ڕۆحانی ره‌خنه‌ له‌ وڵاتانى ئه‌وروپى ده‌گرێت ئێران

نوچه‌نێت

حه‌سه‌ن رۆحانى سەرۆک کۆماری ئێران لەمیانەى دیدار لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئایرلەندا ڕەخنەی لە وڵاتانی ئەوروپی گرت کە بەڵینەکانی ڕێککەوتنی ئەتۆمییان جێبەجێ نەکردووە.

بە پێی ڕاپۆرتی "ناوەندی ڕاگەیاندنی سەرۆک کۆماریی ئێران"، حەسەن ڕۆحانی ئه‌مڕۆ یەکشەمە لە میانەی دیدار لەگەڵ سیمۆن کۆڤینی وەزیری دەرەوەی ئایرلەندا ڕایگەیاند، ئێران ئامادەیە لەگەڵ ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکاندا بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکانی ناوچە هاوکاریی بکات و وتی، "باشترین ڕێگا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ وڵاتانی ئەورووپی لەبوارە جیاوازەکاندا، گفتوگۆ و خۆبواردن لە هەر جۆرە هەڕەشە و گوشارێکە".

ڕۆحانی ئاماژەی بەوەکرد، "زیندووبوونەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی وەک ڕێککەوتننامەیەکی نێودەوڵەتی بەستراوەتەوە بە هەڵوەشانەوەی گەمارۆکان لە لایەن ئەمریکاوە و جێبەجێکردنی بەڵێنەکان لە لایەن هەموو ئەندامانی ئەو ڕێککەوتنەوە".

سەرۆک کۆماری ئێران ڕەخنەی لە وڵاتانی ئەوروپی گرت کە بەڵێنەکانی خۆیان جێبەجێ نەکردووە و وتی، "کۆماری ئیسلامی ئێران سەبارەت بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی و پاراستنی، خۆی بە بەرپرسیار دەزانێت و بۆ ئەوەش تێچووی زۆری داوە بەڵام ئەو دۆخە ناتوانێ هەر بە شێوەی ئێستا بەردەوام بێت و پێویستە هەموو ئەندامانی ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی هەموو مەرجەکانی بڕیارنامەی ٢٢٣١ی ئەنجوومەنی ئاسایشی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان جێبەجێ بکەن".

ڕۆحانی لە درێژەدا وتی، "سەرەڕای ئەوەی پرۆتۆکۆلی پاشکۆ هەڵپەسێردراوە، بەڵام ئێران هێشتا پێداگرە لەسەر هاوکاریکردن لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکانی بە پێی ئەو ڕێککەتنە کە لە نێوانیاندایە".

سەرۆک کۆماری ئێران جەختی کردەوە، "ئێران ئامادەیە دوای هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆ ناڕەواکانی ئەمریکا و دەستهەڵگرتنی ئەو وڵاتە لە سیاسەتی هەڕەشە و گوشار، خێرا بە پێی پێش بینییەکانی ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی بەڵێنەکانی خۆی جێبەجێ بکات". 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین