نەتەوە یەکگرتووەکان ئیدانەی کوشتنی خەڵکی سەراوانی له‌ ئێران کرد ئێران

نوچه‌نێت

ڕۆبێرت کۆڵویل، گوتەبێژی ئەنجوومەنی مافەکانی مرۆڤى سەربە ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕۆژی هه‌ینى پێنجى ئادار لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، وێرای ئیدانەکردنی سەرکوتکردنی سووتەمەنیبەرانی سەراوان، ڕایگەیاند لەو سەرکوتکردنەدا سوپای پاسداران دەستی هەبووە لە کوشتنی ٢٣ کەس لە خەڵکی ئەو شارە.

بە پێی ڕاپۆرتێکی "ڕادیۆ فەڕەنسا"، سەرەڕای ئەوە، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی هەر وەک هێزەکانی ئاسایشی ئەو وڵاتە دەڵێن کە لە خۆپیشاندانەکاندا تەنیا دوو کەس و ئەویش بە دەستی پاسەوانەکانی پاکستان لە سەر سنوور کوژراون.

ئەنجوومەنی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بەو سەرکوتکردنە وتوویەتی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی سەراوان پەرەیان سەندووە بۆ شارەکانی تری پارێزگای سیستان و بەلووچستان و لەوانە بۆ شاری زاهێدان. هەروەها وتوویەتی ئەو خۆپیشاندانە دوای ئەوەی ١٠ هاووڵاتی کە بە سووتەمەنیبەر ناسراون لە ڕۆژی ٢٢ی کانوونی دووەم بە دەستی هێزەکانی سوپای پاسداران کوژران دەستی پێکرد.

بە وتەی ئەنجوومەنی مافەکانی مرۆڤی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان کوشتنی ئەو کەسانە لە کاتی سەرکوتکردنی ڕاپەڕینی خەڵکی بەلووچ ڕووی دا کە تیایدا سوپای پاسداران و هێزەکانی ئاسایشی کۆماری ئیسلامیی تەقەیان لە هاووڵاتییان کرد.

وتەبێژی ئەنجوومەنی مافەکانی مرۆڤ پاشان پشتڕاستی کردەوە کە بە هۆی پچڕانی تۆڕەکانی ئینتەرنێت و تەلەفون و مۆبایل خەمڵاندنی ژمارەی قوربانیان و کوژراوانی ئەو سەرکوتە ئێجگار دژوارە، هەرچەندە هەندێ ڕاپۆرت لانیکەم کوژرانی ٢٣ کەس پشتڕاست دەکەنەوە.

ڕۆیێرت کۆڵویل لە کۆتاییدا داوای لە کۆماری ئیسلامی کرد کۆتایی بە هەوڵەکانی خۆی بۆ داخستنی تۆڕەکانی پەیوەندییگرتن لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان بێنێت. 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین