وه‌زیرى دارایى عێراق: تووشى رۆژانێكى سه‌خت ده‌بین عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

ماڵپه‌ڕى زه‌ ناشناڵ له‌ راپۆرتێكدا پێشبینى ده‌كات له‌ دواكه‌وتنى بودجه‌ى گشتى عێراق سیناریۆى 2014 دووباره‌ ببێته‌وه‌ و عه‌لى عه‌لاوی وه‌زیرى دارایى عێراقیش ده‌ڵێ، "تووشى رۆژانێكى سه‌خت ده‌بین".

ماڵپه‌ڕى زه‌ ناشنال دوێنێ سێشه‌ممه‌ 17ى ئایارى 2022 راپۆرتێكى له‌سه‌ر دواكه‌وتنى بودجه‌ى گشتى عێراق بۆ ساڵى 2022 بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ و باس له‌ لێكه‌وته‌ خراپه‌كانى ده‌كات. له‌ راپۆرته‌كه‌ باس له‌وه‌ كراوه‌، جیا له‌وه‌ى په‌سه‌ندكردنى بودجه‌ى گشتى دواكه‌وتووه‌، دادگاى باڵاى فیدڕاڵى بڕیارى داوه‌، حكومه‌تى كاربه‌ڕێكه‌رى مسته‌فا كازمى هیچ پاره‌یه‌ك خه‌رج نه‌كات، ئه‌مه‌یش وا ده‌كات عێراقییه‌كان تووشى رۆژگارێكى سه‌خت بن.

جیا له‌وه‌یش باسى ئه‌وه‌ كراوه‌، یاساى پاڵپشتى فریاگوزارى بۆ ئاسایشى خۆراك و گه‌شه‌پێدان له‌ لایه‌ن دادگاى فیدڕاڵییه‌وه‌ ره‌تكراوه‌ته‌وه‌، كه‌ به‌م یاسایه‌ ده‌توانرا كێشه‌ى كاره‌با و خۆراك چاره‌سه‌ر بكرێت. راپۆرته‌كه‌ كه‌ به‌شێكى له‌لایه‌ن رۆژنامه‌ى مه‌داى عێراقییه‌وه‌ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، هۆشداریى له‌ دواكه‌وتنى بودجه‌ ده‌دات و عه‌لى عه‌لاوى وه‌زیرى دارایى عێراقیش گوتوویه‌تى، "رێز له‌ بڕیاره‌كه‌ ده‌گرین به‌ڵام تووشى رۆژانێكى سه‌ختیش ده‌بین" 

عه‌لاوى باس له‌وه‌یش ده‌كات ئه‌و بڕیاره‌ى دادگاى فیدڕاڵى لێكه‌وته‌ى خراپى ده‌بێت، چونكه‌ وا ده‌كات وه‌زاره‌تى دارایى كه‌م توانا بێت له‌ كه‌مكردنه‌وه‌ى نرخ و دابینكردنى كاره‌با و پاڵپشتى كشتوكاڵ.

كیرك سویل شاره‌زاى ئابوورى بۆ ماڵپه‌ڕى زه‌ ناشناڵ قسه‌ى كردووه‌ و ده‌ڵێ، "هه‌ر دواكه‌وتنێكى زۆر له‌ بودجه‌ وه‌ك ساڵى 2014، كاریگه‌رى ترسناكى له‌سه‌ر خزمه‌تگوزارییه‌كان ده‌بێت، كه‌ ده‌بێت به‌ زووترین كات دابین بكرێن".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین