ئەردۆغان سەردانى سعووديە دەكات شیکاری

نوچەنێت:

دواى چوار ساڵ لە كوژرانى جەمال خاشقچى، رۆژنامەنووسى سعوودى لەناو كونسڵخانەى سعووديە لە ئيستەنبوڵ، بڕيارە رەجەب تەيب ئەردۆغان، سەرۆكى توركيا سەردانى رياز بكات و لەگەڵ شا سەلمان كۆبێتەوە.

ماڵپەڕى (ميدل ئيست ئاى) بڵاويكردەوە، بڕيار بوو رۆژى پێنجشەمەى داهاتوو ئەردۆغان سەردانى سعوودييە بكات، بەڵام سەردانەكە بۆ مانگى داهاتوو دواخرا.

لە ماوەى رابردوو توركيا پێشوازى لە يەكێك لە داواكانى سعووديە كرد، كە گواستنەوەى دۆسيەى دادگايكردنى تۆمەتبارانى كوشتنى جەمال خاشقچى بوو بۆ وڵاتەكەيان. 

پێشتر ئەو دۆسيە پەيوەنديى رياز و ئەنقەرەى بە تەواوى ئاڵۆز كردبوو، بەڵام توركيا لە ماوەى رابردوو بۆ بەهێزكردنەوەى ئابوورى وڵاتەكەى بڕيارى دا پەيوەندييە سياسيەكانى لەگەڵ وڵاتانى ناوچەكە ئاسايى بكاتەوە، كە سعووديەش يەكێكە لەو وڵاتانەى توركيا پەيوەندى لەگەڵ ئاسايى دەكاتەوە.

ماڵپەڕەكە ئەوەى ئاشكراكردووە، بن سەلمان سەرزەنشتى ئەردۆغانى كردووە، كە ئەمەريكيەكانى هێناوەتە ناو ئەو دۆسيە و لە رۆژەكانى سەرەتادا  كۆتايى پێنەهێناوە. 

هەرچەندە لە توركيا ئەو دۆسیيە كۆتايى پێهاتووە، بەڵام داوا ياساييەكە لە دادگاى ئەمەريكا هێشتا ماوە، كە لەلايەن دەستگيرانى خاشقچى و  كۆمەڵەى ديموكراتەكان لە پێناو جيهانى عەرەبى هێشتا نەكشێندرايتەوە.. 

بەرپرسێكى باڵاى توركيا كە ئاگادارى ناوەڕۆكى گفتوگۆكانى نێوان ئەو دوو وڵاتەيە رايگەياند، "هەرچەندە پێشتر سعوودييە ئاساييكردنەوەى پەيوەندييەكانى لەگەڵ توركيا بەلاوە گرنگ نەبوو، بەڵام لەدواى ئاساييبوونەوەى پەيوەندى ئەنقەرە و ئەبوو زەبى، سعووديە جددييە لە ئاساييكردنەوەى پەيوەندييەكانى لەگەڵ ئەو وڵاتە،  دەيەوێت ببێت بەبەشێك لە ئاساييكردنەوەى پەيوەندييە ديپلۆماسييەكانى ئەو ناوچەيە."

بەهۆى هەوڵەكانى ئاساييبوونەوەى پەيوەندييەكان، لە سێ مانگى يەكەمى ئەمساڵ، هەناردەكردنى كاڵاى توركى بۆ سعووديە بە رێژەى لە (25%) بەرزبۆوە.

بەگوێرەى رۆژنامەى میللەت، چاوەڕوان دەكرێت سعووديە لەدواى جەژنى رەمەزان هەنگاوى تر بهاوێت، هەناردەكارانى توركياش دەڵێن، "لە ماوەيەكى  نزيك قەبارەى بازرگانيان لەگەڵ سعووديە بەرز دەبێتەوە." 

كۆمپانياى فڕۆكەوانى سعووديە رايگەياند، "دەستيان بە ئامادەسازى كردووە بۆ دەستپێكردنەوەى گەشتەكانيان لە فڕۆكە خانەى ئيستەنبۆڵ بەتايبەت بەر لە دەستپێكردنى حەج، چاوەڕوان دەكرێت لە مانگى داهاتوو گەشتە سەرەتاييەكان دەستپێ بكاتەوە."

نوێنەرى پيشەسازى توركى رايگەياند، "ئەگەر هەيە هەناردەيان بۆ سعووديە دەست پێبكاتەوە، كە پێشتر بڕەكەى گەيشتبووە دوو مليار و (700) مليۆن دۆلار، كە ئەگەر هەبوو لە ماوەى ساڵێك بگاتە سێ مليار دۆلار.

هەروەها سعووديە يەكێك بوو لەو پێنج وڵاتەى تا (2020) زۆرترين كاڵاى بۆ ڕەوانە دەكرا، كازم تايجى كانديد بۆ سەرۆكى كۆمەڵەى هەناردەكارانى دانەوێڵ و پاقلەمەنى و بەرهەمانى رۆنى زەيت رايگەياند، "لەگەڵ بايكۆتى كاڵا توركيەكانيش ئينجا هەناردەمان بۆ سعووديە زياتر لە سێ مليار بووە."

مستەفا گول تەبە، سەرۆكى يەكێكى هەناردەكارانى جلوبەربەگ رايگەياند، "لە ماوەيەكى كەم توانيمان بايى (250 بۆ 300) مليۆن دۆلار جلوبەرگ هەناردەى سعووديە بكەين."

ئەحمەد گولاچ، سەرۆكى يەكێتى كۆمەڵەى كەلوپەلى ناوماڵ دەڵێت، "لەدواى ئەڵمانيا سعووديە دووەم وڵات بوو زۆرترين كاڵامان بۆ هەناردە دەكرد، زۆربەى شوێن و هوتێلە بەناوبانگەكان كەلوپەلى توركييان بەكار دەهێنا، هەروەها بەگەڕانەوە بۆ سعووديتە كەرتى بيناسازى و خانووبەرەش بەرزدەبێتەوە، پێداويستيەكانى ناوماڵيش لە (10%) زياد دەكاتەوە."

لەگەڵ بايكۆتى كاڵاى توركى لەلايەن سعووديەوە، هەناردەى توركيا لە (2019) لە سێ مليار و (292) دۆلار بوو، لە  (2020) بۆ دوو مليار و (292) مليۆ دۆلار دابەزى، لە ساڵى رابردوو بۆ (186) مليۆن دۆلار دابەزى.

ئەو سزایانە تەنیا لەسەر هەناردەی توركی نەبوو، بەڵكو كەرتی بەڵێندەرایەتیشی گرتەوە، بەگوێرەی داتای سەندیكای بەڵێندەرانی توركیا، كۆمپانیا توركییەكان لە (2018) داهاتیان لە پڕۆژەكانی سێ ملیار و (43) ملیۆن دۆلار بوو، ئەو بڕە لەناكاو لە (2019) بۆ (559) ملیۆن دۆلار دابەزی، لە (2020) بۆ (21) ملیۆن دۆلار دابەزی.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین