سێ گۆڕانكارى له‌ پڕۆژه‌ یاساى ئاسایشى خۆراك كراوه‌ کوردستان- عێراق

نوچه‌نێت

رۆژنامه‌ى مه‌داى عێراقى به‌راوردى له‌نێوان دوو پڕۆژه‌ یاساى ئاسایشى خۆراك كردووه‌، كه‌ یه‌كێكیان له‌ لایه‌ن حكومه‌ت و ئه‌ویتریان له‌ لایه‌ن لیژنه‌ى دارایى په‌رله‌مان پێشكه‌ش كراون، له‌ به‌راورده‌كه‌ ده‌ركه‌وتووه‌، سێ جیاوازى گرنگیان له‌نێوان هه‌یه‌.

ماڵپه‌ڕى رۆژنامه‌ى مه‌دا دوێنێ شه‌ممه‌ 21ى ئایارى 2022 راپۆرتێكى بڵاوكردووه‌ته‌وه‌، تێیدا باسى له‌ جیاوازى نێوان دوو پڕۆژه‌ یاساى “پاڵپشتى فریاگوزارى ئاسایشى خۆراك و گه‌شه‌پێدان كردووه‌”. كه‌ یه‌كه‌میان له‌ لایه‌ن حكومه‌تى كار به‌ڕێكه‌رى مسته‌فا كازمى پێشكه‌شى په‌رله‌مان كرا، به‌ڵام له‌لایه‌ن دادگاى فیدڕاڵى ره‌تكرایه‌وه‌. چه‌ند رۆژێك دواتر لیژنه‌ى دارایى په‌رله‌مان به‌ هه‌مان ناونیشان پڕۆژه‌ یاسایه‌كى ترى پێشكه‌شى سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان كرد.

جه‌مال كۆچه‌ر ئه‌ندامى لیژنه‌ى دارایى په‌رله‌مانى عێراق بۆ رۆژنامه‌ى مه‌دا قسه‌ى كردووه‌ و باسى له‌وه‌ كردووه‌، سێ جیاوازى له‌نێوان دوو پڕۆژه‌ یاساكه‌ هه‌یه‌. یه‌كه‌میان جیاوازى له‌ سه‌رچاوه‌كه‌، كه‌ ئه‌مه‌یش زانراوه‌، یه‌كه‌میان له‌لایه‌ن حكومه‌ت و ئه‌ویتریان له‌لایه‌ن لیژنه‌ى دارایى پێشنیار كراوه‌. 

دووه‌م جیاوازى په‌یوه‌ندى به‌ بڕى پاره‌ ته‌رخانكراوه‌كه‌ هه‌یه‌، له‌ پڕۆژه‌كه‌ى حكومه‌ت داواى ته‌رخانكردنى 35 تریلیۆن دینار كرا بوو، كه‌چى له‌ پرۆژه‌ى لیژنه‌ى دارایى ته‌نیا 25 تریلیۆن دیارى كراوه‌.

جیاوازى سێیه‌مه‌یش په‌یوه‌ندى به‌ ته‌رخانكردنى پاره‌ هه‌یه‌ بۆ كه‌رته‌كان، جه‌مال كۆچه‌ر ده‌ڵێ، "پرۆژه‌ى حكومه‌ت میكانیزمى خه‌رجكردنى پاره‌ى به‌ رێژه‌ى سه‌دى دانا بوو، كه‌ روون بوو. كه‌چى به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ له‌ پێشنیاره‌كه‌ى لیژنه‌ى دارایى روون نییه‌".
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین