پەیامی بەرپرسیارێتی! بیروڕا
نووری بێخاڵی

جەنگ پێویستی بە جەنگاوەرە، ئاشتیش بە جوامێر. لەو نێوەدا، مەرج نییە هەموو جەنگاوەرێک جوامێر بێت، بەڵام هەر جوامێرێکی ڕێی ئاشتی، جەنگاوەرێکی شکۆمەندە. جەنگاوەرێکی جوامێر، کە شەڕی شەڕە و ئاشتیشی ئاشتی.

جوامێری ئاشتیخواز، باوەڕمەندە بە پەیامی ژیاندۆستانەی  خۆی، ویست و ئیرادەیەکی پتەوی هەیە بۆ کارکردن و هەنگاونان لەپێناو هێنانەدی ئاشتی، بۆیەش لە هیچ هەلومەرجێکدا سازش لەسەر ئەو بەها و پرەنسیپانەی ناکات کە باوەڕی نەگۆڕی پێیان هەیە و وەک بەرپرسیارییەتێکی ویژدانی و ئەخلاقی، هەموو دەرفەتێک دەقۆزێتەوە بۆ ئەوەی پەیامی ئاشتیخوازانەی خۆی لەپێناو چاکەی گشتیدا چەند پاتە بکاتەوە. 

دەگوترێت، تێکدان ئاسان و بونیاتنان سەختە. ئەوە بۆیە بەردەوام جوامێری ئاشتیخواز، کە ئامانجی بونیاتنان و ئاوەدانی و ئاشتی و ئارامییە، لە هەموو وێستگە و قۆناغەکاندا، ئەرک و بەرپرسیارێتییەکەی لە هی هەموان قورس و گەورەترە و هەرگیزیش خۆی لەو بەرپرسیارییەتییە نادزێتەوە و لێی ڕاناکات. 

ئەم بابەتی جەنگاوەریی و جوامێرییەم بۆیە وروژاند، تا بیکەمە دەروازەیەک بۆ قسەکردن لەسەر ڕەهەندە نەگوتراوەکانی پشتی پەیامی سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی، بە بۆنەی جەژنی ڕەمەزان.

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، لە پەیامی جەژنی ڕەمەزاندا هەموومانی خستەوە بەردەم بەرپرسیارێتیی نەتەوەیی و نیشتمانی لە ئاست ئەو دۆخە ناهەموارەی ئێستای هەرێمی کوردستان، کە چ لەسەر ئاستی ناوخۆ، یان لەسەر ئاستی عێراق، بۆ کوردستانییان موژدەبەخشی داهاتوویەکی باش نییە.

دۆخی گشتی ئێستای هەرێمی کوردستان، دۆخێکی ناجێگیر  و بارگاوی بە گرژی و ئاڵۆزیی سیاسییە، کە ڕەنگدانەوە نەرێنییەکانی بە ئاشکرا بەسەر ڕوخسار و باری دەرونیی خەڵکدا دیارە. 

بەردەوامیی ئەم ناسەقامگیرییە سیاسی و دڵەڕاوکێ کۆمەڵایەتییەش، دواجار بە زیانێکی گەورە بۆ داهاتووی هەرێمی کوردستان تەواو دەبێت.

ئەم زیانە کە سیاسی و ئابووری و تەنانەت کۆمەڵایەتیشە، ئەوەندەی لەسەر ئاستی ناوخۆی هەرێم بۆ ئێستا و داهاتووی ئەزمونەکە ترسناکە، دوو ئەوەندە و زیاتریش لە پەیوەست بە سروشتی پەیوەندیی نێوان هەرێم و عێراق و داهاتوو و پێگەی هەرێم لەناو ئەو دەوڵەتە بە ڕوکەش فیدڕالییەدا، مەترسیدارە.

هەر خودی ئەو مەترسییەیشە کە وای کردووە، سەرۆک نێچیرڤان بارزانی بە خوێندنەوەی وردی بۆ هەلومەرجەکە و دەرهاویشتەکانی، لە پەیامەکەیدا جەخت لەوە بکاتەوە کە لە ئەمڕۆی “هەرێمی کوردستان، لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستیمان بە پێکەوەیی، تەبایی و یەکڕیزییە.”

دیارە دۆخی لەم چەشنە، بە گەورەتربوونی بۆشایی نێوان هێزە سیاسییەکان، بە پەرتەوازەیی و لێک دابڕان، بە فرە گوتاری و هەر کەس بۆ خۆی، بە یەکتری نەخوێندنەوە و نەگەڕانەوە بۆ لۆژیکی گفتوگۆ، بە تۆمەتبارکردنی یەکتری، بە خۆدزینەوە لە بەرپرسیارێتی، چارەسەر نابێت.

لە سۆنگەی ئەم هەستکردن بە بەرپرسیارێتییەشەوەیە، کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان داوا لە پارتی و یەکێتی دەکات “کێشە و ناکۆکییەکانیان بەلاوە بنێن و لەسەر بنەمای بەرژەوەندییە باڵاکانی گەل و وڵات، لەگەڵ کۆی لایەنە کوردستانییەکان، یەکڕیز و تەبا بن.” 

هاوکات دۆخی وا ناجۆر و بارگاوی بە کێشە، کە زەمینە خۆشکەرە بۆ ئەوانەی ویستێکی شەیتانیان بۆ ڕاوکردن لە گۆمی لێڵدا هەیە، ناکرێ بکرێتە بابەت و کەرەستەی میدیا. چونکە بە گوتاری زبر و زمانی بازاڕیی میدیایی و شکاندنی ئێسقانی یەکتر، دۆخەکە ئاڵۆزتر و قوڕی ناکۆکی و ململانێکان خەستتر دەبێت و سەقامگیریی سیاسی و ئاسایشی کۆمەڵگەییش هێندەی تر دەکەونە بەردەم هەڕەشە و مەترسی.

نێچیرڤان بارزانی، وەک بەشێک لە پابەندبوون بەو سوێندەی لە ڕۆژی یەکەمی دەست بەکاربوونیدا وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستان خواردی، خۆی بەرامبەر بەرقەرارکردنی سەقامگیریی سیاسی، ئاشتیی کۆمەڵایەتی، پاراستنی پێگەی یاسایی و دەستووریی هەرێمی کوردستان و بەرگرتن بە هەر هەوڵ و ئامرازێک کە ببێتە مەترسی بۆسەر ئەم بەهایانە، بە بەپرسیار دەزانێت، بۆیەش داوا لە هەردوو لا دەکات “خۆیان لە هەڵمەت و پەلاماری میدیایی و یەکترشکاندن بپارێزن”. 

ڕاستییەکەی، ئەم داوایەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بەرهەمی تێگەیشتن و خوێندنەوەی دروستیانە بۆ مەترسیی میدیا وەک چەکێکی دووسەرە و ئەو واقیعە تاڵەی، کە میدیا و سۆشیاڵ میدیای کوردی بۆ کۆمەڵگای کوردستانی بەرهەم هێناوە، بەوەی دابەزیوەتە نزمترین ئاستی دەربڕین و پیرۆزیی بۆ هیچ شتێک نەهێشتووەتەوە و چەندین جار و لە چەندین بۆنەی جیاوازیشدا، نیگەرانیی خۆی لە تەشەنەکردنی ئەم ناپیشەییبوونەی میدیا و ئەو گوتارە ژیانکوژ و زمانە سووک و نزمەی سۆشیاڵ میدیا نەشاردووەتەوە.

پێویست دەکات هەموو لایەنەکان ئەو ڕاستییە بزانن کە چیتر نە هەرێمی کوردستان وەک کیانێکی سیاسی و ئیداری، نە خەڵکی هەرێمەکەش کە مارانگەستەی ئەزموونگەلێکی کوشندەی ناکۆکیی سیاسیی هێزەکانن، بەرگەی پەرتەوازەیی و لێکترازانی لەوە زیاتر ناگرن. 

ڕاستە بە درێژایی ساڵانی ئەزموونی ژیانی سیاسی و حوکمڕانیی خۆی و ئەمڕۆشی لەگەڵدا بێت، سەرۆک نێچیرڤان بارزانی بە کردەوە سەلماندوویەتی کە وەک سەرکردەیەکی سیاسی، ڕۆڵی سەرەکی لە کردنەوەی گرێکوێرە سیاسییەکانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و کێشەکانی نێوان هەرێم و عێراق گێڕاوە و دەگێڕێت، هەروەها لە ترۆپکی ململانێ و ناکۆکییەکاندا هۆکاری خێر و چارەسەری بووە، بەڵام تێپەڕاندنی ئەم دۆخە ناجۆرە، پێویستیی بە کاری دەستەجەمعییە و دەبێت هەموو سەرکردە و لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان شانی بەرپرسیارێتی بدەنە بەر و دەستگیرۆیی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بکەن، کە تا ئەم چرکەساتەش بە یەک مەودا و بە بێ جیاوازی، لە هەموو هێزە سیاسییەکان نزیکە. 

بەداخەوە، بەهۆی ئەم دۆخە خوڵقێندراوەوە، هەرێمی کوردستان و کوردستانییان چرکەساتێکی نەخوازراوی سیاسیی پڕ لە نائارامی و دڵەڕاوکێ بەڕێ دەکەن. بەردەوامبوونی ئەم دۆخەش، جگە لە پەشیمانی، هیچ شانازی و دەسکەوتێکی بۆ هیچ کەس و هێزێک تێدا نییە و لە کۆتاییشدا، باری بەرپرسیارێتیی هەر پێشهاتێکی نەخوازراو، بە یەکسانی و بەپێی پێگە و سەنگ و کاریگەرییان لەناو پرۆسەی سیاسیدا، دەکەوێتە ئەستۆی هەموو هێزە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین