د.محەمەد شوکری: ئەو شوقانە بۆ خەڵکی کەم دەرامەت دروست دەکرێت کوردستان- عێراق

چنار خۆشناو: نوچەنێت

بڕیارە 20هەزار یەکەی نیشتەجیبوون لەسەرتاسەری هەرێمی کوردستان، بۆ ئەو هاوڵاتییانە دروستبکرێت کە کرێچین، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان دەڵێت: ئەم شوقانە بۆ هاوڵاتییانی کەم دەرامەت دەبێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە(1/حوزەیران/2022 ) دکتۆر محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان لە لێدوانێکی تایبەتدا بە نوچەنێتی راگەیاند" بڕیاری جێبەجێکردنی پڕۆژەیەک بۆ هاوڵاتییانی کەم دەرامەت دراوە، کە 20هەزار یەکەی نیشتەجێبوونە، ئەم بڕیارە لەلایەن جەنابی سەرۆکی حکومەت، مەسرور بارزانی دراوە، کۆبوونەوەی لەسەرکراوەو بڕیارە بە زووترین کات دەست بە جێبەجێکردنی بکرێت".

سەبارەت بە ماوەی پڕؤژەکە سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان دەڵێت"سەرۆک وەزیران جەختی کردەوە کە پێویستە ماوەی دیاری کراو هەبێت بۆ تەواوکردنیان، پەنا بەخوا دەستەی وەبەرهێنان، بەهەما هەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندارەکان پەلەیەکی زۆر دەکەین بۆ دەستپێکردنی ئەم پڕۆژەیەو لە کاتێکی دیاری کراودا تەواوبکرێت".

لە وەڵامی ئەو پرسیارە کە ئایا کێ لەم شوقانە سودمەند-دەبێت و مەرجەکان چین، دکتۆر محەمەد شوکری گوتی"ئەو هاووڵاتیانەی کە سودمەند دەبن، پێویستە هیچ شوێنێکی نیشتەجێبونیان نەبێت و هیچ شتێکی بەناو نەبێت، تا بتوانێ فۆرم پێشکەش بکات و ببێتە خاوەنی ئەو یەکەیە".

سەبارەت بە میکانیزمی دابەش کردنی پڕۆژەکە، دکتۆر محەمەد شوکری جەختی لەوەکردەوە" لیژنەی تایبەت لە پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆکاندا دەبێت. فۆرم لە رێگای ئۆنلاین پێشکەش دەکرێ هەمووخەسڵەت و مەرجەکان لە فۆڕمەکەیدا هەیە، ئەو کەسەی کە پڕی دەکاتەوە دەبێت بەڵین بدات کە ئەو زانیاریانە ڕاستن و بەهیچ جۆرێک سود مەند نەبووە. دواتر بەدواداچون بۆ ناوەکان دەکرێت سەبارەت بە دروستی زانیارییەکان، بەپێی پارێزگاو شوێنی نیشتەجێبوون هاوڵاتی لێی سودمەند دەبێت بە شێوەیەکی شەفاف و بەبێ جیاوازی".

ئایا بەچی میکانیزمێک دەتوانن وابکەن کە تەنیا خەڵکی کەم دەرامەت سودمەندبێت، دکتۆر محەمەد شوکری دەڵێت بۆ هەرچوار پارێزگاکە شوێن دەستنیشانکراوەو"چوار پارێزگاو چوار ئیدارەی سەربەخۆیە، لەوێش دابەشی سەر سەنتەری پارێزگاکان، دەوروبەرو قەزاو بە پێی پێویست و خواستی خەڵک. ئەمجارە قبوڵ ناکرێت واستە لە دابەشکردنی ئەم پڕۆژەیە هەبێت، دەبێت هەموو فەرمانگەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هاوکارو هەماهەنگ بن بۆ دڵنیا بون لە هاوڵاتی سودمەند کە سەد لەسەد ئەو کەسە بێ کە شایستە بن بۆ وەرگرتنی ئەم یەکانەیە".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین