وه‌زاره‌تى نه‌وت پڕۆژه‌ى هێڵى به‌سڕه‌- عه‌قه‌به‌ دواده‌خات کوردستان- عێراق

نوچه‌نێت

وه‌زاره‌تى نه‌وتى عێراق راگه‌یاند، پڕۆژه‌ى هێڵى نه‌وتى به‌سره‌- عه‌قه‌به‌ بۆ حكومه‌تى داهاتووى عێراق دواده‌خرێت و دووپاتیشى ده‌كاته‌وه‌ ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ بۆ هه‌شته‌كانى سه‌ده‌ى رابردوو ده‌گه‌ڕێته‌وه‌. ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ لایه‌نه‌ شیعه‌كان دژى پڕۆژه‌كه‌ن و هه‌ڕه‌شه‌ى سكاڵاكردن له‌ حكومه‌ت ده‌كه‌ن.

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 17ى نیسانى 2022 عاسم جیهاد، گوته‌بێژى وه‌زاره‌تى نه‌وتى عێراق له‌ كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌وانى راگه‌یاند، "پڕۆژه‌ى بۆڕى نه‌وتى به‌سڕه‌- عه‌قەبه‌ بۆ هه‌شتاكانى سه‌ده‌ى رابردوو ده‌گه‌ڕێته‌وه‌". له‌ به‌شێكى ترى قسه‌كانى ده‌ڵێ، "ته‌واوى حكومه‌ته‌ یه‌ك له‌دواى یه‌كه‌كانى دواى 2003 پاڵپشتى پڕۆژه‌كه‌یان كردووه‌".

سه‌باره‌ت به‌و زانیارییانه‌ى له‌سه‌ر پڕۆژه‌كه‌ بڵاوكراونه‌ته‌وه‌، گوته‌بێژى وه‌زاره‌تى نه‌وت ده‌ڵێ، "ئه‌و زانیارییانه‌ى بڵاوكراونه‌ته‌وه‌ ورد نیین، تا ئێستا هیچ رێككه‌وتن نییه‌ و بۆ حكومه‌تى داهاتوو جێده‌هێڵدرێت". به‌گوێره‌ى ئه‌و زانیارییانه‌ى له‌ ماڵپه‌ڕى ئه‌نادۆڵ بڵاوكراونه‌ته‌وه‌، مه‌زنده‌ ده‌كرێت تێچووى پڕۆژه‌كه‌ هه‌شت ملیار و 500 ملیۆن دۆلار بێت، تواناى گواستنه‌وه‌ى نه‌وتى به‌ بڕى سێ ملیۆن به‌رمیل له‌ رۆژێكدا له‌ به‌سره‌ و بۆ به‌نده‌ى عه‌قه‌به‌ى ئوردنى هه‌بێت.

لایه‌نه‌ شیعه‌كانى چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى چه‌ند رۆژێكه‌ لێدوان له‌ دژى پڕۆژه‌كه‌ ده‌ده‌ن و هه‌ڕه‌شه‌ى تۆماركردنى سكاڵا له‌ دادگاى باڵاى فیدڕاڵى عێراق له‌ حكومه‌ته‌كه‌ى مسته‌فا كازمى ده‌كه‌ن، به‌ بیانووى ئه‌وه‌ى حكومه‌تى كاربه‌ڕێكه‌ره‌ و ناتوانێ پڕۆژه‌ى گه‌وره‌ ئه‌نجام بدات.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین