بۆچى ئێران بەرامبەر ئاشتەواویى سعوديە و توركيا نيگەرانە؟ شیکاری

نوچەنێت:

دواى ساڵێك لە هەوڵە ديپلۆماسيەكانى نێوانيان، سعوديە و توركيا لاپەڕەيەكى نوێيان كردەوە، پەيوەندى ئەو وڵاتە لەدواى سەردانى ئەردۆغان لە كۆتايى مانگى رابردوو بۆ رياز زۆر باش بووە.

ديدارى محەمەد بن سەلمان و ئەردۆغان، بەتايبەت شێوازى تەوقەكردن و باوەش بەيەكداكردنیان بووە جێى بايەخى زۆربەى چاودێرانى سياسى، هەندێك لە چاودێرانى سياسى و دەزگا راگەياندنەكان جەختيان لەسەر ئەوە دەكردەوە، ئابوورى پاڵنەرى سەرەكى ئەو ئاساييبوونەوەيە، ئەوەش لەسەر حيسابى پاڵنەرى ئەمنى جيۆسياسى و ناوچەيى دەبێت، كە بەگشتى رۆڵى سەرەكى لە دروستكردنى پەيوەندى نێوان ئەو دوو وڵاتە هەيە. 

سياسەتە ناوچەييەكانى ئێران و ئەمەريكا پێگەيەكى پڕ بايەخى لەو هەنگاوانە هەيە، كە جەخت لەسەر پاڵنەرى جيۆسياسى و ئەمنى دەكەنەوە، بەڵام هەستى رايگشتى لە ئێران دژ بە ئاشتەوايى ئەو دوو وڵاتەیە.

لە ديدى ئێران ئەگەر هەيە ئەو ئاشتەواييە كاريگەرى نەرێنى لەسەر هەژموونى تاران ببێت، بەتايبەت لە يەمەن و سووريا و عێراق، لەبەرانبەر هەڵوێستى سعوديە لە دانوستاندنەكانى لەگەڵ ئێران لەسەر پرسە ناوچەييەكان بەهێز دەبێت، بەوەش تاران ناچار دەبێت سازش بكات.

هەندێك چاودێرى سياسى ئێرانى پێيانوايە، ئەو هەوڵانەى ئەم دواييە لەو ناوچەيە، بەشێكە لە هەوڵەكانى ئەمەريكا بۆ نزيكخستنەوەى هاوپەيمانەكانى لە يەكترى، بەگوێرەى ئەو تێڕوانينە ئەو يارييانە لەكۆتايى دا وادەكات ئەمەريكا لەدواى دەرچوونى لەو ناوچەيە دەتوانێت بەرەنگارى هێزەكانى رووسيا و چين و ئێران ببێتەوە.

هادى محەمەدى، بابەتێكى لە ماڵپەڕى (جافا ئۆنلاين) بڵاوكردۆدەتەوە كە نزيكە لە سوپاى پاسداران، نووسەر لە بابەتەكەى ئەردۆغان بەوە تۆمەتبار دەكات، سياسەتى دەرەوەى توركياى كردۆتە بارمتەى سعوديە و ئێمارات. 

لەبەشێكى ترى نووسينەكەى، سەردانى ئەردۆغان بۆ سعوديە بۆ فۆكەس خستنەسەر رۆڵى ئەنقەرەيە لە عێراق و سوريا. ئەوەش پێچەوانەى ئەو هێوربوونەوەى نێوان تاران و ريازە، كە بەهۆى گرووپەكانى سەر بە سوپاى پاسداران لە عێراق و سووريا پەيوەندييەكانيان ئاڵۆز بووە. 

لەوانەشە نزيكبوونەوەى پەيوەندى سعوديە و توركيا ببێتە زيادبوونى هەژموونيان لە سياسەتى عێراق، بەتايبەت ئەگەر رێگەيەكيان دۆزييەوە بۆ ئەوەى پارێزگارى لە بەرژەوەندى هەردوو وڵات و هەماهەنگى نێوانيان بكەن.

لە مانگى شوباتى ساڵى رابردوو، ئيرەج مەسجيدى، باڵيۆزى ئێران لە بەغدا مەترسى وڵاتەكەى لە هەژموونى توركيا لەناو خاكى عێراق راگەياند و داواشى كرد، "توركيا هێزەكانى لەسەر خاكى ئەو وڵاتە بكشێنێتەوە."

لەو چەند مانگەى رابردوو هێرشى گرووپە عێراقييەكانى سەر بە ئێران بۆ سەر هێزەكانى توركيا لە باكوورى عێراق زيادى كردووە. 

لەبەرانبەريش دا چەند جارێك فڕۆكەى بێفڕۆكەوانى توركيا ئەو گرووپانەى لەناو خاكى عێراق كردۆتە ئامانج، ئەوەش ئەو ئەگەرەى بەهێز كردووە شەڕى ئێران لە رێگەى گرووپەكانى نزيك لە خۆى لەگەڵ توركيا زياتر بكات.

مەترسى هەماهەنگى توركيا و ئيسرائيل

ئێرانييەكان هەست بە نيگەرانى ئاساييبوونەوەى پەيوەندى نێوان سعوديە و توركيا دەكەن، كە ببێتە هۆكارى راكێشانى وڵاتانى تر بۆ ئەجێندايەكى يەكگرتووى ناوچەيى، تەنانەت هەندێكى لە سياسەتمەدارانى ئێران پێيانوايە، توركيا تواناى ئەوەى هەيە ئيسرائيل بخاتە چوارچێوەى ئەو هەوڵانە، بەوەش ئێران دەبێتە ئامانجى سەرەكى.

هەروەها ئەگەرى ئاشتەوايى هاوشێوە لە نێوان توركيا و ئيسرائيل مەترسييەكانى ئێرانى زياد كردووە، لە چەند مانگى رابردوو توركيا چەند گرووپێكى نزيك لە ئێرانى دەستگيركرد كە هەوڵى كوشتنى بزنسمانى ئيسرائيلى و ديپلۆماتكارانى ئيسرائيلى لە ئيستەنبۆڵ دەدا، ئەوەش بۆ تێكدانى ئەو پەيوەنديى نێوان ئەو دوو وڵاتە بوو.

ئاشتەوايى سعوديە و توركيا كاريگەرى لەسەر دۆخى سوريا دەبێت، بەتايبەت لەدواى ئەوەى رووسيا هێرشى بۆ سەر ئۆكراينا دەستپێكرد، كاريگەرى لەسەر هەژموونى ئێران لەو وڵاتەش دەبێت.

لە چەند ساڵى رابردوو نزيكبوونەوەيەك لە بەرژەوەندييەكانى نێوان توركيا و ئيسرائيل بۆ رووبەڕووبوونەوەى هەژموونى ئێران لە سووريا هەبووە، سوپاى ئيسرائيل زياتر لە هەزار هێرشى كردە سەر پێگەكانى ئێران، توركيا هيچ رەخنەيەكى لەو هێرشانە نەگرت.

لە هەفتەى رابردوو ئەردۆغان نەخشەيەكى بۆ دروستكردنى پڕۆژەى نوێ لە ناوچەكانى ژێر دەسەڵاتى توركيا لە باكوورى سووريا ئاشكرا كرد، كە دەبێتە گەڕانەوەى مليۆنێك پەنابەرى سوورى، ئەگەر هەيە وڵاتانى كەنداو و لەوانەش سعوديەش رۆڵى گەورەيان لەو پڕۆژەيە هەبێت.

يەكينەكانى پاراستنى گەل و يەمەن

وشكردنى سەرچاوە داراييەكانى گرووپە كوردييەكان، يەكينەكانى پاراستنى گەل و پەكەكە لە سوريا و عێراق، پێگەى توركيا لە سووريا بەهێز دەكاتەوە، ئێران بێبەش دەكات لەو هێزانەى كارى بۆ دەكەن.

يەكێك لە گۆڕانكارييەكان، توركيا لە رێگەى ئاژانسى هەواڵى نيمچە فەرمى بە لەبەشى فارسى گرووپەكانى سەر بە ئێرانى لە سووريا بە تيرۆرستى سەر بە ئێران ناوبرد.

پەيوەندييەكان نێوان رياز و تاران وەستانى تێدا نييە، بەتايبەت لەدواى پچڕانى پەيوەندى هەردوو وڵات لە (2016) هەڵوێستەكانيان لە ململانێ ناوچەييەكان دژ بەيەكن.

دەسەڵاتدارانى سياسى لە سعوديە و ئێران زۆر هەستيارن بەرانبەر بەرەوپێچوونى رووداوەكانى ناوچەكە لە رووانگەى ململانێى جيۆسياسى دوولايەنە سەيرى دەكەن، بەو واتايە بەرەى يەكەم لە ململانێنى ناوچەيى ئەو دوو وڵاتە يەمەنە.

ئێران پاڵپشتى حوسيە ياخييبووەكان لە رێگەى كۆمەڵێك ميكانزمى جۆراوجۆر دەكات، تا ئێستا يەمەن دۆسيەى سەرەكى دانوستاندنەكانى نێوان تاران و ريازە.

قەيرانى كەنداو

توركيا بەردەوام سەركۆنەى هێرشى حوسيەكانى بۆ سەر سعوديە كردووە، لە دواى ئەو هاوپەيمانيەى سعوديە لە مانگى ئادارى (2015) سەرۆكايەتى دەكات، ئەنقەرە پاڵپشتى گرنگى هەواڵگرى و بەرگرى پێشكەش بە رياز كردووە.

ناكۆكى سعوديە و توركيا بەهۆى قەيرانى كەنداو لە (2017) بووە هۆى لاوازبوونى بايەخى توركيا بە يەمەن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا توركيا بەردەوام بوو هاوكارى مرۆيى و سەركۆنەكردنى هێرشەكان بۆ سەر رياز.

بيرۆكەى پەرەپێدانى ئاشتەوايى سعوديە لەگەڵ توركيا لەسەر ئاستى بەرگرى بۆتە كابووسێك بۆ ئێران، ئەوەش لەبەر رۆڵى فڕۆكەى بێفڕۆكەوانى توركيايە، ئێرانييەكان بۆيە زۆر نيگەرانن لە گواستنەوەى بارهەڵگرەكانى توركيا بۆ رياز.

ئاژانسى هەواڵى فارس لەدواى سەردانى ئەردۆغان بۆ سعوديە لە راپۆرتێكدا ئاماژەى بەوە كردووە، ئەگەر هەيە نزيكبوونەوەى توركيا لەسياسەتەكانى سعووديە كاريگەرى لەسەر يەمەن هەبێت. 

هەر لێكنزيكبوونەوەيەك لە نێوان ئەو دوو وڵاتە بوارى سەربازى دەگرێتەوە، ئەوەش دڵەڕاوكێ لاى ئێرانييەكان زياد دەكات.

بەرەوپێشچوونى ئاشتەوايى توركيا و سعوديە پەيوەستە بە چەند فاكتەرێك، لەوانە هەردوو دانوستاندنەكان لەگەڵ ئێران، چونكە دانوستاندنەكانى نێوان تاران و رياز چەند بەڵێنێكيان بۆ كەمكردنەوەى ئاڵۆزييەكانى نێوانيان لەخۆ گرتووە، لەوانە رێكخستنەوەى بەندەرەكانى نێوانيان، بەڵام ئێران مەترسى لە بەرەو پێشچوونى نزيكبوونەوەى نێوان سعوديە و توركيا هەيە. 

دانوستاندنى دووەم، پەيوەستە بە رێككەوتنى ئەتۆمى كە لە ڤيێنا بەڕێوە دەچێت، ئەوەش لەكاتێدايە ئەو دانيشتنە راستەوخۆ سعوديە و توركيا تێيدا بەشدار نين، بەڵام ئەنجامەكەى لە سياسەتى دەرەوە بايەخى گەورەى هەيە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین