سەیران سەڵاح: پەرلەمان زۆر کەمتەرخەمە سەبارەت بە رەوشی منداڵان ناوخۆیی

لاڤین عومەر: نوچەنێت

ئەمڕۆ رۆژی جیهانی منداڵانە، ئایا پەرلەمانی کوردستان لە ماوەی کارکردنی خۆیدا، چەندکاری لەسەر دەرکردنی یاساکانی تایبەت بە منداڵان کردووە؟ سەرۆکی لیژنەی کاروباری کۆمەڵایەتی و داکۆکیکردن لە مافی منداڵان لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت: نەک لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان بەڵکو لەسەر ئاستی عێراقیش یاسای تایبەت بە منداڵان نییە، چالاکوانێکی بواری مافەکانی منداڵان، پەرلەمان بە کەمتەرخەم دەزانێت سەبارەت بە رەوشی منداڵان.

رۆمیۆ هەکاری، سەرۆکی لیژنەی کاروباری کۆمەڵایەتی و داکۆکیکردن لە مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی کوردستان سەبارەت بەو پرسیارەی کە ئایا پەرلەمانی کوردستان چەند کاری لەسەر باشکردنی رەوشی منداڵان کردووە؟ گوتی " کێشەکە ئەوە نییە کە پەرلەمان یاخود پەرلەمانتاران نایانەوێ کار لەسەر منداڵان بکەن، بۆ ئەوەی ژیانیان بەشێوەیەکی ئاسایی یاخود داهاتویەکی باشیان بۆ دابڕێژن، بابەتەکە ئەوەیە کە لەسەر ئاستی عێراقیش یاسایەک نییە تەنیا بەناوی منداڵ بێت، بەڵام ئێمە وەکو لیژنەی کاروباری کۆمەڵایەتی و داکۆکی کردن لە مافی مرۆڤ، کارێکی زۆرمان کردووە لەم خولەدا لەماوەی سێ ساڵدا ئیشمان لەسەر منداڵ کردووە".

لە بارەی جۆری ئەو کارانەی کە پەرلەمانی کوردستان لەسەر منداڵان کردویەتی رۆمیۆ هەکاری دەڵێت" بۆنمونە ئەمڕۆ سەردانی چاکسازییەکانی پارێزگای دهۆک چاومان بە چەند ئافرەت و منداڵ کەوت و دواتر چوینە خانەی بێ سەرپەرشتیاران، کە ژمارەیەکی زۆری منداڵی تێدایە، دواتر ئێمە زۆر پاڵپشتی خێزانی منداڵ هەڵگرەوەمان کردووە بۆ ئەو منداڵانەی کە بێ دایک و باوکن کارمان بۆ کردوون واتە کاری ئیش کردن بۆ منداڵا و بۆ داهاتووی منداڵ، لە چوارچێوەی پاراستنی خێزانی و چوارچێوەی بەڕێوەبەرایەتی گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی کردووە، بەڵام ئێمە لەسەرو بەندی ئەوەداین کە لە هەرێمی کوردستان یاسایەک هەبێت بۆ منداڵ وەک چۆن یاسای تر هەیە، بەهەمان شێوە بۆ منداڵانیش هەبێت".

سەبارەت بە هەر بابەتێک پەیوەستبێت بە منداڵان کێ بەدواداچوونی بۆ دەکات لیژنەی مافی مرۆڤ یاخود لیژنەی ئافرەتان؟ ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت " هەردووکیان بەدواداچوونی بۆ دەکەن بەڵام بەشێکی لیژنەی ئێمە کە کاروباری کۆمەڵایەتییە، لە هەموو روویەکەوە منداڵ لەخۆ دەگرێت و پەیوەستە بە لیژنەکەمان، لیژنەی کاروباری ئافرەتانیش وەکو ئافرەت وەکو دایک یاخود خێزان، پەیوەستن بە کارو ژیانی منداڵەوە، لیژنەی یاساش کە یەکێکە لەو لیژنانەی کە هەر یاسایەک بۆ منداڵ دەرچێت یەکسەر راسپاردەی بۆ دەکات، ئەو دوو سێ لیژنە زۆر بایەخ بە منداڵان دەدەن، بەڵام بەتایبەت لیژنەی کاروباری کۆمەڵایەتی بایەخ بەوە دەدات"

دەربارەی ئەوەی کە ئەو وەک پەرلەمانتارێک پێت وایە لە کارەکانی پەرلەمان بە چاودێری و یاسادانانەوە خزمەتی منداڵ کرابێت؟ گوتی " ئەگەر پەرلەمان و پەرلەمانتاران بەکاری یاسایی خۆیان هەستابن وەکو پەرلەمان کە چەند لایەنێکە بۆ نمونە چاودێری ئیش و کارەکانی حکومەتە یاخود یاسا دانانە، یان دابەشکردنی بودجەی ساڵانەی هەرێمە یاخود حکومەتە هەموو ئەمانەیە، منداڵ بەشێکە لەم کۆمەڵگایە، لەناو ئەم کۆمەڵگایە وەک وخێزان منداڵ ئیشی بۆ کراوە، بەڵام بەداخەوە ئەم خولەی پەرلەمان چەندەها کێشەی حزبی و سیاسی و لەوانەیە جۆرێک لە قۆناغەکاندا کاری پەرلەمانی بەتەواوی سست کردبێت وایکردووە ئێمە نەمانتوانیبێت نەک بۆ منداڵ، پەیوەست بێت بەژیانی کۆمەڵگای کوردستانی نەمان توانیبێت بەو شێوەیەی کە خۆمان دەمانەوێت کاری لەسەر بکەین، بەڵام سەرجەم پەرلەمانتاران سوورن لەسەر ئەوەی کە دەبێت هەموویان چۆن نوێنەری خەڵکی کوردستانین، ئاواش لە خزمەتی میللەتی کورد بین".

سەبارەت بۆ ئەو منداڵانەی کە حەوت بۆ هەشت مانگن و لە ترافیک بەکاریان دەهێنن بۆ سواڵکردن و سواڵیان پێ دەکرێت جەخت لەوە دەکاتەوە کە بەدواداچوونیان کردووە " ئێمە بەدواداچوونمان بۆ منداڵی سواڵکەر کردووە و لایەنی پەیوەندیداریشمان ئاگادار کردووەتەوە بەتایبەت دامودەزگا پەیوەندیدارەکان، و هەندێک رێکخراو کە ئێمە کاری هاوبەشیمان لەگەڵیان کردووە کە پەیوەستن بە کارووباری منداڵ، لەگەڵیان کاری هاوبەشمان کردووە بۆ نەهێشتنی دیاردەی سواڵکردنی منداڵ یاخود ئیشکردنی منداڵ لەسەر شەقامەکان، هەر ئەمڕۆ لە چاکسازی ژنان و منداڵانی شاری هەولێر یەک دوانیانمان بینی من وەکو خۆم قسەم لەگەڵ کردن، لە ترافیکەکان گیرابوون لەبەر ئەوەی کلێنکسی دەفرۆشت دەبێت کۆمەڵگا هۆشیار بکرێتەوە و هۆشیاری پەروەردەو کۆمەڵگا ئەوانە زۆر گرنگ بۆ ئەوەی تۆ بتوانی کۆنتڕۆلی ئەم دیاردەناشارستانی و قێزەونە بکەین بۆ منداڵ، چونکە زۆرێک لە یاسای عێراقیدا هاتووە منداڵ تا نەبێت بە (18) ساڵ نابێت ئیش بکات، بەڵام بەداخەوە زۆرێک لە کۆمپانیاکان منداڵی (12بۆ13) ساڵان کاریان پێدەکەن و کرێیەکی کەمیش پێدەدەن، ئەمە نەک تەنیا کاری پەرلەمان و لیژنەیەکی پەرلەمانییە، کاری کۆمەڵگاو پیاوانی ئاینییە، بۆ ئەم بابەتە قسەی خۆیان هەبێت ئێمە هەموومان بەرپرسیارین بۆ ئەم مەبەستە".

لە ساڵی 1925 لە کۆنفڕاسێکی جیھانی بۆ پاراستنی مافی منداڵان، بڕیاردرا کە رۆژی یەکی حوزەیران ببێتە رۆژی جیهانی منداڵان و بەشێوەیەکی فەرمی لە دوای ساڵی 1950 یەوە، ساڵانە لەم رۆژەدا لە زۆربەی وڵاتان ئاهەنگ و چالاکی تایبەت بەم یادە بەڕێوەدەچن.

سەیران سەڵاح، بەرپرسی رێکخراوی ئەستێرە دەربارەی کاری پەرلەمان بۆ دەرکردنی یاسایەکی منداڵان و کەمتەرخەمیەکانی لەسەر منداڵان دەڵێت "زۆر دەمێکە لەلایەن رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی تایبەت بە منداڵان، لەگەڵ وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی، یونسێف،  بانگکراوین و ئێمەش دانیشتووین رەشنوسێک ئامادە کرد، ئەو رەشنوسە گوایە ئیشی لەسەر بکەین و تەواویش بوو بەڵام لەپەرلەمان ونکرا، من وەکو خۆشم زۆر بەدواداچوونم بۆ کرد، و چەندجارێکیش چومە پەرلەمان و داوام کرد، دەیانگوت باشە و کاتی نەهاتووە، پەرلەمان زۆر کەمتەرخەمبووە لەسەر مەسەلەی منداڵ تا ئێستاش بە پێی پێویست گرنگی و ئێش بۆ منداڵ نەکراوە، نازانین بۆ پەرلەمان کاری لەسەر ناکات و گرنگی بە چینی منداڵ نادات، من هیچ لەسەر کارەکانی پەرلەمان رازینیم، ئێستاش پێویستە جەخت لەسەر ئەوە بکرێتەوە کار لەسەر ئەو یاسایانە بکرێت کە تایبەتن بە منداڵان رەنگە کرابێت، بەڵام بەپێی پێویست نییە، ئەو رەشنووسەی ئامادەکراو رەفزکرا یەکێکی تر ئامادەکرایەوە دووبارە لە کۆنفرانسێکا لەگەڵ یونسێف لەگەڵ ئەوانەی کە پسپۆرن لەبواری یاساو منداڵان، ئێستاش کۆنفراسێکی تر لەگەڵ دووپسپۆڕی تری بیانی ئەوان پێی هەڵدەستن و ئامادەی دەکەن ئەوە تەواو بووە بەڵام هەتا کاری بۆ دەکەن و دەینێرنەوە، ئەوەچەند ساڵە هەوڵدەدەین بەڵام گرنگی پێنادرێت ئیشی بۆ ناکرێت تا بەیاسا بکرێت، ئەگەر ئەو یاسایە بکرێت یاساکە بەناوی یاسای مافەکانی منداڵانەهەتا ئێستا رەشنوسبووە".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین