توركيا چۆن مامەڵە لەگەڵ دۆسيەى پەنابەرانى سووريا دەكات؟ شیکاری

نوچەنێت:

گفتوگۆكان لەسەر پەنابەرانى توركيا لە نێوان لايەنەسياسيەكانى توركيا بۆ گێڕانەوەيان بۆ وڵاتى خۆيان بەردەوامە، لە چەند رۆژى رابردوو ئاكپارتى و مەهەپە لە دوو لێدوانى جياواز رايانگەياند، "بەهۆى ئەو كۆتوبەندە توندانەى سووريا دايناوە بۆ گێرانەوەى ئاوارەكانى سووريا  گونجاو نييە."

لە لايەكى تريشەوە مەولوود چاوشئۆغلۆ، وەزيرى دەرەوەى توركيا ئاماژەى بەوە كرد، "دەكرێت لە پرسى رووبەڕووبوونەوەى تيرۆر و گێڕانەوەى ئاوارەكان بەبێ ئەوەى دان بە بەشار ئەسەد دابنێين پێكەوە كار بكەين، وەك چۆن بەبێ داننان بە حكومەتى تاڵيبان ئێستا پێكەوە كاردەكەين."

لە چەند رۆژى رابردوو، دەوڵەت باخچەلى، سەرۆكى مەهەپە، رايگەياند"پێويستە پەنابەرانى سووريا دواى ئاساييكردنەوەى باردۆخى وڵاتەكەيان رەوانەى شوێنى خۆيان بكرێنەوە، ئەو هاووڵاتيانەشى بۆ جەژنى رەمەزان دەچنەوە سووريا پێويست ناكات بگەڕێنەوە توركيا."

لەبەشێكى ترى قسەكانى جەختى لەسەر ئەوە كردەوە، "پێويستە چارەسەرێكى ريشەيى بۆ كێشەى ئاورەكان بكەين، بەبێ ئەوەى گرژى و ئاڵۆزى دروست بێت، چونكە لە ماوەى رابردوو چەند جارێك ئاڵۆزى لە نێوان پەنابەران و هاووڵاتيانى توركيا دروست بووە، ئەوەش كارێكى مەترسيدارە و كاريگەرى دەستى دەرەكى لەسەرە."

لەلايەكى ترەوە سلێمان سۆيڵۆ، وەزيرى ناوخۆى توركيا رايگەياند، "ئەو ئاوارەنەى بە بۆنەى جەژنى رەمەزان دەچنەوە باكوورى سووريا، لەكاتى گەڕانەوەيان ڕێوشوێنى توندتريان لە بەرانبەر دەگرينەبەر." لاى خۆشيەوە رەجەب تەيب ئەردۆغان، سەرۆك كۆمارى توركيا پاڵپشتى خۆى  بۆ قسەكانى وەزيرى ناوخۆى وڵاتەكەى دووپاتکردەوە.

 بەشنام كۆشير ئەكشار، پسپۆڕ لە زانستى كۆمەڵناسى رايگەياند، "پێويستە پرسى سەردانى سوورييەكان بۆ وڵاتەكەيان لە ديدێكى ترەوە سەير بكەين، چونكە ئەوان سەردانى كەسوكاريان لە ناوچە ئارامەكان دەكەن، ئەوانەشى سەردانييان كردووە سەيرى دۆخەكەيان كردووە باردۆخ لەوێ ئارامە، بەڵام ژمارەى ئەو كەسانەى دەچن زۆر نييە، بۆيە پێويست ناكات سنوورى كلتووريان بەڕوودا دابخرێت، بەڵكو دەبێت ئەو سنوورە كراوە بێت، تاوەكو ببێتە هاندەر بۆ گەڕانەوەى ئەوانەى تريش بۆ وڵاتەكەيان."

 فەهمى كۆرۆ، نووسەرى تورك ئاماژە بەوە دەكات، "لەو كاتەوەى بەهارى عەرەبى لە سووريا دەستى پێكردووە، ئەنجامى پێشبينييەكان لە پرسى سووريا كە دەسەڵاتى بەشار ئەسەد نوێنەرايەتى دەكات پێچەوانەى خواستى خەڵك بوو، حزبى بەعسى فەرمانڕەوا كەمترين خاڵى هاوبەشى لەگەڵ خەڵكى وڵاتەكەى هەيە، چونكە بەشار ئەسەد و بەرپرسانى باڵاى ئەو وڵاتە سەر بە كەمينەيەكى بچووكى  وڵاتەكەيانن."

 لە بەشێكى ترى قسەكانى ئەو نووسەرە توركە رايگەياند، "ژمارەى دانيشتوانى سووريا نزيكەى (20) مليۆن كەسە، بەڵام بەهۆى ئەو شەڕە نزيكەى پێنج مليۆن كەس ئاوارەى توركيا بوون، خۆ ئەگەر ژمارەى ئەوانەش وەربگرين كە ئاوارەى ئوردن و لوبنان بوون، ئەوە نزيكەى نيوەى دانيشتووانى سووريا  ناچار بوون وڵاتەكەيان جێبهێڵن و لە وڵاتانى دراوسێ داواى پەنابەرى بكەن."

لەبەشێكى ترى قسەكانى ئاماژەى بەوە كرد، "بەدرێژايى ساڵانى رابردوو كە شەڕ دەستى پێكردووە، بەهۆى وێرانبوونى شوێنى نيشتەجێبوون و دابينيكردنى ژيانى رۆژانەيان، دانيشتوانى سووريا بە ناچارى روويان لە توركيا كردووە، بۆيە ئێستاش لە وڵاتى خۆيان هەست بە ئارامى ناكەن، ئێستاش كە داواى گەڕانەوەيان لێ دەكەن چۆن دەتوانن بگەڕێنەوە، كە ئەوان شوێنێكيان نەبێت تێيدا نيشتەجێ بن و كاسبى تێدا بكەن."

لە لايەكى تريشەوە دەسەڵاتى بەشار ئەسەد نايەوێت، ئۆپۆزيسيۆنى وڵاتەكەى لە وڵاتانى دراوسێ بگەڕێنەوە، چونكە بەهۆى نەبوونى ئەوان باشتر دەتوانێت پارێزگارى لە دەسەڵاتەكەى خۆى بكات و زياتر هەست بە ئارامى دەكات.

 لە ناوخۆى توركيا گفتوگۆكان لەسەر ئەوەيە، كاتى ئەوە هاتووە ئەوانەى داواى پەنابەرى لە توركيا دەكەن، دواى (10) ساڵ پێويستە بگەڕێنەوە، بەڕاى فەهمى کۆرۆ، ئۆپۆزيسيۆنى توركيا دۆسيەى پەنابەران وەك كارتێك دژ بە حكومەتى توركيا بەكاردەهێنێت، لەبەرانبەريشدا حكومەتى توركيا زۆر توندە لەگەڵ ئەو كەسانەى دەيانەوێت بەو نزيكانە پەنابەران رەوانەى سووريا بكەنەوە، بەڵام لە قۆناغى ئێستا دەسەڵاتدارانى توركياش هاوشێوەى ئۆپۆزيسيۆن پێانوايە، كاتى ئەوە هاتووە پەنابەرەكان بەرێزەوە بگەڕێنەوە شوێنى خۆيان. 

لەلايەكى ترەوە ئوميت ئۆزداغ، سەرۆكى پارتى نەسڕى ئۆپۆزيسيۆن، پێى وايە پێويستە شاندێكى توركيا سەردانى سووريا بكات، بۆ گفتوگۆكردن لەسەر دۆسيەى ئەو كەسانەى داواى مانەوەى يەكجارى دەكەن.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین