ئەمەريكا تاوتوێى سەپاندنى سزا بەسەر كاباييڤا دەكات وەرگێڕان

نوچەنێت:

رۆژنامەى وۆڵ ستريت جۆڕناڵى ئەمەريكى بڵاويكردەوە، واشنتن و وڵاتانى رۆژئاوا بيريان لەوە كردۆتەوە، سزا بەسەر ئەلينا كاباييڤا، ياريزانى پێشوو بسەپێنن، كە بە دۆستى ڤلاديمێر پۆتين و دايكى سێ لە منداڵەكانى ناسراوە.

بەرپرسانى ئەمەريكا پێيانوايە، "كاباييڤا رۆڵى گەورەى لە شاردنەوەى سامانە تايبەتەكانى سەرۆكى رووسيا لە دەرەوە هەيە، بۆيە تا ئێستا ئەگەر هەيە سزاى بەسەردا بسەپێنن.
بەرپرسانى ئيدارەى ئەمەريكا رايگەياندووە، "سەپاندنى سزا بەسەر ئەو ياريزانە زەبرێكى كوشندە دەبێت بۆ پۆتين، ئەمەیش ئەگەرى هەيە ببێتە زيادبوونى ئاڵۆزييەكانى نێوان رووسيا و ئۆكراينا."

سەبارەت بە سزاكانيش بەرپرسانى ئەمەريكا جەخت لەسەر ئەوە دەكەنەوە، "وەزارەتى گەنجينەى ئەمەريكا چەند سزايەكى ئامادە كردووە، بەڵام تا ئێستا پشتڕاستى سزاكانى نەكردۆتەوە."

چاودێرانى سياسى پێيانوايە ئەو هەنگاوەى بەرانبەر كاباييڤا بەريەككەوتنى زياتر لە نێوان ئۆكراينا و رووسيا دروست دەكات، ئەوەش هەوڵەكانى ئاشتى نێوانیان پاشەكشە پێدەكات.

رۆژنامەكە ئەوەشى ئاشكرا كردووە، تا ئێستا وەزارەتى دەرەوە و گەنجينەى ئەمەريكا  كار لەسەر ئەوە دەكەن ئەو سزايانە لەچوارچێوەى زانيارى هەواڵگرى و زانيارى تر ئامادە بكرێت، بۆيە پێويستە ئەنجومەنى ئاسايشى نەتەوەيى ئەمەريكا بەر لە راگەياندنى واژۆى لەسەر بكات، هەرچەندە وەزارەتى گەنجينە سزاكانى ئامادە كردووە، بەڵام ئەنجوومەنى ئاساييشى نەوەتەوەيى پێش بڵاوكردنەوەى ناوى خۆى لە ليستەكە كشاندەوە.

بەرپرسانى وەزارەتى گەنجينەى ئەمەريكا ئاماژەيان بەوە كردووە، سزايان بۆ ژمارەيەك كەس ئامادەكردووە كە هێشتا سزاكانيان بەسەر نەسەپێندراوە، بەڵكو تا ئێستا بير لە كاتى جێبەجێكردنى ئەو سزايانە دەكەنەوە، بۆ ئەوەى زۆرترين كاريگەريان هەبێت.

بەگوێرەى هەڵسەنگاندنى بەرپرسى پێشووى هەواڵگرى ئەمەريكا، كاباييڤا كەسێكى نزيكە لە پۆتينە و سوودى لە سامانەكەى سەرۆكى رووسيا وەرگرتووە.

بەرپرسانى رۆژئاوا بەتەواوى نازانن پێگەى كاباييڤا لە كۆشكى كرملين چى بووە، بەڵام هەندێكيان پێيانوايە، كاباييڤا يەكێكە لەو كەسايەتييە خاوەن هەژموونانە لە رووسيا، ئەوەش بەهۆى نزيكيەتى لە پۆتين.

ئەليكسى ناڤالى، سەرۆكى ئۆپۆزسيۆنى رووسيا لەسەرەتاى ئەو مانگە هانى ئەمەريكاى دا سزا بەسەر ئەو ئافرەتە بسەپێنێت، جەختى لەسەر ئەوە كردەوە،  كاباييڤا هاوكارە بۆ شاردنەوەى سامانى سەرۆكى رووسيا.

ئەمەريكا سزاكانى بەسەر پۆتين و دوو كچەكەى و بزنسمان و سياسيەكانى نزيكى سەپاندووە.

لە ماوەى رابردووش حكومەتى ئۆكراينا داواى لە وڵاتانى رۆژئاوا كرد سزا بەسەر ئەلينا كاباييڤا بسەپێنن، بۆ ئەو مەبەستە پەرلەمانى ئۆكراينا داواى لە سويسرا كرد رێگە نەدات ئەو ئافرەتە بچێتە ئەو وڵاتە، وە هەر موڵکێكى هەبێت دەستى بەسەر دابگرێت.

لاى خۆشيانەوە دەسەڵادارانى مۆسكۆ بەردەوام رەتى دەكەنەوە هيچ پەيوەندييەك لەنێوان پۆتين و كاباييڤا هەبێت، خودى سەرۆكى رووسياش لە چەند بۆنەيەك ئەوەى رەتكردۆتەوە. 

كاباييڤا كێيە؟

كاباييڤا لە ئۆزبەكستان لە دايك بووە، لەناوەندى وازى لە قوتابخانە هێناوە و بەردەوامى بە وەرزش داوە، لە (2004) لە ئۆڵپمياتى ئەسينيا مەدالياى زێڕى وەرگرتووە، كەسێكە بەخاوەن جووڵەى تايبەت بەناوبانگە.

تا ئێستا (21(  مەدالياى لە پاڵەوانيەتيەكانى ئەوروپا و (14) مەدالياى لە پاڵەوانيەتەكانى جيهان وەرگرتوە.

لە ساڵى (2008) وازى لە ياريزانى هێنا، چووە ناو كايەى سياسى لە پارتەكەى پۆتين بوو بە پەرلەمانتار، لە (2014) بوو بە سەرۆكى كۆمەڵەى نيو ميدياى رووسى، كە ماڵپەڕەكانى كەناڵ و راديۆ و پێگەى هەواڵى نزيك لە حكومەتى لەژێر دەست بوو.

بەگوێرەى داتاكانى نووسينگەى تۆمارى زەوى لە رووسيا كاباييڤا و نزيكەكانى خاوەنى شەش شوقە و خانوو و زەوين لە چوار ناوچەى زۆر گرانبەهاى رووسيا.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین