کۆلۆمبیا و تورکیا پەرە بە پەیوەندییەکانیان دەدەن تورکیە

نوچەنێت:

سەرۆکى کۆلۆمبیا لە کۆشکى کۆمارى دۆڵمەباخچە لە ئیستنبۆڵ ڕایدەگەیێنێت، "لەگەڵ تورکیا لە بوارى بازرگانى جگە لەوەى چەندین ڕێککەوتنمان واژۆکردووە، پەیوەندییەکانیشمان فراوانتر دەکەین."

ئەمڕۆ شەممە (21/ئایار/2022) ماڵپەڕى (ئەنادۆل) بڵاویکردەوە، ئیڤان مارکێز، سەرۆکى کۆلۆمبیا و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆمارى تورکیا كۆبوونەوە و دواتر گۆنکرەیەکى ڕۆژنامەوانییان ئەنجامدا و تیێدا، سەرۆکى کۆلۆمبیا ڕاگەیاند، "ئامانجى ئێمە فراوانکردنى پەیوەندییەکانمانە لەگەڵ تورکیا."

ئیڤان مارکێز، بە سەرکردایەتیى شاندێکى باڵاى کۆلۆمبیا ئێستا لە تورکیایە و لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا گووتى، "ئامانجى ئێمە لەگەڵ تورکیا ئەوەیە، چۆن پەیوەندییەکان فراوانتر بکەین، ئەمەیش پێوستى بە دانانى ستراتیژیەتێکى هاوبەش هەیە."

سەرۆکى کۆلۆمبیا زیاتر ڕوونیکردەوە، "بەو ستراتیژیەتە دەتوانین ئاستى ئاڵوگۆڕى بازرگانییەکانمان بۆ چوار بەرامبەر بەرز بکەینەوە لە دە ساڵى داهاتوودا، وە پێویستە هەر ئەمڕۆ دەست بە جێبەجێکردنى ئەو ستراتیژیەتە بکەین."

تا ئێستا چەندین کۆمپانیاى تورکى لە کۆلۆمبیا وەبەرهێنان دەکەن، هەروەک ئیڤان مارکێز ئاماژەى پێکرد، "وەبەرهێنان خاڵێکى گرنگى پەیوەندیى هەردوولایە، ئێمە پێشوازى لەو کۆمپانیا تورکیانە دەکەین کە دەیانەوێ وەبەرهێنان لە وڵاتەکەمان ئەنجام بدەن، چونکە دەمانەوێ ئەمساڵ بڕى ئاڵوگۆڕى بارزگانی نێوانمان بگەینە (400) ملیۆن یۆرۆ و زیاتریش، بۆ ئەم ئامانجەش چەندین ڕێککەوتنمان واژۆکرد."

سەبارەت بە خاڵى هاوبەشى هەردوو وڵات، سەرۆکى کۆلۆمبیا ڕاشیگەیاند، "هەردوولامان پێشوازیمان لە ژمارەیەکى زۆرى پەنابەر کردووە، هەروەها وەک تورکیا ئەزموونى ڕووبەڕووبوونەوەى گرووپە چەکدارەکانمان هەیە، تا ئێستا سێ گرووپى چەکدارمان هەڵوەشاندۆتەوە."

تورکیا و کۆلۆمبیا، ڕێککەوتن لەسەر ئەوەى لە بوارى خوێندن، کشتوکاڵ، وزە و گەشتوگوزار بە پەرە پەیوەندییەکانیان بدەن.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین