یادەوەرییەکانى ئیسماعیل بێشکچى بڵاوکرایەوە کولتوور

چنار خۆشناو ـ تایبەت بە نوچەنێت:

بۆ یەکەمجار بە زمانى کوردى، یادەوەرییەکانى ئیسماعیل بێشکچى لە دووتوێى (660) لاپەڕە لە هەولێر بە ئامادەبوونى نووسەرەکەى بڵاوکرایەوە و وەرگێڕى ئەم کتێبە ڕایدەگەیێنێت، "ئەم کتێبەى لەسەر ئەرکى خۆى چاپکردووە و ناوەڕۆکى کتێبەکە باس لەو گرفت و کێشانە دەکات کە نووسەر لە ماوەى ژیانى ئەکادیمیى لەسەر کورد لە باکوورى کوردستان ڕووبەڕووى بۆتەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە (31/ئایار/2022) محەممەد عزەدین، وەرگێڕى کتێبى (بیرەوەرییەکانى ئیسماعیل بێشکچى) تایبەت بە نوچەنێتى ڕاگەیاند، "ئەم کتێبە ناوەڕۆکەکەى باس لەوە دەکات چۆن بەهۆی لێکۆڵینەوەکانی لەسەر کورد ڕووبەڕووی کێشە بۆتەوە و لە دوو  زانکۆ دەرکراوە، هەر بە هۆى نووسین و کتێبەکانى ئەشکەنجە و ئازارى زۆرى بینیووە، تەنانەت نزیکەی (17) ساڵ زیاتر زیندانی کراوە وە سزای (100) ساڵ زیندانی کردنیشی بەسەردا سەپێندراوە."

محەممەد عزەدین،  هەر سەبارەت بە ناوەڕۆکى یادەوەرییەکانى ئیسماعیل بێشکچى زیاتر ڕوونیدەکاتەوە، "بێشکچى تا ئێستا (38) کتێبى لە تورکیا قەدەغەکراوە، چەندینجار سزاى ماددى و دەروونى دراوە، هەندێ تۆمەتى ڕووبەڕووکراوەتەوە، بۆتە هۆی ئەوەی بەشێک لە خزم و کەسوو کاری خۆشی لەسەر هەندێ بۆچوونی کە هەیەبووە لێى دوورکەوتوونەتەوە، دواتر دێتەسەر باسى سەردانیکردنى باشووری کووردستان و کۆبوونەوەى لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی و بینینى دانیال میتران."

سەبارەت بە گرنگى ئەم کتێبە بۆ خوێنەرانى کورد گووتیشى، "ڕەنگە ئێمە بەس ناوی ئیسماعیل بێشک چیمان بیستووە، بەڵام لەڕێگای ئەو کتیبەوە ئێمە بە ووردی دەزانین کەوا ئیسماعیل بێشکچى كێیە و چی کردووە بۆ کورد."

بە وتەى وەرگێڕى یادەوەرییەکانى ئیسماعیل بێشکچى، بۆ ماوەى (10) مانگ خەریکى وەرگێڕانى ئەم کتێبە بووە لە زمانى تورکییەوە بۆ کوردیى، د. فەرهاد پیرباڵ پێشەکى بۆ نووسیووە و بەکر شوانى پێداچوونەوەى بۆ کردووە، لەسەر ئەرکى وەرگێڕ چاپکراوە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین