له‌ ساڵێكدا.. دانیشتووانى عێراق ملیۆنێك و 40 هه‌زار زیادى كردووه‌ عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

ته‌نیا له‌ ساڵێكدا ژماره‌ى دانیشتووانى عێراق ملیۆنێك و 40 هه‌زار كه‌س زیادى كردووه‌، بووه‌ته‌ 41 ملیۆن و 190 هه‌زار كه‌س. شاره‌زایان ئه‌مه‌ به‌ بازدانێكى بێ وێنه‌ ده‌زانن، كه‌چى وه‌زاره‌تى پلاندادانى عێراق به‌رزبوونه‌وه‌ى ژماره‌كه‌ به‌ "سروشتى" ده‌زانێت.

ئاژانسى ئه‌نادۆڵى توركى دوێنێ چوارشه‌ممه‌ 20ى نیسانى 2022 راپۆرتێكى له‌سه‌ر ژماره‌ى دانیشتووانى عێراق بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ و ده‌ڵێ، "له‌ ساڵى 2021 به‌ بازدانێكى بێ وێنه‌ زیادى كردووه‌".

راپۆرته‌كه‌، زانیارییه‌كانى له‌ مه‌زنده‌كانى وه‌زاره‌تى پلاندانانى عێراق وه‌رگرتووه‌، کە له‌ ساڵى 2020 ژماره‌ى دانیشتووانى عێراق 40 ملیۆن و 150 هه‌زار كه‌س بووه‌، كه‌چى له‌ 2021 بووه‌ته‌ 41 ملیۆن و 190 هه‌زار كه‌س.
به‌مشێوه‌ زیادبوونه‌وه‌، ده‌زگاى ئامارى ناوه‌ندى سه‌ربه‌ وه‌زاره‌تى پلاندانانى عێراق، پێشبینى ده‌كات ژماره‌ى دانیشتووانى عێراق له‌ ساڵى 2030 بگات به‌ 50 ملیۆن و 200 هه‌زار. 

شاره‌زایان دووپاتى ده‌كه‌نه‌وه‌ زیادبوونێكى وه‌ها خێرا كاریگه‌رى نه‌رێنى له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ى عێراق ده‌بێت و به‌ تایبه‌تى كه‌ ده‌زانرێت حكومه‌ت هیچ پلانێكى بۆ رێكخستنى دانیشتووان نییه‌.

كه‌چى وه‌زاره‌تى پلاندانان له‌سه‌ر زارى عه‌بدزهره‌ هینداوى “گوته‌بێژ”، ئه‌م زیادبوونه‌ به‌ "كه‌مێك" وه‌سف ده‌كات و ده‌ڵێ، " 20 ملیۆن كه‌س له‌ عێراق ته‌مه‌نیان له‌نێوان 15 تا 50 ساڵییه‌، ئه‌مه‌یش قۆناغى وه‌چه‌نانه‌وه‌یه‌، بۆیه‌ زیادبوونه‌كه‌ى دانیشتووانى عێراق سروشتییه‌". 

له‌ ساڵى 1997 وه‌ هیچ سه‌رژمێرییه‌ك له‌ عێراق نه‌كراوه‌، بۆیه‌ هه‌موو ژماره‌كان مه‌زنده‌كراون و ته‌واو یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ نیین.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین