لە سلێمانى نەخۆش بە پارەی خۆی خواردن دەخوات جل و دەرمان دەکڕێت تەندرووستی

نوچەنێت:

جێگرى بەڕێوەبەرى گشتیى تەندروستى سلێمانى ڕایدەگەیێنێت، بارودۆخى نەخۆشخانەکانى ئەو پارێزگایە باش نییە و دەشڵێت، جگە لە کەمبوونەوەى دەرمان، لە ئێستا ناتوانن نەشتەگەرى بۆ هەموو نەخۆشێک بکەن.

ئەمڕۆ شەممە (16/نیسان/2022) د. هێرش سەید سەلیم، جێگرى بەڕێوەبەرى گشتیى تەندروستى سلێمانى بە روودواى ڕاگەیاند، پرسی دەرمان لە سلێمانی لەلایەن یەکێتی و پارتییەوە بە سیاسی کراوە، چونکە دۆخێک هاتووەتە ئاراوە کە وایکردووە حکومەت دەستی هاوکاری بۆ سلێمانی درێژ نەکات، نەبوونی پارە لە بانکەکاندا گومانی لای ئەوان دروست کردووە کە بۆچی پارە نییە.

د. هێرش سەید سەلیم زیاتر روونیدەکاتەوە و  دەڵێت، لە نەخۆشخانەکانى سلێمانى ئێست نەخۆش بە پارەی خۆی خواردن دەخوات، جل و دەرمان دەکڕێت، تەنیا ئەوەندەیە ئێمە کارمەندەکەمان هەیە و ناهێین نەخۆشەکە بمرێت، لە سەردەمی راپەڕین و شەڕی نێوخۆ و هەموو قەیرانەکانی پێشوودا هەرگیز دۆخی تەندروستی وەک ئێستا خراپ نەبووە. 

پێشتر بەڕێوەبەرى تەندورستى سلێمانى ڕاگەیاند، بە هۆى وەرنەگرتنى شایستە داراییەکانیان، کۆمپانیاکانى دەرمان ئامادە نین هیچ بڕە دەرمانێک لە نەخۆشخانەکانى سلێمانى بدەن، تا ئێستاش ئەم گرفتە چارەسەر نەکراوە، هەر وەک د. هێرش سەید سەلیم دەڵێت، ئێستا قەیرانەکە خراپتر بوووە ،پارە نەک بۆ کۆمپانیاکانی دەرمان، بەڵکو بۆ کۆمپانیاکانی خواردن و خزمەتگوزاریی کەرتی تەندروستیی سلێمانییش خەرج نەکراوە، کۆمپانیاکان بە دەیان ملیار دیناریان لاى حکوومەتە. 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین