتى به‌ داهاتى نه‌وت به‌ستووه‌.

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 13ى نیسانى 2022 ماڵپه‌ڕى شه‌فه‌ق نیوز بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، به‌گوێره‌ى داتاكانى وه‌زاره‌تى دارایى عێراق بۆ هه‌ژماره‌ى كۆتایى مانگى كانوونى دووه‌مى ئه‌مساڵ ده‌رده‌كه‌وێت، ئه‌م وڵاته‌ له‌ دابینكردنى بودجه‌كه‌ى زیاتر له‌ ساڵى پێشوو پشتى به‌ نه‌وت به‌ستووه‌. 

له‌ مانگى كانوونى یه‌كه‌مى رابردوو عێراق به‌ رێژه‌ى كه‌متر له‌ 89%ى له‌ ئاماده‌كردنى بودجه‌كه‌ى پشتى به‌ نه‌وت به‌ستووه‌ و زیاتر له‌ 11% پشتى به‌ داهاتى نانه‌وتى به‌ستووه‌، كه‌چى له‌ كانوونى دووه‌م ئه‌م رێژه‌یه‌ى نه‌وت بۆ 94% به‌رزبووه‌ته‌وه‌، واته‌ به‌ رێژه‌ى 6% زیاتر. 

داهاتى نه‌وتى مانگى كانوونى دووه‌م 10 ترلیۆن و 899 ملیار و 415 ملیۆن و 915 هه‌زار و 534 دینار بووه‌، داهاتى نانه‌وتى 695 ملیار و 872 ملیۆن و 729 هه‌زار و 30 دینار بووه‌. ئه‌مه‌یش به‌ رێژه‌ى 144% داهاتى هه‌مان ماوه‌ى ساڵى 2021 زیاتره‌.

ئه‌مه‌ دواى ئه‌وه‌ دێت كه‌ به‌رپرسانى عێراق دووپاتى ده‌كه‌نه‌وه‌، پلانیان ئه‌وه‌یه‌ پشتبه‌ستن به‌ داهاتى نه‌وت كه‌م بكه‌نه‌وه‌، له‌ به‌رانبه‌ردا داهاتى نانه‌وتى زیاد بكه‌ن. بۆ ئه‌وه‌ى تووشى قه‌یرانى دارایى نه‌بن وه‌ك ئه‌وه‌ى له‌ 2020 له‌ لێكه‌وته‌ى دابه‌زینى نه‌وت و په‌تاى كۆرۆنا ده‌ركه‌وت.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین