عەلى باباجان لە هاوپەيمانى هێزە ئۆپۆزيسيۆنەكان كشايەوە شیکاری

نوچەنێت:

عەلى بابەجان، سەرۆكى پارتى ديموكراسى و پێشكەوتن لە كۆبوونەوەى حزبەكەى رايگەياند، "بڕيارى پارتەكەمان ئەوەيە بۆ هەڵبژاردنى ساڵى داهاتوو بەتانيا بە دروشمى تايبەت بەبێ چوونە پاڵ هيچ هاوپەيمانييەك بەشدارى هەڵبژاردنەكان دەكەين."

باباجان لەبەشێكى ترى قسەكانى جەختى لەسەر ئەوە كردەوە، "لە هەڵبژاردنى داهاتوو بەتەنيا دەتوانن رێژەى لە (7%) تێپەڕێنن، ئێمە پابەنديش دەبين بە هەموو ئەو بەڵێنانەى كە لە كۆبوونەوەى گفتوگۆى شەش پارتەكە داومانە، ئامادەى هەموو بەشدارييەكين لەو پرسانەى پێكەوە كارى لەسەردەكەين، ئێمە خواستێكى بەهێزمان هەيە بۆ فراوانكردنى ئەو بوارانەى كە پێكەوە لەگەڵ لايەنەكانى ترى ئۆپۆزيسيۆن دەتوانين كارى لەسەر بكەين."

سەبارەت بە بەشدارى پارتەكەى لە هەڵبژاردنى سەرۆكايەتى، سەرۆكى پارتى ديموكراسى و پێشكەوتن گوتى، "كانديدى هاوبەش بۆ هەڵبژاردنى سەرۆكايەتى زامنى سەركەوتنە، ئەگەر نەگەيشتينە رێككەوتن ئەوا بژاردەى جۆراوجۆرمان لەبەردەستە، بەڵام پلانى يەكەممان بريتييە لە يەك كانديدى هاوبەش بۆ پارتە ئۆپۆزيسيۆنەكان."

لە ماوەى رابردوو قسە لەسەر ئەگەرى دروستكردنى هاوپەيمانييەك لە نێوان پارتى ديموكراسى و پێشكەوتن و پارتى سعادەت و پارتى ئاييندە هەبوو، بەڵام كارامولا ئۆغلۆ لە چەند رۆژى رابردوو رايگەياند، "لەدواى گۆڕينى ياساى هەڵبژاردنەكان كەشێكى نوێ لەنێوان پارتە ئۆپۆزيسيۆنەكان دروستبووە، هيچ پابەنديەك بەكاركردن لە هەموو كاتێك پێكەوە نامێنێت، بۆيە لەوانەيە بەهۆى ياساى نوێى هەڵبژاردنەكان هاوپەيمانى سێيەم دروست بێت،  پارتە بچووكەكان بيريان لەوە كردۆتەوە پێكەوە بچنە هاوپەيمانييەك كاريگەرترە لەوەى بەتەنيا بچنە ناو هاوپەيمانييەوە، چونكە لەو حاڵەتەدا ئەگەرى چوونيان بۆ پەرلەمان و هەبوونى پەرلەمانتار بەناوى خۆيانەوە بەهێزتر دەبێت."

بەڵام دواتر كاراموللا روونكردنەوەى دا، كە مەبەستى ئەوە بووە، هاوپەيمانى لەناو هاوپەيمانى دروستبكەن.

كوبڕا باڕ، نووسەرى تورك رايگەياند، "پارتى ديموكراسى و پێشكەوتن دوو بۆچوونى هەيە، يەكەم پێيوايە لە چوارچێوەى ئاكپارتى خاوەنى جەماوەرێكى سەرەكييە دەتوانێت بۆخۆى رايكێشێت، بۆيە پێويست ناكات ئەو جەماوەرە موحافزكارە لەخۆى دووربخاتەوە، سياسەتى ئەو پارتە لەگەڵ پارتى ئايندە و سعادەت لێك نزيكە، بۆيە دەكرێت لە داهاتووێكى نزيك لە هاوپەيمانييەك يەك بخرێن، بۆچوونى دووەمى، بەتەنيا بەشدارى هەڵبژاردنەكان بكات، چونكە ئەو سايەتەى پێشوو چارەسەرى كێشەكانى توركيا ناكات."

كليچدار ئۆغلۆ، سەرۆكى جەهەپە هەوڵدەدات پارێزگارى لە گەورە كردنى شەش لايەنەكە بكات بۆ ئەوەى بەبێ هيچ هاوپەيمانييەك ناوەخۆيى، ياخود هاوپەيمانى سێيەم بچنە هەڵبژاردن، بۆيە چەند پێشنيازێكى هەيە لەوانە پارتە بچووكەكان لەگەڵ جەهەپە و پارتى چاكە بەشدار بن.

پارتە ئۆپۆزيسيۆنەكانى كە بە موحافيزكار ناودەبرێن، ترسيان لەوە هەيە كە ئەگەر بچنە پاڵ جەهەپە و پارتى چاكە، نەتوانن دەنگى موحافيزكارەكان راكێشن.

بەگوێرەى راپرسيەكانى توركياش، ئەستەمە پارتى ديموكراسى و پێشكەوتن ناتوانێت رێژەى ياسايى تێپەڕێن، بەگوێرەى دوايين راپرسى كە لە رۆژانى (17 و 22)ى ئەم مانگە لە (41) ناوچەى توركيا ئەنجام دراوە، چوار هەزار و (385) كەس بەشدارييان كردووە، پارتەكەى باباجان تەنيا لە (2.1%) دەنگى بەدەستهێناوە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین