شوان کەریم: ئەگەر قەیرانی خۆراک دروست ببێت لەسەر دانەوێڵە دروست دەبێ شیکاری ئابوری

لاڤین عومەر: نوچەنێت

شوان کەریم جێگری سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ لە پەرلەمانی کوردستان، لە گفتوگۆیەکی تایبەت بە نوچەنێت، ئاماژە بەهۆکارەکانی کەمی دانەوێڵەو وشکە ساڵی دەکات و دەڵێت: شەڕی ئۆکرانیا یەک لەو هۆکارانەیە کە نرخی خۆراکی گرانکردووە.

نوچەنێت: پێشنیارتان بۆ داهاتی دانەوێڵەی ئەمساڵ چییە. ئایا بە بەراورد بەساڵی رابردوو زیاتر دەبێت یا کەمتر؟

شوان کەریم: بەداخەوە نەخێر، ئێمە پێشبینیمان دەکرد لە ساڵی (2021-2022) دووبەرامبەر بەروبوم زیاد بکات، بەڵام بەداخەوە بەهۆی وشکە ساڵییەوە پێمانوایە، داهاتی بەربومی دانەوێڵەی ئەمساڵ (500هەزار بۆ700 هەزار) تێناپەڕێت.

نوچەنێت: هەندێک ناوچەی کوردستان لەوانە گەرمیان، بەتەواوی وشکە ساڵی راگەیاند، بەبڕوای ئێوە باشترین و خراپترین ناوچەی کشتوکاڵی ئەمساڵ کامەیە؟

شوان کەریم: بە پێی دوا راپۆرتی کەشناسی هەرێمی کوردستان، ناوچە شاخاوییەکانی هەولێر زۆرترین بارانی لێ باریوە، بەڵام رێژەی داهات بەراورد ناکرێت بە رێژەی بارینی باران لەبەر ئەوەی بارینی باران دەبێت هەردوو وەرزەکەی زستان و بەهار بگرێتەوە بۆ ئەوەی بەربومەکان لەکاتی خۆیدا پێڕا بگات، بەداخەوە لە دەستپێکی زستان، دەتوانم بڵێم لە دەستپێکی کوردستان جگە لە گەرمیان دەستپێک باش بوو بارانی باش باری، بەڵام لە وەرزی بەهار بارانەکە نەما و بەهارەکە دواکەوت و بووە هۆی وشک بوون و پێنەگەیشتنی و دروست نەبوونی بەروبومەکان، بەداخەوە دوێنی پارێزگاری هەولێر لە سنوری هەولێریش وشکە ساڵی راگەیەند.

نوچەنێت: زانیاری ئەوەتان هەیە، چەندە رووبەری کشتوکاڵی دانەوێڵە ئاو دەدرێت و چەندەی پشت بە باران دەبەسترێت؟ دەکرێت بەڕێژەو مەزندە ئەوە بزانین؟

شوان کەریم: لە شوێنێک بۆ شوێنێک جیاوازی هەیە، ئەگەر بێین بەراورد بکەین لە پارێزگای هەولێر، واتا دەورو پشتی هەولێر وەک، (قوشتەپە، پیرداود، کەپران، شەمامک و دەشتی هەولێر، قەزای خەبات بە تێکڕایی) ئەوە رێژەیەکی زۆر باشە، دەتوانم بڵێم(50 بۆ 60٪) زەوییەکان بەر ئاون واتا ئاو دەدرێن، ئەگەر بچیتە سەرەوە بۆ( هەریر ، شەقڵاوە) لەوانەیە (25٪)زەوییەکان بەر ئاوبن دوای هەولێر ئەگەر بچێتە قەزای ئاکرێ زۆر زەوی بەر ئاوی هەیە، دوای ئەو دەشتی شارەزور زۆرترین زەوی بەر ئاوی هەیە، لەسەر ئاستی کوردستان، ئەوانەی تر رێژەیەکی وا نییە.

نوچەنێت: ماوەیەک لەمەوبەر حکومەتی هەرێم کۆبووە. بۆ ئەوەی تاوتوێی پلانێک بکات لە رووبەڕووبوونەوەی قەیرانی خۆراک ئێوە دەزانن وردەکارییەکان چییە؟

شوان کەریم: بابەتی رووبەڕووبونەوەی قەیرانی خواردەمەنی، دوو تەوەر لەخۆ دەگرێت، تەوەرێک بەهۆی شەڕی نێوان روسیاو ئۆکرانیا ئەو جەنگ بەرۆکی جیهانی گرتووە، بێگومان ئێمەش وەکو هەرێمی کوردستان و عێراق بەشێکین لەو جیهانە، ئەوە یەکێکە لە هۆکارەکانی خواردەمەنی بە گشتی لەسەر ئاستی جیهان بەرز بووەتەوە.

هەروەها بەهۆی کەمی باران و دەرامەت و بەروبوم ئەوەشیان بابەتێکی ترە حکومەتی عێراقی و حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ هەردوو بابەت، بۆ خواردەمەنییەکانی کە لەسەر ئاستی جیهانی گرانبوون کە زیاترە لە (15) ماددە، ئەنجومەنی وەزیران بە دوو قۆناغ باجی لەسەر هاوردەکردنی خۆراکەکان هەڵگرت بۆ ماوەی دوومانگ، لەدووای ئەو دوومانگە ئەگەر بێت و گرانی هەبێت و بەردەوام بێت لەوانەیە ماوەکە درێژ بکرێتەوە ئەوە وەکو هاوکاری و ئاسانکارییە بۆ هاوڵاتیان و دانیشتوانی هەرێمی کوردستان، هەروەها بۆ نەبوونی دانەوێڵەش، ئێستا حکومەتی عێراق پلانی هەیە پڕۆژە یاسایەک ئامادە کراوە بچێتە پەرلەمانی عێراق، بۆ ئەوەی هەم فۆرمی خۆراک پێ دەڵێن لەوێ چەند ماددەیەک زیاد بکرێت یاخود بڕەکانیان زیاد بکرێت، بودجەیەکی تایبەتیش دیاری بکرێت بۆ کڕینەوەی دانەوێڵە لە وڵاتانی جیهان.

نوچەنێت: پەرلەمانی عێراق خەریکی تاوتوێ کردنی ئاسایشی خۆراکە، چەندە تەنسیق لەگەڵ ئێوە کراوە؟ یان بۆچوونی ئێوە لەسەر ئەم پڕۆژە یاسایە چییە؟

شوان کەریم: بەپێی نوێنەرانی هەرێمی کوردستان کە لە پەرلەمانی عێراق بوونیان هەیە، هەروەها نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەر لەسەرەتای داڕشتنی پێشنیازە یاساکەو بەر لەوەی بڕواتە پەرلەمانی کوردستان بۆ هەموو ئاستەکان بەجددی کاری لەسەر دەکرێت، وەکو بودجەکانی تری گشتی عێراق، داندراوە کە هەرێمی کوردستان بێبەش نەکرێت لە پشکی خۆی، بەپێی ئەو یاسا سیادییانەی کە هەیە حکومەتی هەرێمی کوردستان و دانیشتوانی هەرێمی کوردستانیش لێی سودمەند بن. 

نوچەنێت: وەک دەزانرێت بەپێی پڕۆژە یاسای ئاسایشی خۆراک پارەیەکی زۆر تەرخان دەکرێت لە چەند کەرتی جیاوازدا، بەڵام دیار نییە چەندە بەر هەرێمی کوردستان دەکەوێت، ئێوە لەسەر ئەم بابەتە بۆ چونتان چییە؟

شوان کەریم: ئەگەر ئێمە بگەڕێینەوە بۆ ساڵانی رابردوو، دوای (2012) بە پیلان و بەرنامە لەلایەن دەسەڵاتدارانی بەغدا دەست بۆ قوتی خەڵکی کوردستان بردرا، ئەو تەوەرەش بابەتی قەزایە سیادییەکان ئەوانەی ئەو بابەتانەی کە لە ئەستۆی حکومەتی ناوەندایە کە لە بودجەی سیادی پارەیان بۆ تەرخان دەکرێت، بە- بەردەوامی بەشی کوردستان خوراوە و دوای شەڕو چونێکی زۆر، بەشێکی کەم ئێمە توانیبێتمان سود لەو بودجەیە وەربگرین کە مافی هەرێمی کوردستانە بە- بەردەوامی خۆیانی لێ دەدزنەوە.

نوچەنێت: ئەگەر قەیرانێک لەبواری خۆراک دروست بێت، ئەوا بەدیاری کراوی لەسەر چ بابەتێکی خۆراکی دەبێت؟ (دانەوێڵە یاخود سەوزە)

شوان کەریم: بێگومان دانەوێڵە، چونکە دانەوێڵە بابەتێکی سەرەکی خۆراکە لە هەموو دنیا وەکو گەنم، جۆ، پاقلەمەنییەکان ئەوانە هەم خۆراکی مرۆڤی لێ دروست دەبێت هەم خۆراکی ئاژەڵەکانیشی لێ دروست دەبێت و دروست کردنی بابەتەکانی تریش زۆربەی زۆریان لە دانەوێڵە دروست دەبێت وەکو شیرنەمەنی، کێک و ماکارۆنی، هەرشتە ..هتد بابەتی زۆر دەگرێتەوە، بۆیە دانەوێڵە لەگەڵ پاقلەمەنییەکان دەبێتە بابەتێکی سەرەکی پێداویستی دانیشتوانی هەموو جیهان بە بەردەوامی.

نوچەنێت: لەپاڵ باسکردنی مەترسی قەیرانی گەم، کێشەیەکی تر لە هەرێمی کوردستان دەردەکەوێت، ئەویش گرانبونی گۆشتی سورە کە بە (16) هەزار دینار بوو، پێشبینی دەکرێت ببێت بە (20) هەزار هۆکاری ئەم کێشەیە چییە؟ ئایا ئێوە پێشبینیتان بۆ نرخی گۆشتی سور چییە؟ ئێمە بەدواداچوونمان کردووە کە زیاتر کێشەکە بۆ گرانبوونی ئالیک دەگەڕێتەوە، بۆچی نەتوانراوە ئەم کێشەیە چارەسەر بکرێت؟

شوان کەریم: ئەگەر بێت و سەیر بکەی بابەتەکان هەموویان بەیەکەوە گرێ دراون، بۆ نمونە ئەگەر لەسەر ئاستی جیهان نرخی یەک تۆن گەنم (300)دۆلار بێت لە بۆڕسەی جیهانی تا ئێستا ئەگەر بەرز بێتەوە بۆ (450)دۆلار بێگومان لەو حاڵەتە گەنمەشامی و ئەوانەی تریش لەگەڵی بەرز دەبێتەوە، کە بەرز دەبێتەوە ئۆتۆماتیکیەن ئالیکی ئاژەڵەکانیش بەرز دەبێتەوە، کە بەرز دەبێتەوە تێچووی بەخێو کردنی ئاژەڵەکان زیاتر دەبێت بێگومان لەو کاتە نرخیش بەرز دەبێتەوە کە تێچوو زیاتر بوو لە نرخ بۆ مەجبوری نرخی وەبەر هێنانەکە زیاد بکەیت .

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین