فرۆشیارێک: ئەسڵی خەنە هیندییەو عەرەبی نییە کولتوور

لاڤین عومەر: نوچەنێت

خەنە روەکێکی سروشتییەو رەنگێکی جوانی هەیە، لە کۆنەوە بۆ رەنگکردنی قژ و جارەسەری پێستی قیڵشاو بەکاردەهێنرێت. ئەو کەسانەی کە نایانەوێت کەرەستەی کیمیایی بەکاربهێنێت خەنە بۆ رەنگکردنی بۆیەو نینۆک و پەنجەکان بەکاردەهێنن.

ناسک ژنێکی 47ساڵە، ئەو لە تەمەنی گەنجییەوە تا ئێستا خەنە بۆ رەنگکردنی قژی بەکاردەهێنێت و دەڵێت" تا ئێستا هەڵوەرین و تێکچوونی قژم نییە و رەنگیشی جوانە چونکە، خەنە بەکاردەهێنم".

سەبارەت بەو پرسیارەی کە ئایا بۆچی بۆیە بەکارناهێنێت گوتی" بۆیە تاڵی قژ باریک دەکاتەوەو قژ تێکدەدات، بەڵام خەنە بۆ پێست و موی سەر باشە و رەنگێکی جوانی دەداتێ و هەم دەیپارێزێ".

عوسمان عەلی، فرۆشیار لە بازاڕی قەیسەری شاری هەولێر، سەبارەت بە خەنەو جۆرەکانی و دروست بوونی خەنە بۆ نوچەنێت گوتی "خەنە چەند جۆرێکی هەیە ئەویش (خەنەی ئێرانی، لەگەڵ خەنەی هیندی، پاکستانی) خەنە روەکێکی گیاییە، جاران یەک رەنگی هەبوو ئەویش رەنگی سور بوو، بەڵام ئێستا چەند رەنگێکی هەیە(قاوەیی،سور،رەش، مۆر، ماڕۆنی) هەیە هەشمانە خەنەیە ڤیتامینە رەنگی نییە.

ئەو فرۆشیارە دەربارەی ئەسڵی خەنە کە بۆ عەرەب دەگەڕێتەوە گوتی، "نەخێر شتی وا نییە، ئەسڵی خەنە هیندییە، عەرەب ئەوجۆرە شتانەیان نییە هەندێک دەڵێن لە (فاو) هەیە بەڵام فاو گرێدراوە بە ئێرانەوە، عەرەب نەوتی هەیە بەڵام خەنەی نییە".

سەبارەت بە جیاوازی خەنەی کۆن و ئێستا دەڵێت "جیاوازییەکی ئەو تۆی نییە تەنیا ئێرانیەکە ئەوەیە هەتا ئێستاش هەر هەیە کە شەو رۆژێک بەسەرتەوە دەبێت، بەڵام هیندییەکە چەند کاتژمێریک بەسەرەوە دەبێت رەنگێکی جوان دەدات و خێرایە، بەڵام لە جۆری باشی و خراپی هیندییەکە باشترە بۆ رەنگ و جوانی، ئێرانیەکەش هی وا هەبووە فێر بووە، نرخەکانیشی یەک کیلۆ خەنە کە گرانترین نرخ (25) هەزارە هیندییەکەیە کە باشترین جۆرە، ئەویتریش کە ئێرانییەکەیە (600) غەرامە بە نرخی (3) هەزارە کە باشترین جۆری ئێرانییەکەیە".

لە زۆر شوێن و لای هەندێ کەس خەنە بە پیرۆز دەزانرێت و لە شەوی بەر لە مەراسیمی گواستەنەوەی بوک، دەستی بوک بە خەنە رەنگ دەکرێت. ئەو فرۆشیارە بۆئەوەی دەگەڕێنێتەوە " چەند فەرمودەیەک لەسەر خەنە هەیە، جگە لەوەی حەرام نییە و نوێژی پێوەیە. لەبەر ئەوە بە پیرۆزی دەزانن و هیچ مەوادێکی کیمیاویشی تێدا نییە، وەک جوانکاریش بەکار دەهێندرێت، و لەڕوی کەلتورێکیش خەڵک لە شەوی خەنەبەندان بەکاری دەهێنن".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین