توركيا لەناو ناتۆ رووبەڕووى سويد و فينلەندا دەبێتەوە شیکاری

نوچەنێت:

دواى ئەوەى سويد و فينلەندا داواى ئەندامبوون لە هاوپەيمانى ناتۆيان كرد، بەرپرسانى باڵاى توركيا دژ بەو بڕيارە وەستانەوە، رەجەب تەيب ئەردۆغان، سەرۆك كۆمارى توركيا رايگەياند، "هەڵەى حكومەتەكانى پێشوو دووبارە ناكەينەوە."

هەڵوێستى توركيا

رەجەب تەيب ئەردۆغان، سەرۆك كۆمارى توركيا رايگەياند، "ناكرێت توركيا پاڵپشتى وەرگرتنى سويد و فينلەندا بكات بۆ بوون بە ئەندامى ناتۆ، ئەو دوو وڵاتەى باكوورى ئەوروپا بۆتە شوێنى رێكخراوەكانى دژ بە توركيا."

هەرچەندە توركيا بە فەرمى پاڵپشتى فراوانكردنى ناتۆ دەكات، كە ئەمەريكا سەركردايەتى دەكات، توركيا ماوەى (70) ساڵە ئەندامە لەو ڕێكخراوە، بۆيە دژايەتيكردنى ئەو داوایە، كێشە بۆ سويد و فينلەندا دروست دەكات، ئەوەش لەسەر ئەو بنەمايەيە وەرگرتنى ئەندامى نوێ پێويستى بە رەزامەندى هەموو وڵاتانى ئەندامە لەو رێكخراوە.

توركيا رەخنەى توندى لە سويد و وڵاتانى ترى رۆژئاوا هەبوو، بەهۆى هەڵوێستەكانيان بەرانبەر پەكەكە و يەكينەكانى پاراستنى گەل و فەتحوڵا گولەن رابەرى رەوتى خزمەت، كە ئەنقەرە بە هەبوونى دەست لە كودەتاكەى ساڵى (2016) تۆمەتبارى دەكات.

تورکیا دەرگاى گفتوگۆکان دادەخات؟

مەولوود چاوشئۆغلۆ، وەزیرى دەرەوەى تورکیا دەربارەى داواکانى فینلەندا و سوید ڕايگەیاند،"هەردوو وڵات بەداخەوە ڕاستەوخۆ یارمەتى پەکەکە و یەپەگە دەدەن، کە رۆژانە ئەو دوو گرووپە سەرباز و پۆلیسى ئێمە دەکوژن، بە روونى ئاگادارى ئەو هێرشانەن، بەڵام  ئێمە هێشتا ئامادەین گفتوگۆ و دانووستاندن لەگەڵ ئەو وڵاتانە بکەین."

سەبارەت بە هەڵوێستى وڵاتەكەى روونیکردەوە، "هەڵوێستى تورکیا بەرامبەر داواکانى فینلەندا و سوید زۆر ڕاستگۆیانە هەيە، ناتۆ واتاى پێکەوەبوونە، لەسەرەتاى ناوى ناتۆ وشەى هاوپەیمانى بوونى هەیە، پرسەکە تەنها پاراستن نییە، بەڵکو پێویستى بە ڕەزامەندى هەمووان هەیە لە هەموو ڕووێکەوە، بەتایبەت لەڕووى ئاسایشى وڵاتانەوە."

لە لايەكى ترەوە ئیبراهیم کاڵن، وتەبێژى سەرۆک کۆمارى تورکیا سەبارەت بە داواکارى فیلەندا و سوید بۆ ئەندامبوون لە هاوپەیمانى ناتۆ ڕاگەیاند، "دەرگاى گفتوگۆمان دانەخستووە، بەڵام پێویستە هەردووڵات بۆ پاراستنى ئاسایشى ئێمە لە نیگەرانییەکانمان تێبگەن و لەبەر چاوى بگرن، بۆ ئەمەش دەبێ هەنگاوى ڕاستەوخۆ بنرێت."

ئیبراهیم کاڵن، لەسەر لێدوانەکانى سەرۆک کۆمارى تورکیا بەرامبەر داواکەى ئەو دوو وڵاتە، گوتیشى "رەجەب تەیب ئەردۆغان مافى خۆیەتى ئەو داوايە رەت بكاتەوە، چونکە ئەندامبوونى فینلەندا و سوید جێگەى پرسیارە، تاوەکو ئێستا ژمارەیەک ئەندامى پەکەکە لەو سوید نیشتەجێن، تورکیا چاوەڕێی هەڵوێستى ڕاستەوخۆى سوید و فیلەندایە بەرامبەر بە تیرۆر، چونکە ئەو هەڵسوکەوتانەوى ئەم دوو دەوڵەتە بەرامبەر تیرۆر دەیکەن جێگەى سەرەنجە، وە دەبێ ئەو وڵاتانەى ئەندامن لە ناتۆ هەڵویستى جددیان بەرامبەر تیرۆر هەبێت."

توركيا و كارتى فشار

توركيا ئەو داواكارييە وەك كارتى فشار بەرانبەر بەو وڵاتانە بەكاردەهێنێت، بەگوێرەى راپۆرتێكى رۆژنامەى واشنتن پۆست، لێدوانەكانى ئەردۆغان ئاماژەيە بۆ ئەوەى سويد دەستبەردارى ميواندارى ئەندامانى پەكەكە بێت، كە لە ليستى تيرۆرى ئەمەريكا و توركيا ناویان هەیە. 

بەگوێرەى ئەو رۆژنامە ئەمەريكيە، بەشێكى ترى لێدوانەكانى ئەردۆغان پەيوەستە بە هەڵبژاردنى سەرۆكايەتى و پەرلەمانى، كە لە مانگى حوزەيرانى ساڵى داهاتوو لە توركيا بەرێوە دەچێت، ئەو لێدوانانەى ئەردۆغان بەشێكى روو لە دەنگدەرانى توركيایە، كە زۆرينەيان هەڵوێستێكى تونديان بەرانبەر كەمينەى كورد هەيە.

سەبارەت ئەردۆغان واشنتن پۆست نوسيويەتى، "ئەردۆغان چەندين كارتى هەيە دەتوانێت لە كۆبوونەوەى ناتۆ بيانجوڵێنێت، بۆ ئەوەى سازشيان لەپرسەكانى تر پێ بكات."

فينلەندا: ناكۆكييەكان لەگەڵ توركيا چارەسەر دەكەين

شارەزايانى سياسى پێيانوايە، "ئەو ستراتيژيەتەى ئەردۆغان بۆ فشاركردنە لەسەر ئەمەریكا سەبارەت بە مامەڵەكردنى لەگەڵ كوردى سووريا، ياخود گرێبەستى فڕۆكەى (ئێف 35)ى ئەمەريكى.

جيمس فۆگۆ، فەرماندەى خانەنيشينى دەريایى و بەڕێوەبەرى ناوەندى ستراتيژى دەريايى رايگەياند، "ئەردۆغان پێشتريش ئەو جۆرە ميكانزمەى بەكارهێناوە، ئێستا هەمان ميكانزم بەكاردەهێنێت بۆ بەدەستهێنانى دەستكەوتى نوێ بۆ وڵاتەكەى."

هەڵوێستى ئەمەريكا

جين ساكى، وتەبێژى كۆشكى سپى رايگەياند، "ئيدارەى جۆبايدن كار لەسەر داواكردنى روونكردەوە لەسەر هەڵوێستى توركيا بەرانبەر سويد و فينلەندا بۆ ئەندامبوونيان لە ناتۆ دەكات."

كۆبوونەوەى وەزيرانى دەرەوەى هەر سێ وڵات

دوێنێ شەممە لە پەراوێزى كۆبوونەوەى وەزيرانى دەرەوەى وڵاتانى ئەندامى ناتۆ لەگەڵ ئانا ليند، وەزيرى دەرەوەى سويد و بيكا هاڤيستۆ، وەزيرى دەرەوەى فينلەندا لە بەرلينى پايتەختى ئەڵمانيا كۆبوونەوە، كۆبوونەوەكە بە مەبەستى گفتوگۆكردن بوو لەسەر هەڵوێستى توركيا بۆ وەرگرتنى ئەم دوو وڵاتە لە رێكخراوى ناتۆ.

وەزيرى دەرەوەى توركيا سەبارەت بەو كۆبوونەوە دەڵێت، "هەرچەندە ئێمە پێشتر هۆشداريمان دابوونێ، بەڵام ئەو دوو وڵاتە بە ئاشكرا هاوكارى پەيەدە دەكەن، ئەوەش رەنگدانەوەى نەرێنى لەسەر گەلى توركيا بووە."

هەڵوێستى فينلەندا 

بەر لە كۆبوونەوەى لەگەڵ وەزيرى دەرەوەى توركيا بيكا هاڤيستۆ، وەزيرى دەرەوەى فينلەندا رايگەياند، "دڵنيام بۆ كۆتاييهێنان بە رەخنەكانى توكيا بۆ بوون بە ئەندامى وڵاتەكەمان لەگەڵ توركيا دەگەينە چارەسەر."

هەڵوێستى سويد

ئانا ليند، وەزيرى دەرەوەى سويد رايگەياند، "تا ئێستا لەگەڵ توركيا نەگەيشتنە هيچ رێككەوتنێك، ئێمە هەڵوێستى جياوازمان هەيە، ئێمە تێدەگەين پەكەكە پارتێكى تيرۆرستە، وەك زۆربەى هاوبەشەكەمان لە ناتۆ، بەڵام لەگەڵ هێزە كوردييەكانى سوريا گفتوگۆمان هەيە، ئێمەش و ئەمەريكا پێمان وانيە لەگەڵ پەكەكە يەك پارت بن. گفتوگۆ لەگەڵ رێكخراوە كوردييەكانى تر دەكەين."

لەبەشێكى ترى قسەكانى رايگەياند، "ديپلۆماتكارانمان بەردەوام دەبن لە گفتوگۆكردن."

هەڵوێستى رووسيا

ئەليكسەندەر گرۆشكۆ، ياريدەرى وەزيرى دەرەوەى رووسيا، هۆشدارى دا لەوەى، ئەگەر ئەم دوو وڵاتە ببن بە ئەندامى ناتۆ، ئەوا لێكەوتەى خراپى دەبێت و دەبێتە هۆكارى بە سەربازگەكردنى باكوورى ئەوروپا.

لەبەشێكى ترى قسەكانى رايگەياند، "لە ئەگەرى وەرگرتنى ئەم دوو وڵاتە لە ناتۆ، هەموو رێكارێكى خۆپارێزى گونجاو دەگرينەبەر."

لەبەشێكى ترى قسەكانى جەختى لەسەر ئەوە كردەوە، "ئێمە هيچ دوژمنايەتييەكمان لەگەڵ فينلەندا و سويد نييە، بەڵام رێكارەكانمان بەردەوام وەڵامدانەوەى لەخۆ گرتووە، ئەو داواكاريەيان هيچ بەرژەوەنديەكى خۆيان و  پارێزگارى لە سەقامگيرى و ئەوروپا و ناوچەكەى تێدا نييە."

هەڵوێستى ناتۆ

ميرسيا گێوانا، جێگرى ئەميندارى هاوپەيمانى ناتۆ رايگەياند، "ئەو دوو وڵاتە نزيكترين هاوپەيمانن لە ناتۆ، ئێمە داواكارييەكان بەشێوەيەكى ئەرێنى وردەگرين و لە كۆبوونەوەى وەزيرانى دەرەوەى وڵاتانى ئەندامى ناتۆ، گفتوگۆ لەسەر ئەندامبوونيان دەكەين، چونكە ئەو دوو وڵاتە خاوەن سوپايەكى بەهێزن."

ناتۆ: توركيا مافى ڤيتۆى نييە

سەبارەت بە هەڵوێستى توركياش ئاماژەى بەوە كرد، "بەشێوەيەكى راشكاوانە گفتوگۆمان لەسەر هەڵوێستى توركيا كردووە، چونكە توركيا هاوپەيمانێكى گرنگە، مەترسيەكانى خۆى روونكردۆتەوە، بەڵام وڵاتانيش مافى خۆيانە بژاردەى خۆيان هەبێت، لەوانەش ئەندامبوون لە ناتۆ."

دەربارەى مافى ڤيتۆش گوتى، "دەرفەتى ڤيتۆ لەو داوايە بۆ هيچ كەسێك نييە بەرانبەر ئەوانەى تر."

هەفتەى رابردوو ساولى نينيستۆ، سەرۆكى سويد و سانا مارين، سەرۆك وەزيرانى فينلەندا، لە راگەيێندراوێكدا داوایان کرد بە ئەندامى نوێى ناتۆ وەربگیرێن.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین