سه‌در هه‌وڵى تێپه‌ڕاندنى یاسایه‌كى تر ده‌دات عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

موقته‌دا سه‌درى رێبه‌رى ره‌وتى سه‌در له‌ په‌یامێكدا داوا له‌ په‌رله‌مانى عێراق ده‌كات، دواى تێپه‌ڕاندنى یاساى به‌ تاوانناساندنى په‌یوه‌ندى له‌گه‌ڵ ئیسرائیل، هه‌وڵ بدات یاساى ئاسایشى خۆراك په‌سه‌ند بكات، حاكم زاملى جێگرى یه‌كه‌مى سه‌رۆكى په‌رله‌مانیش به‌ڵێنى په‌سه‌ندكردنى یاساكه‌ به‌ سه‌در ده‌دات.

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 28ى ئایارى 2022 موقته‌دا سه‌در په‌یامێكى بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ و تێیدا هاتووه‌، "دواى په‌سه‌ندكردنى یاساى به‌ تاوانناساندنى ئاساییكردنه‌وه‌ى په‌یوه‌ندى ئیسرائیل، ئه‌ركى په‌رله‌مانه‌ یاسایه‌كى ترى خزمه‌تگوزارى په‌سه‌ند بكات كه‌ راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندى به‌ خه‌ڵكه‌وه‌ هه‌یه‌، ئه‌ویش یاساى ئاسایشى خۆراكه‌، بێ موزایده‌ى حزبى و تایفه‌گه‌رى و نه‌ته‌وه‌یى، بۆ ئه‌وه‌ى له‌ تارمایى گه‌نده‌ڵى دوور بخرێته‌وه‌".

سه‌در په‌یامه‌كه‌ى ئاراسته‌ى په‌رله‌مانتارانى هاوپه‌یمانى رزگاركردنى نیشتمان و هه‌موو ئه‌و فراكسیۆنانه‌ ده‌كات كه‌ به‌ "نیشتمانى"ناویان ده‌بات. 

دواى په‌یامه‌كه‌ى سه‌در، حاكم زاملى جێگرى یه‌كه‌مى سه‌رۆكى په‌رله‌مان په‌یامێكى له‌ تویته‌ر بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ و تێیدا هاتووه‌، "له‌گه‌ڵ ئێوه‌ین سه‌ركرده‌مان، هه‌رگیز شه‌رمه‌زارت ناكه‌ین، ئه‌مه‌ به‌ڵێنه‌، به‌ یه‌كه‌وه‌ یاسا گرنگه‌كان داده‌نێین وبه‌ره‌و په‌سه‌ندكردنى یاساى ئاسایشى خۆراك ده‌چین".

"پڕۆژه‌ یاساى پاڵپشتى فریاگوزارى ئاسایشى خۆراك و گه‌شه‌پێدان" له‌ لایه‌ن حكومه‌تى كازمى به‌ په‌رله‌مانى عێراق درا، دواتر دادگاى فیدڕاڵى ره‌تیكرده‌وه‌، به‌ پاساوى ئه‌وه‌ى ناردنى یاساكه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتى حكومه‌تى كاربه‌ڕێكه‌ر نییه‌، دواى ئه‌مه‌ لیژنه‌ى دارایى په‌رله‌مان هه‌مان یاساى به‌ سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان دا. به‌گوێره‌ى ئه‌و یاسایه‌ له‌ سه‌رووى 20 تریلیۆن دینار بۆ گه‌شه‌پێدان و خۆراك ته‌رخان ده‌كرێت.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین