گوتاری سەرۆک .. زەنگەکان بۆ کێ لێدەدرێن؟ بیروڕا

نوچەنێت:

‌ئاراس عەبدولکەریم

سەرکردایەتیکردن و سیاسەتکردن دوو چەمک و دنیای زۆر جیاوازن لە یەکدی، مەرجە کە سەرکردە سیاسەتوان بێت، بەڵام هیچ مەرج نییە ەئوەی سیاسەتی کرد بتوانێ ببێتە سەرکردە، ئەمە پەیوەستە بە جیهانبینی و کەسایەتی و گوتار و ڕەفتاری ئەو کاراکتەرە سیاسییەوە لەسەر زەمینەی واقیع.

خاڵێکی جەوهەری کە گوتاری سەرکردە لە هەر گوتارێکی سیاسیی ئاسایی جیا دەکاتەوە، بەر لە هەر شتێک دیدگای گوتارەکەیە بۆ چارەسەر، نەک تەنها دەستنیشانکردنی کێشە و شرۆڤەکردنی لێکەوتەکانی. دیدگای سەرکردە هەمیشە لە سەروو باگراوندی ئایدیۆلۆجی و هەر باوەڕێکی لە قاڵبداوەوەیە کە تەنها بە چواردەوری خۆیدا بسووڕێتەوە و ئەوانی دی نەبینێ و نەخوێنێتەوە. گوتاری سەرکردە هەمیشە گوتارێکە بە ئاڕاستەی کردنەوەی گرێکان، نەک گرێدان لە گوتاری بەرامبەر.

لە ڕێوڕەسمی دەرچوونی ئەفسەرانی کۆلێژی سەربازیی قەڵاچوالان لە ٢٢ی ئەم مانگەدا، سەرۆکی هەرێم وێڕای ئەوەی ڕاشکاوانە باسی لە گرێوگۆڵەکانی واقیعی سیاسیی کوردستان کرد، بە ڕوونیش ڕێگەچارەکانی دەربازبوون لەو گرێ و کێشانەی خستە ڕوو. بە جۆرێکیش کە بە یەک دووری لە لایەنە جیاوازەکان وەستابوو، بە پارتەکەی خۆیشیەوە.

هیچ زیادەڕەوییەک نییە گەر بڵێم، هیچ کەسایەتیەکی سیاسی لە کوردستاندا وەک نێچیرڤان بارزانی ئەو مافەی نییە کە ڕوو بکاتە پێشمەرگەکان وپێیان بڵێت ئێوە موڵکی گەلەکەتانن نەک حیزبەکان، ڕوو بکاتە حیزبەکان (بە تایبەت پارتی و یەکێتی) و پێیان بڵێت دەستوەردانی حیزبی لە نێو هێزی پێشمەرگەدا ڕاگرن؛ چونکە ئەزموونی چەندین ساڵەی دەوڵەتداریی ئەم پیاوە سەلماندوویەتی کە ڕێگەی بە خودی خۆیشی نەداوە کاری حیزبی تێکەڵ بە کاری حوکمڕانی بکات.

لە نێو وتارەکەیدا، سەرۆکی هەرێم تەنها سەرۆکی هەرێم و سەرکردەی هێزی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان بووە و هیچی دی، نە پارتی و تەنانەت نە بە تەنیا کوردیش بووە، بەڵکو دەنگ و ویژدانی هەموو کوردستانیان بوو بە جیاوازیی لایەنگیری و نەتەوە و ئاینیانەوە، ئەمەش خەسڵەتی سەرکردەیە کە دەتوانێ ڕەنگ و دەنگی هەمووان لەخۆبگرێت و ببێتە چەتری هەمووان. هەر بۆیە لە گوتاری ئەودا هەمووان شوێن و پێگەی خۆیان هەیە و هێڵی سوور بۆ کەس نییە.

لە واقیعێکی وەهاشدا، کە ڕوئیای ئەو بینینی هەمووان بێت، هەر دەبێ چارەسەر لای ئەو پاراستنی بەرژەوەندیی هەمووان بێت، نەک بەشێکیان. لێرەوەیە کە گوتاری ئەو هەمیشە گوتاری کرانەوە و چارەسەرە. گوتارێک کە بە هەق لە فۆرمی نەخشەڕێگایەکی واقیعیانەدایە بۆ دەربازبوون لە قەیران و کێشە سیاسیەکانی نێوخۆی کوردستان و نێوان هەرێم و عێراقیش. دەمێنیتەوە بپرسین: ئەو زەنگانەی نێو گوتاری سەرۆکی هەرێم بۆ هەمووانە و لە پێش هەمووانیشەوە پارتی و یەکێتی، ئیدی کە دەیبیستن لێی حاڵی بن، کە لێی حاڵی دەبن بڕواتان پێی بێت، کە بڕواتان پێی بوو بەگوێی بکەن، کە بەگوێتان کرد دڵنیا بن هەمووان براوە دەبن.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین