ئەمەریکا داوا لە تورکیا و یۆنان دەکات سیستەمى مووشەکى بەرگرى بە ئۆکراینا بدەن شیکاری

نوچەنێت:

ماڵپەڕى (star)ـى تورکى لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکراى دەکات، ئەمەریکا داواى لە تورکیا کردووە، سیستەمى مووشەکى بەرگرى (ئێس 400) بە ئۆکراینا بدات لە بەرامبەر هێرشەکانى ڕووسیا بۆ سەر ئەو وڵاتە، بەڵام بە هۆى ڕازى نەبوونى تورکیا، ئەمەریکا لە ئێستا فشارى لەسەر یۆنان درستکردووە، تاوەکو سیستەمى مووشەکى بەرگرى (ئێس 300) بە ئۆکراینا بدات.

بەپێى ڕاپۆڕتەکەى ئەو ماڵپەڕە تورکییە، پاوڵ کۆڵبى، بەڕێوەبەرى پێشووى دەزگاى (CIA) لە وتارێکدا لە ڕۆژنامەى وۆڵ ستریت جۆرۆناڵ، ئاشكراى كردووە، "ئەمەریکا پێشنیارى كردوو توركيا سیستەمى مووشەکى بەرگرى (ئێس 400) ڕووسى بە ئۆكراينا بدات". لەلايەكى ترەوە ڕۆژنامەى نیورۆک تایمز جەختى لەسەر ئەو پێنشیازەى ئەمەریکا بۆ تورکیا کردۆتەوە، بەرپرسانى ئەمەریکا سەبارەت بە پێدانى سیستەمى مووشەکى بەرگرى (ئێس 400)ڕووسى بە ئۆکراینا گفتوگۆیان لەگەڵ ئەنقەرە کردووە.

لە بەرامبەردا ئاژانسى رۆیتەرز لە هەواڵێکدا ڕەتیکردۆتەوە، ئەمەریکا ڕاستەوخۆ داواى لە تورکیا کرد بێت سیستەمى مووشەکى بەرگرى (ئێس 400)ـى ڕووسى بە ئۆکراینا بدات، بەڵكو تەنها وێندى شێرمان، جێگرى دەرەوەى وەزیرى ئەمەریکا ، لە سەردانێکى بۆ تورکیا بە کورتى ئەم  بیرۆکەیەى خستۆتە بەردەم توركەكان.

ڕاپۆرتەکەى ئەو ماڵپەڕە تورکییە ئاماژە بەوەدەکات، "لە میدیاکانى یۆنان چەند ڕۆژێکە ئەم بابەتە باسدەکرێ، ئەمەریکاش بەو ئاراستەیە هەنگاوى ناوە، بەڵام بە بۆچوونى شارەزایان و لێکۆلەرانى سیاسەتى ئەمەریکا، تورکیا ئەو پێشنیارەى ئەمەریکا ڕەتدەکاتەوە سیستەمى مووشەکى بەرگرى بە ئاسانى بە ئۆکرایناى بدات."

ئەمەریکا ئەو پێشنیارەى بۆ تورکیا خستبوویەڕوو، ڕاپۆرتە دەڵێت، "ئێستا ئەمەریکا ئاراستەى خۆى گۆڕێوە و داوا لە یۆنان دەکات مووشەکى بەرگرى (ئێس 300) بە ئۆکراینا بدات و ئەسیناى خستۆتەژێر فشار، ئەگەرچى لەسەرەتاى هێرشەکانى ڕووسیا، یۆنان بەپێى تواناى خۆى هاوکارى سەربازیى و لۆجستى بۆ ئۆکراینا ڕەوانەکردووە." دەشڵێت، ئەمەریکا داواى لە هەموو ئەو وڵاتانە کردووە، "کە خاوەنى سیستەمى مووشەکى بەرگرى ڕووسین، پێویستە هاوکارى سەربازیى پێشکەش بە ئۆکراینا بکەن، یەکێک لەو دەوڵەتانەش یۆنانە، کە خاوەنى سیستەمى بەرگرى (ئێس 300)يـە، ئەمەیش یۆنانى خستۆتە ژێر فشارى ئەمەریکا."

ماڵپەڕى (star) هۆکارى داواکەى ئەمەریکا لە یۆنان و تورکیا، دەگەڕێنێتەوە بۆ نەبوونى یەدەگى پێویست لە چەک و مووشەکى جبەخانەکانى سوپاى ئۆکراینا، لە بەرامبەردا ڕووسیا خاوەنى بڕێکى زۆرى یەدەگى چەک و مووشەکە، ئەمەیش وا دەکات ئۆکراینا نەتوانێ بەرامبەر هێرشى ڕووسیا بوەستێتەوە.

لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەدا ئەوەش هاتووە، "ئەمەریکا بەردەوامە لە هەوڵەکانى بۆ وەرگرتنى ڕەزامەندى ئەنقەرە و ئەسینا، بەڵام پێشبینى دەکرێ یۆنان بە بیانووى هەڕەشەى تورکیا لەسەر ئاسایشى نەتەوەیى خۆى، ئەم داوایەى ئەمەریکا ڕەتبکاتەوە."

 

 

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین