ئێران

ئاماده‌كردنى، نوچه‌نێت

هەموو ساڵێک زیاتر لە سەد کوردی ناڕازی ئێران، کە هەندێکیان تەنیا پانزە ساڵ تەمەنیانە، سەرەڕای ئەوەی لە کاتی تێپەڕاندنی سنوورە شاخاوییەکاندا گیانیان دەکەوێتە مەترسییەوە، خۆیان دەگەیەننە هەرێمی کوردستان.

ئامانجیان ئەوەیە بڕۆنە ناو کۆمەڵە، واتە ئەو حزبە سیاسییە کوردە کە ئێستا لە تاراوگەیە. بنکەی ڕاهێنانی کۆمەڵە لە سەد کیلۆمەتری سنوورەکانی هەرێمی کوردستاندا هەڵکەوتووە. 

ئەو کەسانە بۆ گەیشتن بە بنکەکانی کۆمەڵە پێویستە چەندین مەیدانی مین، پاسگە سنوورییەکان و ئەو پاسەوانە قەناس بەدەستانە  کە لە بەرزاییەکاندا جێگیر کراون بە سەرکەوتوویی تێپەڕێنن. 

ئەگەر لە به‌دبه‌ختى لە لایەن چەکدارانی سوپای ئێرانەوە دەستگیر بکرێن، لێپرسینەوەیان له‌گه‌ڵ دەکرێت و بێگومان زیندانی دەکرێن و ئەگەری زۆرە لە سێدارەیش بدرێن. 

ئەندامانی کۆمەڵە کە بە شێوەی نهێنی لە ناوخۆی ئێراندا چالاکن لە ناو ڕێگادا یارمەتی ئەو کەسانە دەدەن. ئاواتی ئەو گەنجانە ( ژن و پیاو) ئەوەیە کە لە ڕیزەکانی کۆمەڵە وەربگیرێن. 

لە بنکەی فێرکاریی و ڕاهێناندا، سەرەتا پرۆسەی وەرگرتن تێدەپەڕێنن، ئەو پرۆسەیە بریتییە لە چەندین قۆناغی پرسیار و بەدواداچوون. ئامانجی ئەو پرۆسەیە دۆزینەوە و دەرکردنی ئەو کەسانەیە کە لەوانەیە سیخۆڕی ئێران بن و هەروەها دیاریکردنی ئەوەی کە ئایا ئەو کەسانە تایبەتمەندییە پێویستەکانیان بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ سەختی و ئاستەنگەکان و گوشارە جەستەیی و ڕۆحییەکاندا هەیە بۆ ئەوەی ببنە پێشمەرگە یان نا.

کۆمەڵە بە شێوەیەکی تایبەت ڕێگای بە "BBC" دا بۆئەوەی چاودێری قۆناغی وەرگرتن تا پەسەندکردنی ئەو لاوانە و ڕاهێنانیان وەک چالاکانی سیاسیی لێهاتوو و هەروەها وەک پێشمەرگە بکات کە ماوەی یەک ساڵ درێژەی هەیە. 

بە تەواوەتی ڕێگامان پێدرا لە بنکەکانی ڕاهێناندا بگەڕێین و لەگەڵ هەر کەس پێمان خۆشە قسە بکەین و مۆڵەتی تۆمارکردنی فیلممان پێدرا لە هەر کەس خۆامن پێمان باشە. 

ئەو فیلمە دیکیومێنتارییە سەبارەت بە چوار گەنجە (دوو ژن و دوو پیاو) و گوشار و گومانە تاکەکەسییەکانیان لە ماوەی ئەو قۆناغە دژوارەدا کە لە بنەماڵەکانیان دوور بوون نیشان دەدات. 

کۆمەڵە لە دەیەی ١٩٧٠دا وەک بزووتنەوەیەکی چەپگەرا لە ئێراندا دامەزرا و چووە ڕیزی دژبەرانی پاشای ئێرانەوە، بەڵام دواتر لە سەردەمی ئایەتۆڵا خومەینیدا ناچار کرا ڕوو لە تاراوگە بکات. ئەو حزبە لەو کاتەوە تا ئێستا چەندین جیابوونەوە و دابڕانی بە خۆیەوە بینیوە و چەندین لقی لێ بووەتەوە. ڕابەری ئەو کاتی کۆماری ئیسلامیی بە دەرکردنی فەتوایەک لە دژی حزبە کوردەکان، ئەندامانی ئەو حزبانەی بە کافر ناساند کە گوایە ئامانجی ئەوان ڕاوەستاندنی پێشڕەوی و پەرەسەندنی ئیسلامە.

 ئەو گرووپە لە ئێستادا بە مەبەستی بەرگریکردن لە مافی کوردەکانی ئێران خەبات دەکات کە لە کۆنەوە دانیشتووی ناوچەکانی باکووری ڕۆژاوای ئەو وڵاتەن. ئەو ڕێکخراوەیە دەڵێت بەشێکی زۆر لە بیر وبڕوا مارکسییەکانی پێشووی خۆی وەلا ناوە و ئێستا خوازیاری دامەزراندنی ئێرانێکی دیموکراتیک، سکیۆلار و فەرەچەشنە کە تیایدا مافەکانی هەموو هاووڵاتییان ڕێزیان لێ بگیرێ. 

سەرەڕای ئەوە، ئەندامانی کۆمەڵە یەکجۆر جلوبەرگی سەربازیی دەکەنە بەر و هەموویان چەکدارن. ڕابەرەکانیان دەڵێن هۆکاری هەڵگرتنی چەک و ڕاهێنانی چەکداریی تەنیا بە مەبەستی بەرگریکردن لە خۆیانە. 

کۆمەڵە کە لە بنکەکەی خۆی لە هەرێمی کوردستاندا چالاکی دەکات، زۆر جار هەندێ پێشمەرگە دەنێرێتەوە بۆ ناوخۆی ئێران 

کۆمەڵە کە لە بنکەکەی خۆی لە هەرێمی کوردستاندا چالاکی دەکات، زۆر جار هەندێ پێشمەرگە دەنێرێتەوە بۆ ناوخۆی ئێران بۆ ئەوەی لەوبەر سنوورەکاندا ئامادەبوونی ڕێکخراوەکە نیشان بدات و پشتیوانی بۆ خۆی و ئامانجەکانی دەستەبەر بکات.

 ئەو ڕێکخراوەیە هەروەها تۆڕێکی ژێرزەمینی چالاکی دروست کردووە کە بە مەبەستی خۆڕاگری لە بەرانبەر دەسەڵاتی تاراندا، زۆر جار ئوپەراسیونی کورت خایەن و چاوەڕواننەکراو جێبەجێ دەکەن. 

بەرپرسانی ئێران کۆمەڵە بە ڕێکخراوەیەکی تیرۆریستی دا دەنێن و جار و بار بنکەکانیان لە ناوخۆی عێراقدا دەکەنە ئامانج.

 لەو فیلمەدا، ئەو گەنجانەی بوونەتە ئەندامی کۆمەڵە باس لەو سەرکوتە سیاسیی و کۆمەڵایەتییە دەکەن کە لە دژی کوردەکان ئەنجام دەدرێ.

لە قوتابخانەکاندا بە زمانی کوردیی وانە ناڵێنەوە و گەنجانی کورد بڕوایان وایە کە لە بواری خوێندن و پەروەردە و رەخساندنی هەلی کار جیاوازی و هەڵاواردن دەکرێ و ئەوان دەچەوسێننەوه‌.

ئەو گەنجانە دەڵێن بە پێچەوانەی ئەو ئاستەنگانەی لە کۆماری ئیسلامیدا لە دژی ژنان هەیە، کوردەکان زیاتر ڕەفتاری بەرابەریخوازانەیان سەبارەت بە ژنان هەیە. 

بەشداریکردنی ژنان هەر لە سەردەمی دامەزرانی کۆمەڵەوە لەو ڕێکخراوەیەدا بەرچاو بووە. 

لە ڕاستیدا پرسی "كوشتن له‌سه‌ر نامووس"، کە بە وتەی ئەندامانی کۆمەڵە لە ئێراندا دیاردەیەکی ئاساییە، لە ڕوانگەی کوردەکانەوە بە تەواوەتی ڕەت دەکرێتەوە. 

ئەو کەڵکەڵانە لە پاڵ مەیلی توند بۆ چارەسەرکردنی نادادپەروەری پاڵنەری ئەو گەنجانەیە کە بە تازەیی هاتوونەتە ڕیزەکانی کۆمەڵە بۆ خۆقوربانی کردن و گیانفیدایی کە مەرجی پێشمەرگایەتییە. 

پێشمەرگایەتی کارێکی ئاسان نییە. دوای قۆناغی وەرگرتن، پێویستە ئەندامانی کۆمەڵە لە قۆناغێکی دژواری فێرکاری چەکداریی و مانۆڕە مەیدانییەکاندا بەشدار بن و هاوکات لە کاتی دیاریکراودا پاسەوانیش بدەن.

 لە ڕووی سۆزدارییه‌وه‌ ڕووبەڕووی ئەزموونێکی دژوار دەبنەوە. زۆربەی ئەو گەنجانە پێشتر هەرگیز لە خێزانەکانیان دوو نەکەوتوونەتەوە و لە سێ مانگی سەرەتای فێرکاریی و ڕاهێناندا ڕێگایان پێ نادرێ لەگەڵ بنەماڵەکانیان پەیوەندی بگرن.

 هەڵبەت هەمووشیان لەو تاقیکردنەوەدا سەر ناکەون. هەندێکیان ئەوێ بەجێ دەهێڵن و بەرەو ئەورووپا دەڕۆن. هەندێکی تریان بڕیار دەدەن بگەڕێنەوە بۆ ئێران. بەڵام ئەوانەی کە دەمێننەوە و دەبنە پێشمەرگە بەو هیوایە کە کۆمەڵە دواجار سەربکەوێت، خۆیان بە بەرپرسیار دەزانن. 

بەرپرسانی ئێران هێشتا وەڵامی داواکاری (BBC)یان نەداوەتەوە سەبارەت بە ڕوانگەی خۆیان دەربارەی ئەو فیلمە دۆکیومێنتارە.

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین