لۆید ئۆستن: ده‌زانین كێ هێرشه‌كه‌ى سه‌ر عه‌ین ئه‌سه‌دى ئه‌نجام داوه‌ ئێران

نوچه‌نێت

لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا، ڕۆژی هه‌ینى پێنجی ئادار ڕایگەیاند، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سەرقاڵی تاوتوێکردن و ناسینەوەی ئەو کەسانەیە کە بە ڕۆکێت هێرشیان کردە سەر بنکەی عەین ئەسەد لە عێراق.

 

بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەری "رادیو فردا"، بنکەی عەین ئەسەد لە عێراقدا کە هێزە ئەمریکییەکانی تێدا جێگیر کراون ڕۆژی چوارشەمە سێى ئادار بە 10 ڕۆکێتی کاتیۆشا کرایە ئامانج. لەو هێرشەدا زیانێک بەر هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا نەکەوت، بەڵام بەڵێندەرێک بە هۆی وەستانی دڵ گیانی لە دەست دا.

وەزیری بەرگریی ئەمریکا جەختی کردەوە، ئەگەر ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بڕیار بدات وەڵامی ئەو هێرشە بداتەوە، ئەوا ئەو هێرشە "لە کات و شوێنێکدا کە ئێمە دیاری دەکەین" ئەنجام دەدرێت.

لۆید ئۆستن گوتیشی، "دەزانین کێ ئەو هێرشەی ئەنجام داوە، بەڵام دەمانەوێ بۆ جارێکی تر دڵنیا ببینەوە"

ئۆستن لە درێژەدا گوتی، "پەیامی ئێمە بۆ ئەو کەسانەی ئەو هێرشەیان ئەنجام داوە ئەوەیە: چاوەڕوان بن، ئێمە ئەوەی پێویست بێ بۆ بەرگریکردن لە هێزەکانمان ئەنجامی دەدەین".

وەزیری بەرگری ئەمریکا جەختی کردەوە، ئەگەر پێویست بێت هێرش بکەین، ئەو هێرشە لە کات و شوێنێکدا ئەنجام دەدەین کە خۆمان دیاری دەکەین.

هەروەها جۆن کێربی، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا، وتویەتی جارێ ڕێگا بدەن هاوپەیمانە عێراقییەکانمان لێکۆڵینەوەکانیان لەو بارەوە ئەنجام بدەن با بزانین بە چ ئەنجامێک دەگەن.

کێربی سەبارەت بە وەڵامی ئەمریکا بۆ هێرش بۆ سەر عەین ئەسەد گوتویەتی، پێموایە ئێمە ئەوەمان ڕوون کردووەتەوە لەو بارەوە بێ هەڵوێست نابین.

بنکەی عەین ئەسەد کە هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان و هەندێ لە هێزە عێراقییەکانی تێدا جێگیر کراون لە پارێزگای ئەنبارە.

هاوکات لەگەڵ بەرزبوونەوەی گرژیی وناکۆکییەکانی نێوان ئێران و ئیدارەی نوێی ئەمریکا لەسەر ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی، بنکەکانی هێزەکانی ئەمریکا کراونەتە ئامانج.

پێشتر بە ڕۆکێت فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر کە نزیک لە بنکەی هێزەکانی ئەمریکا  کرابووە ئامانج و لانیکەم هەشت بریندار و کوژراوێکی لێکەوتەوە.

ئەمریکا لە وەڵامی ئەو هێرشەدا بنکەکانی میلیشیا چەکدارەکانی سەربە ئێرانی لە ڕۆژهەڵاتی سووریا کردە ئامانج.

جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا، لەو بارەوە ڕایگەیاند بوو پەیامی هێرش بۆ سەر بنکەی میلیشیاکانی پاشکۆی ئێران ئەوەیە کە کردەوەکانی ئەو وڵاتە بێ وەڵام نامێننەوە.

بەرپرسێکی شیعەی عێراقیی نزیک لە ئێران بە ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندبوو کە لە هێرشی ئەمریکا بۆ سەر بنکەی کەتیبەکانی حیزبوڵا لە ڕۆژهەڵاتی سوریا چەکدارێک کوژراو و چواری تر بریندار بوون.

"کەتیبەکانی حیزبوڵا" یەکێک لە لقەکانی حەشدی شەعبییە و لەناو ئەو گرووپە چەکدارانەدا، زۆر لە ئێران نزیکە.

ئەو گرووپە لە ساڵی ٢٠٠٧دا بە تێکەڵبوونی چەند دەستە و گرووپى شیعە لە شاری عەمارە لە باشووری عێراق دامەزرا و لە ساڵی ٢٠٠٩دا کەوتە لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانی ئەمریکا.
 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین