كەی ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەکانى توركیا و میسر ڕادەگەیێندرێت؟ شیکاری

نوچەنێت:

سەرەڕای ئەوەی زیاتر لە ساڵێكە هەنگاوە سەرەتاییەكانی توركیا بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییە ناوچەییەكانی بەرانبەر میسر گرتۆتەبەر، بەڵام تا ئێستا بەراورد بە ئاساییكردنەوەی ئیسرائیل و سعوودیە و ئیمارات زۆر سستە، ئەوەش چەندین پرسیاری سەبارەت بە هۆكارەكانی دواكەوتنی ئاساییبوونەوەی پەیوەندی نێوان ئەو دوو وڵاتە دروستکردووە؟

لەكاتی سەردانی بۆ سعودیە رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاند، "وڵاتەكەی ئامادەیە هاوشێوەی ئیسرائیل پەرە بە گفتوگۆكان لەگەڵ میسریش بدات."

لە ماوەی رابردوو مەولوود چاوشئۆغلۆ، وەزیری دەرەوەی توركیا رایگەیاند، "ئەگەر هەیە سامح شوكری، وەزیری دەرەوەی میسر سەردانی ئیستەنبۆڵ بكات"، بەڵام تا ئێستا ئەو سەردانە نەكراوە، وەزارەتی دەرەوەی میسریش هیچ لێدوانیكی لەسەر نەداوە.

لە دوو گەڕی گفتوگۆكان لە ساڵی رابردوو هەوڵدراوە رێگە خۆش بكرێ بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوانیان كە ماوەی هەشت ساڵە بچڕاوە، بەگوێرەی چاودێرانی سیاسی توركیا نییەتباشی خۆی دەربڕیووە، هەنگاویشی بە ئاراستەی ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكان ناوە، دەزگا راگەیاندنەكانی ئۆپۆزیسیۆنی دژ بە عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆكی میسری راگرت. پێشتر میسر ڕاگەیاندبوو، "پێویستە چالاكییەكان بەتەواوی رابگرن، نەك تەنیا لەرێگەی كەناڵەكان بەڵكو لە رێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانیش چالاكییەكان رابگرن، كە پێشتر وەك چارەسەركردنی جێگرەوە روویان لە توركیا كردووە."

موكمیلین دۆسیەكەی كردەوە

ئۆپۆزیسیۆنی توركیا چەندین كەناڵ و مینبەری لە توركیا هەبوو، كەناڵەكانی موكمیلین و شەرق و وەتەن لە توركیا دژ بە عەبدولفەتاح سیسی بەرنامەكانیان پەخش دەكرد، لە رووداوێكی چاوەڕواننەكراودا كەناڵی موكمیلین پەخشی وڵاتەكەی بۆ دەرەوەی توركیا گواستەوە، تا ئێستا هیچ شوێنێكی نوێی دیاری نەكردووە.

كەناڵەكە لە راگەیێندراوێك دا روونیكردەوە، "بۆ پارێزگاری لە سروشتی رووماڵی راگەیاندنمان سوورین لە بەردەوامیدان بە پەیامی راگەیاندن، بەهۆی ئەو باردۆخە سوورین گەیاندنی پەیامەكانمان، ئیدارەی كەناڵەكە بڕیاری دا ستۆدیۆكانی بگوازێتەوە دەرەوەی توركیا."

موهەند حافز ئۆغلۆ، لێكۆڵەری سیاسی رایگەیاند، "لەو نزیكانە میسر هەندێك هەنگاوی كورتمەودا دەگرێتەبەر، داخستنی كەناڵی موكمیلین بۆ ئامادەسازییە بۆ ئەو هەنگاوانە."

لە بەشێكی تری قسەكانی موهەند ئاشكرای كرد، "هەماهەنگیەكی رانەگەیێندراو لە نێوان ئەنقەرە و قاهیرە هەیە، ئەو جۆرە شێوازە پێشتر لە نێوان توركیا و سعوودیە هەبوو، بەڵام دۆخی میسر سستترە، ئەوەش بەهۆی دوو دۆسیە، كە كەناڵەكانی ئۆپۆزیسیۆن و هەندێك سەركردەی ئیخوان لە توركیایە، كە دەسەڵاتدارانی میسری هێشتنەوەی ئەو دوو دۆسیە جێگەی قبوڵكردن نییە، بەتایبەت لە ناوخۆی میسر بەگشتی و دەسەڵات بەتایبەتی."

لەلایەكی ترەوە كەرەم سەعید پسپۆڕ لە ناوەندی لێكۆڵینەوەی سیاسەت و ستراتیژی رایگەیاند، "بیرۆكەی داخستنی كەناڵی موكمیلین، هەنگاوێكی گرنگە بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی قاهیرە و ئەنقەرە، بەڵام ئەو ئاساییكردنەوە لە ماوەیەكی نزیك روونادات، بەڵكو لە داهاتوو روودەدات."

ئیخوان بەربەستی سەرەكییە

ساڵی رابردوو وەزیری دەرەوەی میسر ستایشی هەنگاوەكانی توركیا كرد بۆ لادانی بەربەستەكانی بەردەم ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوانیان، راشیگەیاند، "میسر داواكاری و چاوەڕوانی تری لە توركیا هەیە، بەڵام رەچاوكردنی ئەو داخوازیانەمان لەلایەن توركیاوە بەربەستەكانی بەردەم پڕۆسەی ئاساییكردنەوە لادەدات."

لەبەرانبەردا ئەردۆغان رایگەیاند، "میسر بۆ توركیا وڵاتێكی ئاسایی نییە، ئەنقەرە هیوادارە لەگەڵ میسر و وڵاتانی كەنداو هەنگاوەكانی زیاتر بكات، بە جۆرێك سوودی هەموو لایەك هەبێت، ئێمە و میسر بواری زۆرمان لەبەردەمە بۆ ئەوەی پێكەوە لە دەریای ناوەڕاستەوە بۆ لیبیا هاوكاربین."

مەحمود عەلوش لێكۆڵەری سیاسی كاروباری توركیا رایگەیاند، "لاوازی هەنگاو بۆ پەیوەندی نێوان ئەنقەرە و قاهیرە پەیوەستە بە وردەكاری قەیرانی نێوانیان، ئەو وردەكاریانەیە لەگەڵ وڵاتانی تریش لەسەر ناكۆکن، وایكردووە پەیوەندی دیپلۆماسی دەسەڵاتی ئەردۆغان و سیسی بەتەواوی بپچڕێت، ئەو گۆڕانكاریانەی دوای كودەتا بەسەر مورسی وایكرد هێزە ناوچەییە كاران زیاتر لەو پرسانە تێوەبگلێن و ململانێكان چەندین ناوچەیان گرتەوە."

قووڵایی بۆشاییەكەیە                                                                   

خاڵێكی تری ناكۆك لە نێوان  توركیا میسر پرسی هێزەكانی ئەنقەرەیە لە لیبیا، وەزیری بەرگری توركیاش جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە، "هێزەكانی وڵاتەكەی لە لیبیا دەمێننەوە و جێی ناهێڵن."

ناكۆكیەكانی نێوان ئەو دوو وڵاتە لەسەر بنەمای هەوڵەكانی توركیایە بۆ گەڕان بەدوای وزە لە دەیاری ناوەڕاست بۆ وزە.

كەرەم سەعید لەبەشێكی تری قسەكانی رایگەیاند، "ئەو دۆسیە میسری نەبردۆتە پێشەوە بەتایبەت میسر لەگەڵ قوبرس و یۆنانی نەیاری توركیا لەو ناوچەیە هاوپەیمانە، ئەویش بەبێ دانانی چوارچێوەیەكی یاسایی ئەو كێشەیە بەتەواوی چارەسەر نابێت."

سەبارەت بە پرسی لیبیا، عەلوش پێیوایە، "ئەو پرسە تا ئێستا پرسێكی سەرەكی ناكۆكی نێوان توركیا و میسرە، میسرییەكان گرەو لەسەر كۆتاییهێنان بە چارەسەركردنی هەموو كێشە هەڵپەسێردراوەكان دەكەن، لەوانەش كشانەوەی توركیا لە لیبیا، ئەوەشی دیارە ئەوان لەو پرسە واقیعترن چونكە دەیانەوێت بۆ تێپەڕاندنی قۆناغی راگوزەر هاوئاهەنگ بن."

توركیا بەرەو ئەوە هەنگاو دەنێت رێككەوتنی دیاریكردنی سنوورە ئاوییەكان لەگەڵ میسر واژۆ بكات، وەك دەستكەوتێكی سەرەكی ئاساییكردنەوەی كردنەوەی پەیوەندییەكان، بۆ ئەوەش قاهیرە لە هەرێككەوتنێك سوودمەند دەبێت، چونكە كاریگەری لە هاوكێشەی گازی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەهێز دەبێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەوڵدەدات نزیكبوونەوەی لە ئەنقەرە كاریگەری لەسەر پەیوەندییەكانی یۆنان و قوبرس نەبێت.

سیناریۆی چاوەڕوانكراو

چاودێرانی سیاسی پێیانوایە ئامانج لە سیاسەتی نوێی دەرەوەی توركیا ئامانجی ئابوورییە، هەندێك خاڵی ناوخۆیش هەیە پەیوەستە بە ئامادەسازییەكان بۆ هەڵبژاردنەكانی ساڵی داهاتوو، لە ماوەی رابردووش لەسەر ئاستی ئابووری هەنگاو هەبووە، سیناریۆی چاوەڕوانكراویش ئەوەیە هەردوو وڵات هەناوبەهەنگاو پەیوەندییەكانیان ئاسایی بكەنەوە.

بۆ ئەوەش ئاماژە هەیە، پەرەپێدانی پەیوەندی ئابووری لە چوار ملیار و (500) ملیۆن دۆلارەوە بۆ (10) ملیار دۆلار، ئاماژەیەكی تر پەیوەستە بە لێدوانی بەرپرسانی سیاسی هەردوو وڵات و داخستنی كەناڵی موكمیلین.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین