مالیكى: ده‌بێت حكومه‌تى عێراق له‌ هێرشه‌كانى سه‌ر هه‌رێمى كوردستان بێته‌ ده‌نگ عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

نوورى مالیكى سه‌رۆكى هاوپه‌یمانى ده‌وڵه‌تى یاسا ناڕه‌زایى له‌سه‌ر هێرشه‌كانى توركیا بۆ سه‌ر سنووره‌كانى هه‌رێمى كوردستان ده‌رده‌بڕێت و ده‌ڵێ، "گه‌یشته‌ ئه‌وپه‌ڕى و ده‌بێت حكومه‌ت بێته‌ده‌نگ".

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 21 ى نیسانى 2022 نوورى مالیكى سه‌رۆكى هاوپه‌یمانى ده‌وڵه‌تى یاسا له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا ناڕه‌زایى له‌ به‌رانبه‌ر هێرشه‌كانى توركیا بۆ سه‌ر هه‌رێمى كوردستان ده‌رده‌بڕێت و ده‌ڵێ، "نازانین ئه‌وانه‌ى ئه‌م شه‌ڕه‌ به‌ڕێوه‌ ده‌به‌ن بیر له‌ چى ده‌كه‌نه‌وه‌؟ كه‌ى كۆتایى دێت؟ ئایا گه‌لى كورد و مه‌سیحى تا كه‌ى له‌ژێر بارى ئه‌م شه‌ڕه‌ ده‌مێنه‌وه‌ و له‌ دڵه‌راوكێ و خه‌م و كوشتن و ئاواره‌یى ده‌ژین".

مالیكى له‌ به‌یاننامه‌كه‌ى ده‌شڵێ، "بارودۆخه‌كه‌ گه‌یشته‌ ئه‌وپه‌ڕى جا به‌ بڵاوكردنه‌وه‌ى باره‌گاكانى سوپاى توركیا بێت، یانیش بۆردومانكردنى گوند و كێڵگه‌كان بێت". مالیكى دووپاتى ده‌كاته‌وه‌ ده‌بێت حكومه‌تى عێراق بكه‌وێته‌ جووڵه‌ بۆ ئه‌وه‌ى سنوورێك بۆ ئه‌و پێشێلكارییانه‌ دابنێ و له‌ هه‌مان كاتدا كۆتایى به‌ بوونى په‌كه‌كه‌ بهێنێ.

توركیا له‌ رۆژى 18ى ئه‌م مانگه‌ ئۆپراسیۆنێكى به‌ ناوى "قوفڵى چڕنووك" له‌ دژى په‌كه‌كه‌ له‌ سنوورى هه‌رێمى كوردستان راگه‌یاند و له‌ ئه‌نجامى ئه‌م ئۆپراسیۆنه‌یش زیان به‌ هاووڵاتیانى هه‌رێمى كوردستان گه‌یشتووه‌.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین