بەهۆى شەڕى ئۆكراينا رۆژانە نرخى كاڵاكان لە توركيا بەرز دەبێتەوە شیکاری

نوچەنێت:

بەهۆى سياسەتەكانى رەجەب تەيب ئەردۆغان، توركيا رووبەڕووى قەيرانێكى نوێ بۆتەوە، لە دواى هێرشەكانى رووسیاش بۆ سەر ئۆكراينا، رۆژانە نرخى كاڵاكان بەرزدەبێتەوە، ئەوەش ترسى لاى هاووڵاتيان دروستكردووە.

لەو كاتەدا كە حكومەتى توركيا سەرقاڵى رێگريكردن بوو لە قەيرانى ئابوورى و بەرزبوونەوەى هەڵاوسان و دابەزينى بەهاى ليرە، هێرشەكانى رووسيا بۆ سەر ئۆكراينا قەيرانێكى نوێى رووبەڕووى توركيا كردەوە.

ئەوەش وايكردووە نرخى پێداويستييە سەرەكييەكان لە توركيا گران ببێت، كە هەندێك لە خانەنيشنان ناچارن پەنا بۆ كاركردن ببەنەوە، مستەفا كەفادار، يەكێك لەو خانەنشيانەى كە دووبارە گەڕاوەتەوە سەر كار رايگەياند، "هەموو شتێك زۆر گران بووە، دواى ئەوەى شتە پێويستەكان دەكڕم، هيچ داهاتێكم بۆ نامێنێتەوە."

كاتێكيش پرسيار لە بەرپرسى دروستكردنى ئەو قەيرانە دەكەى، ئەوان بە خەمبارييەوە دەڵێن، "تۆش دەزانى كێ بەرپرسە لە بەرزبوونەوەى رێژەى هەڵاوسان، من نيم، تۆ نيت، كەسێكى تر نييە لە شەقام، بەڵام كێيە." ئەوان دەزانن كێيە، بەڵام ناتوانن بۆچوونى خۆيان سەبارەت سياسەتە ئابوورييەكانى ئەردۆغان دەربڕن. 

بەراورد بە ساڵى رابردوو ليرەى توركيا نيوەى بەهاى خۆى لەدەست داوە، حكومەت هەوڵدەدات رێگرى لە بەرزبوونەوەى رێژەى هەڵاوسان بكات، كە گەيشتە (61.14٪) ئێستاش نرخى گەنم و شەكر بەرزبۆتەوە.

بەرزبوونەوەى هەڵاوسان پەيوەستە بە هەوڵەكانى حكومەتى توركيا بۆ چاكسازى ريشەيى لە بوارى ئابوورى و پارێزگارى لە رێژەى دابەزاندنى سوو، كە بە بۆچوونى حكومەت ئەوە دەبێتە زياد بوونى بەرهەم، كە ئەوەش پێچەوانەى داواكارى زۆربەى شارەزايانى بوارى ئابووريە، بەڵام ئەردۆغان پێچەوانەى تيۆرە كلاسيكيەكانى ئابوورييە، كە پێيوايە بەرزبوونەوەى رێژەى سوو هۆكارى هەڵاوسانە، بۆيە بانكى ناوەندى ناچاركرد رێژى سوو لە (19% بۆ 14%) دابەزنێنێت، ئەوەش بووە هۆكارى دابەزينى بەهاى ليرە.

ئەلوب يەڵدان، پسپۆڕى ئابوورى لە زانكۆى قادر هاس لە ئيستەنبۆڵ رايگەياند، "بەڵێ هەموو جيهان گيرۆدەى هەڵاوسان بووە، بەڵام ئەوەى توركيا چوار تا پێنج ئەوەندەى جيهانە."

سەبارەت بە هۆكارەكانيش ئەو پسپۆڕە رايگەياند، "زنجيرەيەك هەڵەى سياسى هەبوو، وايكرد رێژەى هەڵاوسان بەرزبێتەوە."

لەگەڵ قەيرانى ئابوورى هێرشى رووسيا بۆ سەر ئۆكراينا بووە هۆى بەزبوونەوەى خۆراك لە جيهان، بەتايبەت گەنم، دابەزينى بەهاى ليرە بەرانبەر دۆلار كاريگەرى لەسەر هاوردەكردنى گەنم دروست كردووە، توركيا ناتوانێت  كاڵا لە ئۆكراينا هاوردە بكات، بۆيە ناچارە بەدواى جێگرەوە بگەڕێت.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین