سەرۆکی یەکێتی مامۆستایان: بەهۆی زۆری پشووەکانەوە پرۆسەی خوێندنمان ناگاتە ستانداردی جیهانی ناوخۆیی

لاڤین عومەر: نوچەنێت

ئەگەرچی ستانداردی جیهانی تەواونەکردووە، بەڵام پرۆسەی خوێندنی ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی رابردوو باشتربوو. گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت: پڕۆسەی خوێندن بە شێوەیەکی ئاسایی بەڕێوە چوو هیچ ئاستەنگێک نەبوو، بەشێوەیەکی باش پڕۆگرامەکانی خوێندن خوێندراون و بەڕێوە چووەو تا ئەم ساتە هیچ گرفتێکمان نییە.

بەپێی ستانداردە جیهانییەکان، دەبێت ساڵانە (200) رۆژ لە نێو ناوەندەکانی خوێندن دەوام بکرێت واتە دەبێت (900) کاتژمێر وانە بخوێندرێت، بەڵام خوێندنی ئەمساڵ لە هەرێمی کوردستان لە ٪60 تێپەڕی نەکردووە.

عەبدولواحید محەمەد سەرۆکی یەکێتی مامۆستایان، سەبارەت بە ئاستی خوێندنی ئەمساڵ لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت دەڵێت " ئەگەر بە شێوەیەکی گشتی هەڵسەنگاندن بکرێت، ئەمساڵ باشتر بووە لە دووساڵی رابردوو، چونکە لە دووساڵی رابردوودا هەمووی کۆبکەیتەوە لەوانەیە 100 رۆژ دەوام نەکرابێت. بەهۆی دۆخی پەتای کۆرۆناوە. ئەمساڵ مامۆستایانیش بە حاڵەتێکی دەرونی باشتر دەوامیان کردووە و پڕۆسەی پەروەردەیان بەڕێوە بردووە، هەرچەندە بەهۆی دواکەوتنی موچە، بەم دواییانە تۆزێک دوودڵی دروست بووە ".

سەبارەت بە رێژەی دەوامی ئەمساڵ مامۆستا عەبدولواحید دەڵێت" دەکرێت بڵێین باشترین ساڵ لە هەرێمی کوردستان ساڵی (2012و2013) بووە، چونکە (130) رۆژ دەوام کراوە واتا هەرگیز ئەو ستاندادە جیهانییە بەکار نەهێندراوە و ئەو پێدراوە پەروەردەییەی کە دەبێت هەبێت وەکو خۆی جێبەجێ نەکراوە لە هەرێمی کوردستان، ئەویش بە هۆی ئەوەی زۆری پشو-وکۆمەڵێک کێشەوە کە هەمووجارێکیش گوتومانە کە گرنگە خشتەی وەزارەتی پەروەردەو خوێندنی باڵا جیا بکرێتەوە. لە هەموو دامودەزگاکان بە پێی نەخشەو پلانێک بڕوات کە مافی پڕۆسەو خوێندنی باڵا کە پێویستە وەکو خۆی بدرێت".

ئەحمەد گەل، بەڕێوەبەری گشتی ئامادەیی سەبارەت بە پرۆسەی خوێندنی ئەمساڵ لە هەرێمی کوردستان گوتی "بەشێوەیەکی گشتی  ناکرێت بە رەها بەراورد بکرێت، بەڵام بە رێژە دەتوانم بڵێم ئەمساڵ خوێندن زۆر باش بەڕێوە چووە، دیارە هیچ کاتێک هیچ شتێک لە ئاستی چاوەڕوانی خۆماندا نییە، بەڵام ئەگەر لەگەڵ ساڵانی پێشوتردا بەراوردی بکەین ئەم ساڵ زۆر باشتر بووە و دەوامیش باش بووە".

سامان سوەیلی گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردە، سەبارەت بە تەواو بوونی خوێندنی ئەمساڵ دەڵێت " ئەمساڵ ساڵێکی ئاسایی بوو بە بەراورد بەساڵانی رابردوو خۆشبەختانە پەتای کۆرۆنا روی لە کەمی کرد، بۆیە پڕۆسەی خوێندن زۆر بە شێوەیەکی ئاسایی بەڕێوە چوو هیچ ئاستەنگێک نەبوو، بەشێوەیەکی باش پڕۆگرامەکانی خوێندن خوێندراون و بەڕێوە چووەو هیچ گرفتێکمان نییە تا ئەم ساتە".

لەبارەی چۆنێتی دەوام کردن و ئاستی خوێندنی پڕۆگرامەکان مامۆستا عەبدولواحید محەمەد- دەڵێت "هیچ کێشەیەک لە دەوامکردن نەبووەو ئاسایی بوو، خوێندنیش ئەگەر لە ساڵانی پێش دۆخی کۆرۆنا باشتر نەڕۆشتبێت خراپتر نەڕۆشتووە".

دەربارەی بەڕێوەچوون و گوتنی پڕۆگرامی خوێندن مامۆستا عەبدولواحید پێیوایە"کێشەی ئێمە لە خوێندنی پڕۆگرام نییە، بچیتە هەر ناوەندێکی خوێندن بۆت روون دەبێتەوە کە رێژەیەکی باش پڕۆگرام خوێندراوە، جگە لەوەی هێشتا دەوامیش ماوە، کێشە لە خوێندنەکە نییە کێشە لە شێوازی گەیاندن و تێگەیشتنی خوێندنەکەیە بۆ قوتابیان، ئەو بوارەی کە ئێستا ئێمە دەیخوێنین دەبێت لە هەردوو بواری پراکتیکی و تیۆری بخوێندرێن، بەشێکی نەزەرییە بەشێکی کردارییە تەنیا خوێندن مەرج نییە تێگەیشتن مەرجە، زانستەکە مەرجە بەڵام ئەو راستییە بەرجەستە نەبووە چونکە خوێندنەکە بە خێرایی دەخوێندرێت، مامۆستاش مەجبورە بە خێرایی بیخوێنێت چونکە رۆژەکان و کاتەکان کەمن ژمارەی قوتابیانیش زۆرە لە ناو پۆلەکان، ئەو ئاستە زانستییەی کە گرنگە ناگات وەکو خۆی، دەبێت پێداچوونەوەی پێبکرێت ساڵی داهاتوو حسابی مەنهەجەکە بکرێت حسابی رۆژەکان و کاتژمێرەکانی خوێندن بکرێت، هەردوو بوار لەبەر چاوو بگیرێت بواری تیۆری ئەوەی لەناو پۆلدا دەخوێندریت بواری کرداری ئەوەی لە تاقیگەو شوێنە پێویستییەکان. دەکرێت لە پڕۆسەی پەروەردەدا ئەوانە بەڕاستی گرنگە لەبەر چاو بگیرێت، بەڵام ساڵانی رابردوو و ئەمساڵیش بەرجەستە نەبووە، بۆیە سەیر دەکەی ئاستی قوتابیان و خوێندکاران وەکو پێویست بەرجەستە نەبووە".

سەبارەت بە کاریگەری پشوەکان لەسەر پرۆسەی خوێندن بەرای مامۆستا عەبدولواحید محەمەد "پشووەکانی ئەمساڵ زۆرن، بەڵام کۆمەڵێک بۆنەی ئاینیی و نەتەوەیی هەیە بۆنەی پێکهاتەکان هەیە، بۆ نموونە دەڵێن چوار شەممەی داهاتوو دەکرێتە پشو بەبۆنەی جەژنی ئێزییدیەکان ئەمە بۆ دام و دەزگاکان گرنگە وەکو خۆی کە پشو هەیە بەرجەستە بکرێت، بەڵام بۆ پڕۆسەی پەروەردە بەراستی ساڵنامەیەکی تایبەت هەبێت بۆ خوێندنی باڵاش بەهەمان شێوە، رەچاوی پڕۆگرامەکان و پێداویستی و کات فەراهەم بکرێت بۆ نمونە، کاتێک لە نیوەی هەفتە دەبێتە پشو جارێکی تر قوتابیان و خوێندکاران دەهێنیتەوە ئەوە دەبێت جارێکی تر ئەپدێتیان بکەیتەوە جاری وا هەیە پشووەکان درێژخایەنە ئەوەش کێشەیە بۆ پڕۆسەی پەروەردە، ئەگەر هەمووی لێکدەیتەوە ساڵێک مانگێک زیاتر دەبیتە پشو لەناو ساڵی خوێندندا، ئەوە کاریگەری زۆری هەیە".

لەبارەی کاریگەری رێکخراوە بیانییەکان لەسەر پرۆسەی خوێندن سامان سیوەیلی رایوایە" پڕۆسەی خوێندن لە کوردستان هەمووی لە چوار چێوەی رێساو یاساکان و بە تواناکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بە پاڵپشتی ئەنجومەنی وەزیران، لەڕێی دابین کردنی پێداویستی و خەرجی هەموو پێداویستییەکانی پڕۆسەی خوێندن بەڕێوە دەچێت، بەڵام هەندێجار رێکخراوەکان هاوکارمانن رێکخراوە نێو دەوڵەتییەکان بۆ نمونە لە کردنەوەی خول یاخود چاپکردنی رێبەرێکدا یاخود دابین کردنی ماسک و هەندێک شت لەسەردەمی کۆڕۆنادا، رێکخراوەکان هاوکارمان بوون بەڵام ئەوەی پەیوەستە بە پڕۆسەی خوێندنەوە ئەوەیان بە تەواوی پشت بە تواناکانی حکومەتی هەرێم و وەزارەتی پەروەردە خۆی بەڕێوە دەچێت".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین