ئابوریناسێک: تا بەرهەمی ناوخۆییمان نەبێت ئاسایشی خۆراکمان نابێ شیکاری ئابوری

لاڤین عومەر: نوچەنێت

ئابوریناسێک دەڵێت: لەبەرئەوەی ئێمە کەلوپەلمان لە دەرەوەبۆدێت و بەرهەمی ناوخۆییمان نییە بۆیە ئاسایشی خۆراکیشمان نییە، ئەگەر وڵاتانی دەروروبەر دەروازەکانیان دابخەن لە برسا دەمرین.

نوچەنێت: هۆکاری گرانبونی شتومەک چییە لە بازاڕدا؟

هۆشمەند رەفیق: خاڵی یەکەم بەشێوەیەکی گشتی ئەگەر خواست لەسەر کاڵاو شتومەک لە بازاڕ زیاد بێت لە ئاست داخوازی خەڵک زۆر بوو لە بەرامبەردا خستنە روو وەک خۆی بوو یاخود کەم بوو ئەوە یەکێکە لە هۆکارەکان کە بەرز دەبێتەوە.

خاڵی دووەم، زۆرجاریش گیروگرفت دروست دەبێت، تێچوی کەلوپەلەکان لەسەر ئاستی دونیا، یاخود ئاستی ناوخۆ زیاد دەبێت، بۆ نمونە کرێی کرێکار زیاد دەبێت، سوتەمەنی یەکێکە لە هۆکارەکان کاتێ کە نرخی بەرز دەبێتەوە بێگومان ئەوە وادەکات هۆکارەکانی بەرهەم هێنان بە هەمان شێوە، تێچوەکەی بەرز بێتەوەو خەرجییەکانی زیاد بێت، کرێی گواستنەوە زیاد بێت، کارگەکان بۆ نمونە کرێی کارەبا بەرز بێتەوە ئەوانیش بەهەمان شێوە یاخود رسومات زیاد بکرێت لەلایەن حکومەتەوە، یاخود گومرک زیاد بکرێت ئەوانە هەموو دەبێتە هۆکاری ئەوەی تێچوەکەی زیاد بێت و بەرز بێتەوە ئەگەر وای لێبێت، لەبەرامبەردا نرخی ئەو کەلوپەل و کەرەستەکان دەخرێتە بازاڕ بەنرخێکی بەرزتر بخرێتە بازاڕ، ئێمەش لە هەرێمی کوردستان بەراورد بە وڵاتی تر جیاوازی هەیە، نرخی کەلوپەل لە تورکیا لە ئێران بەرز ببێتەوە لەبەر ئەوەی زۆربەی کەلوپەل و کەرەستەکانی ئێمە کاڵاکانمان و خواردەمەنییەکانمان لە ئێران و لە تورکیا هاوردە دەکەین، هەر حاڵەتێک هەڵبەز و دابەزی نرخ لەو وڵاتانە کاریگەری دەبێت لەسەر هەرێمی کوردستانیش.

خاڵێکی دیکەش هەیە، گۆڕانکاری لە بەهای دراوی قورسە بەتایبەتی دۆلار، ئێمە لە کوردستان دراوی قورس وەکو نیمچە فەرمی بەکار دەهێنین، لەکاتی بەرز بوون یاخود نزم بوونەوەیی بەهاکە بەهەمان شێوە کاریگەری لەسەر بەرز بوون و نزم بونی کاڵاکان و کەرەستەی ناوخۆی لە هەرێمی کوردستان دەکات، بەڵام لە عێراق لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا، یان ساڵی رابردوو بە تایبەتی، کە بەهای دراوی ناوخۆی کەمکرایەوە بەهای دراوی قورس بەرز کرایەوە بەتایبەتی ئەوە وای کرد رێژەی (20٪تا 25٪) بەهای دراوی ناوخۆیی کەمبێتەوە لە بەرامبەردا نرخی کەلوپەل و کەرەستەکان بەرز بۆوە، زۆرجاریش لە بۆنەکاندا بەتایبەت رەمەزان و جەژنەکاندا بەتایبەت خەڵک خواستێکی ئێجگار زۆر لەسەر کەلوپەل، کەرەستە، کاڵا، و خواردەمەنییەکان هەیە ئەوەش وا دەکات کە خەڵک رێژەیەکی یەکجار زۆر لەسەر ئەو شتانە هەبێت نرخ لەلایەن فرۆشیار و بەرهەم هێنەرەکان بەرز بکرێتەوە.

نوچەنێت: بەپێی بەدواداچوونی ئێوە لەکامە بوار زیاتر گرانبوونەکە دەرکەوتووە؟ ئایا خۆراکە، کرێیە، یاخود کەرتی تەندروستییە؟

هۆشمەند رەفیق: بەشێوەیەکی گشتی هەموو کەرتەکانی گرتووەتەوە، بەڵام لە بۆنەکاندا تەنیا خواردەمەنییەکانی گرتووەتەوە، خواردەمەنییە، جلوبەرگە، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی لە ئێستادا لە عێراق و هەرێمی کوردستان نرخی هەموو کەلوپەلەکان بەرز بووەتەوە لەبەر ئەوە ئەو جەنگەی ئێستا لە نێوان روسیا و ئۆکرانیا هەیە یەکێکە لە هۆکارەن ، وشکە ساڵی هۆکارێکی ترە، بەشێوەیەکی گشتی هێشتا ناکرێ پێی بڵێین هەڵئاوسان، چونکە لە ئێران و لە تورکیا یا لوبنان هەیە کۆمەڵێ وڵاتانی تریش کەهەیە بەتایبەتی ئەوروپا، هێشتا هەڵئاوسان رووی نەداوە لەماوەی ساڵێکدا ئەو رێژەیەی بەرز بوەوە ئەو کاتە ناوی لێدەنێین هەڵئاوسان بەڵام ئێستا بەرز بوونەوەی نرخە، بەڵام ئێستا نرخەکان رۆژ بە رۆژ (50٪ جاری واش هەیە100٪) بەرز دەبێتەوە هەموو کەلوپەلو کەرەستەکان تەنیا لە یەک بواردا کۆناکرێتەوە.

نوچەنێت: ئەگەر باسی گرانبونی خۆراک بکەین، لەگەڵ کامە بوار پەیوەندی هاوتەریبی هەیە، لەگەڵ کامەشیان پەیوەندی پێچەوانەی هەیە، مەبەستم ئەوەیە بڵێم چ شتومەکێکی تر نرخی بەرز دەبێتەوە چ شتێکیش بە پێچەوانەوە بازاڕی سست دەبێت؟

هۆشمەند رەفیق: ئەوە هیچ پەیوەندییەکی بەوانی ترەوە نییە، چونکە خواردەمەنی پێداویستییەکی رۆژانەیە، ئەوە یەکێکە لە شتە گرنگەکانی ژیانی مرۆڤ لەسەر ئاستی دونیادا، پێش هەمووشتێک پێداویستییەکانی مرۆڤ چییە؟ بێگومان خواردنە، دواتر  پێداویستی ماددی و نا مادیی مان هەیە، پێداویستییە مادییەکان کە سەرەتا خواردنە دواتر جل و بەرگە ئینجا شوێنی نیشتەجێبوون ئینجا ئاستی رۆشنبیری و ئەوانی دی دەگرێتەوە پەروەردەیە تەندروستییە، بەڵام پێش ئەوانەی کە بڵێی پەیوەندییەکی هاوتەریبی هەبێت یاخود پێچەوانە یا راستەوانە، هیچ شتێک نییە لە ئێستادا چونکە نرخی هەموو کەلوپەلو پێداویستییەکان هەمووی لەیەک کاتدا بەرز بۆوەتەوە.

نوچەنێت: دەگوترێ گرانبونی شتومەک لە دونیا پەیوەندییەکی راستەوخۆی بە بارکردن و گواستنەوە هەیە،(نقل و شحن) ئەمە تا چەند راستە؟

هۆشمەند رەفیق: بێگومان، جگە لە پەیوەندی گواستنەوە پەیوەندی تێچووەکان بەشێوەیەکی گشتی کاتێک نرخی سوتەمەنی بەرز دەبێتەوە بێگومان کارگەکان سوتەمەنی بەکار دەهێنن ئەوە وادەکات تێچوی بەرز بێتەوە کاتی بەرهەم هێنان، لە هەمانکاتداتێچوی بەنزین یاخود گاز ئەگەر بەرز بێتەوە نرخەکەی کرێ و باری ئەو کاڵایانە بەرز دەبێتەوە، ئەوەش دیسانەوە دەخرێتە سەر کاڵا و شتومەک لەکاتی فرۆشتندا، ئەو کرێکارەی کە کاری تێدا دەکات بەهەمان شێوە یاخود باج یا رسوماتی حکومەت کاتێک لە گومرگ و دەروازە سنورییەکان و فڕۆکە خانەکان و یا لەناوخۆیی کرێی دوکان، کاتێک فرۆشیارەکە کرێکەی دوکانەکەی بەرز دەکرێتەوە یاخود کرێی کارەبا یا ئاوەکەی زیاد دەکات هەموو ئەوانە دەبێتە هۆی کەلوپەلو کەرەستەکان بە شێوەیەکی راستەوخۆ بەرز بێتەوە.

نوچەنێت: بۆچی گواستنەوە کێشەی تێکەوتووە؟

هۆشمەند رەفیق: لە ئێستادا سوتەمەنی بەرز بووەتەوە، بۆ نمونە بارهەڵگرێک باری بە نرخێک گواستبێتەوە، ئێستا بە نرخێکی بەرزتر دەیگوازێتەوە، لەبەر ئەوەی بەنزین لەگەڵ ساڵی رابردوو بەراوردی بکەین (490-390) دینار بووە بۆ هەر لیترێک، لە ئێستادا لە (1000) بەسەرەوەیە (٪100) بەرز بووەتەوە ئەو نرخەی کە بەرز دەبێتەوە بێگومان کرێ دەکەوێتە سەر ئەو کەسەی کە کاڵاو کەرەستەکان دەگوازێتەوە، دەچێتە سەر ئەو کاڵایەی کە دەشفرۆشرێ هۆکارەکەی ئەوەیە.

نوچەنێت: پێتوایە دەستکاری کردنی نرخی دینار بەرامبەر عێراق بتوانێت ئەم کێشەیە سنوردار بکات؟

هۆشمەند رەفیق: لەسەرەتادا ئەوەی لە عێراق رویدا ئەوەی وەزارەتی دارایی بڕیارێکی هەڵە و نا مەنتقی بوو لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستانیش نە دەگونجا، ئەوان هاتن لاسایی وڵاتی (چین) یان کردەوە ویستیان بەرهەمی ناوخۆیی لەلایەن خەڵکەوە داواکاری لەسەر بێت و پشتگیری جوتیاران بکەن، یان کارگەکان ناوخۆییەکان و پیشەسازییەکان بکەن، لە کاتێکدا عێراق و هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی گشتی رێژەیەکی هەرە زۆری کەرەستەکان و کەلووپەلەکان لە دەرەوە هاوردە دەکات لەو کاتە ئەو بڕیارە راست بوو کە ئێمە کەلوپەلو کەرەستەکانمان ناوخۆی بوو، بەڵام لە ئێستادا گۆڕانکاری لەسەر دراوی خۆمان کە دراوی نیشتمانی عێراقییە جارێکی کە هاوشێوەی ساڵانی رابردوو بکرێتەوە ئەوە بڕیارێکی هەڵەیە، چونکە تازە ئەو نرخە جێگیرەو جارێکی تر دانابەزێت، ئەگەر داشبەزێت ئەوەندە کاریگەری و لێکەوتەی نابێت لەسەر ژیانی خەڵک و بار گرانییەکە کەم نابێتەوە لەسەر ژیانی خەڵک بەڕێژەیەکی ئێجگار زۆر بووە چونکە تازە نرخەکان بەرزکراونەتەوە، جگە لەوەش کە نرخی سوتەمەنی لە هاوشانی جیهانی بەرز بووەتەوە، و ئاسایشی خۆراک لە ژێر مەترسیدایە، عێراق کاتێک دەتوانێ ئەو بڕیارە بدات کە ئەو نرخە دابەزێنێت کە سستەمەکە سستەمێکی ئابوری بێت و خۆی بتوانێت تەداخول بکات و چاودێری بێت، بەرهەمە ناوخۆییەکانی بەرهەمی خۆی بێت، هیچ بەرهەمێک لە دەرەوە نەهێنێت، بەرهەمەکانی کەرەستەی خاویش هی خۆی بێت کارگەکان لە ناوخۆ بێت لەبەرامبەردا حکومەت بڕە پارەیەک تەرخان بکات بۆ پشتگیری جوویاران و خاوەن کارگەکان و کەرتی پیشەسازی بەتایبەتی و کەرتی کشتوکاڵی.

نوچەنێت: لە بازاڕەکاندا تێبینی دەکرێت شتی ورد بەرێژەی سەرو سەداسەد گرانبووە، رەنگە هاوڵاتی بایەخ بەم گرانبونە نەدات، بەڵام ئەمە چ کاریگەرییەکی بۆ داهاتی خەڵک هەیە، بەتایبەت ئەوانەی خاوەنی داهاتێکی مام ناوەندن؟

هۆشمەند رەفیق: بەشێوەیەکی گشتی ئەوانەی کە داهاتیان کەمە ئێمە بە زمانی ئابوری پێی دەڵێین داهات سنوردارەکان، موچە خۆرەکان، موچەخۆر ئەگەر ساڵی رابردوو نرخی کەلوپەل بە دوو هەزار بێت، موچەکەی هەرچەندێک بێت، ئێستا بە پێنج هەزارە، موچەکەی هەمان شتە گۆڕانکاری بەسەردا نەهاتووە، هێزی کڕینی ئەو کەسە ئێستا وەکو جاران نییە چونکە ئەو بڕە پارەی کە لەدەستی دایە داهاتی راستەقینەی هەر هەمان داهاتە، بەڵام کە خەرجی دەکات کە پێشتر (500) هەزاری خەرج کردبێت ئێستا ملیۆنێک و نیوی هەبێت، هەمان ئەو (500) هەزارەیە، هەمان هێزی ئەو کڕینەیەی هەیە، بۆیە ئەگەر سەیری کەی بە شێوەیەکی گشتی کاریگەری لەسەر داهات سنوردارەکان کردووە، ئەگەر بایەخیشی پێ نەدا لە کۆی گشتی مانگەکە سەیری دەکات ئەو خەرجییەی پلانی مانگانەی بۆ دانابوو بەراوردی دەکات لەگەڵ رۆژانە ئەوکاتە لێکەوتەکەی بەدیار دەکەوێت، بەڵام بۆ کەسانی دیکە- کە داهاتیان جێگیر نییە داهاتیان گۆڕانی بەسەردا دێت بازرگانەکان، کەرتی تایبەت، وەکو موچەخۆر نییە موچەیان نییە، بەشێوەیەکی گشتی ئەوانە خۆیان داهاتیان هەڵبەزو دابەز دەکات بە بەردەوام لەگەڵ هەر بەرز بوونەوەیەک و فرۆشتنێکی زۆر و قازانجی زۆر ئەوانە کاریگەریان لێ ناکات ئەوانە گوێ نادەن بەنرخی هەرشتێک کە بەرز بێتەوە یاخود نزم بێتەوە، بەڵام بۆ کەسانی داهات سنوردار و موچەخۆران کەسانی دیکە ئەوانەی لەکەرتی تایبەتیش ئیش دەکەن و موچەیان هەیە، موچەکەیان جێگیرە بە دڵنیاییەوە کاریگەریان لێدەکات.

نوچەنێت: حکومەتی عێراق پڕۆژە یاسایەکی داوەتە پەرلەمان بەناوی پاڵپشتی فریاکەوتن و ئاسایشی خۆراک تێبینیت لەسەر ئەم یاسایە چییە؟

هۆشمەند رەفیق: خۆی یاساکە گرنگ نییە کە دەردەچێت، لە هەموو وڵاتان یاسا دەردەچێت، بە تایبەتی عێراق و کوردستانیش ئەو یاسایانەی کە دەردەچن گرنگ ئەوەیە چەند جێبەجێ دەکرێت بۆ نمونە ئێستا ئەگەر بێتو بەشە خۆراک دابەش نەکرێت نرخی (زەیت، شیر، ئارد، شەکر، برنج )ئەوانە کە دەدرێت لە بەشە خۆراک ئەگەر چی کوالێتی نزمە لە بازاڕدا بە جۆرێک  لە جۆرەکان رێگری بکرێت لە بەرز بوونەوەیەکی خێرایی نرخ بۆ ئەوەی هەڵئاوسان دروست نەبێت، بێگومان ئەو یاسایەش گرنگی دەبێت لێکەوتەی دەبێت لەسەر ئەوەی ئێستا بمێنێتەوە نرخەکان ئەگەر بەرزیش بێتەوە بەرز بوونەوەکە کاریگەری لەسەر ژیانی خەڵک نەبێت بە شێوەیەکی گشتی، بە تایبەت داهات سنوردارەکان، شتێکی باشە، بەڵام تا چەند جێبەجێ دەکرێت ئەوە جێی پرسیارە.

نوچەنێت: هەوڵەکانی حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق بۆ چارەسەرکردنی قەیرانە ئابورییەکان چۆن هەڵدەسەنگێنیت؟

هۆشمەند رەفیق: بەرای من هەوڵەکان  کە تا ئێستا کە بینیومانە بەکردار، چونکە تۆ دەبێت ئاماژەت هەبێت ئەو ئاماژانەی کە حکومەتی عێراق و کوردستانی خۆمان کردوویانە لە رابردوو چۆن بووە بە پێی ئەو پلانە ستراتیژیانەیش بووە دایان مەزراندووە، هەنگاوەکان جێگای دڵخۆشی نین، هەرێمی کوردستان و عێراقیش، ئەوانەی لە سۆشیال میدیا کە باس دەکرێت لە رووی کردارەوە بەراستی ئەوە نییە کە ئێمە دەیبینین، حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان ناتوانن هیچ شتێک بکەن، بە پێی ئەو سیستەمە ئابوریییەی کە ئێمە هەمانە ناتوانن تەداخولی بازاڕ بکەن لەبەر ئەوەی لە بازاڕدا کەلوپەلی ناوخۆییمان نییە، تا ئەوان نەتوانن کەرتی ناوخۆ سەربەخۆ بکەن، خۆماڵی بکەن، کەرتی پیشەسازی ناوخۆیی بکەن کەلوپەلو کەرەستەکان لەناوخۆ بەرهەم بێت پاڵپشتییەکی ماددی بودجەیەکی زەبەلاحی بۆ تەرخان بکرێت لە رێگای ساڵانەوە ئەوان ناتوانن بە هیچ شێوەیەک، چەندین یاسا و پڕۆژە یاساش بدەنە ئەنجومەنی نوێنەران لێرە لە کرداردا هیچ ئەنجامێکی نابێت وەکو خۆیەتی وەکو ئەوەیە، کە ئێمە لە عێراق لە دوای ساڵی (2003) بینیومانەوە، لە ساڵی (1991) پەرلەمانی کوردستان دروست بووە هیچ ئەنجامێکی نەبووە، ئەگەر ئەنجامەکەشی هەبێت، ناگاتە بە رێژەی(5٪) کە کەرتە ئابورییەکانی هەبێت، لە عێراق و هەرێمی کوردستان.

نوچەنێت: رەخنە لە حکومەت دەگیرێت کە گوایە ناتوانێت نرخ کۆنتڕۆڵ بکات، بەڵام ئەگەر کێشەکە جیهانی بێت حکومەتی هەرێم چۆن کۆنتڕۆڵی بکات؟

هۆشمەند رەفیق: بەدڵنیاییەوە راستە ئەگەر کێشەکە جیهانی بێت، لەو کاتەدا ناتوانێت کێشەکە کۆنتڕۆڵ بکات کە کێشەکە جیهانی بێت (برنجی ناوخۆی، ئاردی ناوخۆی، گەنمی ناوخۆی) کەلوپەلی ناوخۆی بێت بەرهەمی خۆماڵی بەشێوەیەکی گشتی هەمووی کارگەی جلو بەرگت هەبێت کە بەرهەمی دەهێنێت، ئەو کاتە دەتوانێت تەداخول کات، بەڵام کاتێک نرخی کەلوپەل لە هەر وڵاتێک کە هاوردە دەکرێت کە بەرز دەبێتەوە بێگومان حکومەت ناتوانێت تەداخول کات لەبەر ئەوەی هی خۆی نییە لە بەر ئەوەی بەرزە بە بەرزی دەیفرۆشێتەوە، بازاڕی ئازادیش لە ئێستادا سیستەمی ئابوری کوردستانیش ئێمە تا ئێستا پاشکۆی عێراقین ئەو سیستەمەمان بازاڕی ئازادە بازاڕی ئازادیش کێ بڕیار دەدات، حکومەت تەنیا دەتوانێت وەکو چاودێربێت، کاریگەری نابێت لەسەر نرخەکان، ئەو چاودێرە لە عێراق و هەرێمی کوردستانیش نییە بەداخەوە، زیاتر چاودێرییەکی روکەشە، بە کردار نییە بۆیە ئێمە هەرکاتێک ئەو سیستەمە ئابورییە جێبەجێ بکەین یاسای خواست و خستنە روو لە ئابوریدا هەیە ئەگەر خواست زۆر بوو خستنەڕوو کەم بوو ئەگەر خستنە روو زیادیش بێت لە هەمان کاتدا خواست هەر زۆر بوو بێگومان پەیوەندییەکە وای لێ دێت کە نرخەکە هەر بەرز بێت و حکومەت نەتوانێت تەداخول بکات، وەکو ئەوەی لە هەرێمی کوردستان زۆرجار لە بۆنەکان جەژنەکان یاخود رەمەزان، قائیمقامی فڵان شوێن یاخود فڵان شار کە دەڵێت چاودێری بازاڕ دەکەین نا‌هێڵین نرخ بەرز ببێتەوە، لەکرداردا کوا رۆڵی قائیمقامیەت و پارێزگار لە کوێیە؟ رۆڵی وەزارەتی بازرگانی کوا نرخەکە بەرز دەکرێتەوەو کەسیش ناتوانێت تەدەخول بکات، چونکە ئەو نرخە پەیوەندی بە ناوخۆوە نییە، کەلوپەلو کەرەستەکە تێچوی زۆرە، ئەو کاتە دەتوانن تەدەخول بکەن کە بەرهەمەکە هی خۆمان بێت. 

نوچەنێت: بە کورتییەکەی، ئایا هەرێمی کوردستان خاوەنی ئاسایشی ئابوری و ئاسایشی خۆراکە؟

هۆشمەند رەفیق: نەخێر من لە چەند شوێنێکی تریش باسم کردووە ئاسایشی خۆراکی هەرێمی کوردستان، ئەگەر تا ساڵی (2003) رێژەکەی باشتر بوو، بەڵام دوای ساڵی (2003) ئەو بودجەییەی کە بۆ حکومەتی عێراق وهەرێمی کوردستان هات تا رادەیەک کەرتی کشتوکاڵ و پیشەسازی باشتر بوو، لە ئێستادا لە مەترسیدایە چونکە داتاکان ئاماژەکان پێمان دەڵێن ئەو ژمارانەو کەلوپەلانەی لە وڵاتانی دیکە مانگانە یاخود ساڵانە هاوردەکردنی کەلوپەلو کەرەستە بەتایبەتی لە تورکیا(10) ملیارە لە ئێران (5)ملیارە لە هەندێ شوێن(15) یە و لە هەندێ شوێن دەگاتە (20) ملیۆن دۆلار ئێمە کەلوپەلو کەرەستە لە دەرەوە هاوردە دەکەین. میوەو سەوزەشمان هەر لەدەرەوەیە( برنج، ئارد، گەنم) هەموو شتێکمان هەر لەدەرەوە هاوردە دەکرێت بۆیە ئاسایشی خۆراکی هەرێمی کوردستان لەیەک حاڵەتدا لە یەک چرکەدا ئێران و تورکیا دەروازەکانمان لێداخەن، وەکو ئەوەی لە ساڵی(2017) کردیان بە کوردی خۆمان هەرێـمی کوردستان لە برسا دەمرێت، بۆیە ئێمە ئاسایشی خۆراکمان نییە لە ئێستادا لە ئاسایشەکانی تریش کە گرنگە وەکو ئاو زۆر گرنگتر  کە دەبوایە ئێمە لە رابردوودا کاری لەسەر بکەین ئاسایشی خۆراکە کە پەیوەندی بە ژیانی خەڵکەوە هەیە، لە هەر حاڵەتێکدا ئەو دەروازانە داخران هەرێمی کوردستان رووبەڕووی مەترسییەکی مرۆیی دەبێتەوە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین