موقتەدا سەدر: داوای لێبوردن دەکەم عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچەنێت

موقتەدا سەدر، بەرامبەر بەو هەڵوێستەی کە دوێنێ نواندی لە کاتی گوتاردان داوای لێبوردنی کرد و داوایکرد نزای شەهیدبوونی بۆبکەن.

ئەمڕۆ شەممە(4/حوزەیران/2022 ) موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر، لە پەیامێکدا داوای لێبوردنی کرد بەرامبەر بەو هەڵوێستەی دوێنێ نواندی و جەختی لەسەر ریز و خۆشەویستی خۆی کردەوە بۆیان. 

موقتەدا سەدر دەڵێت"داوای لێبوردنتان لێدەکەم، لەکاتی گوتارەکەمدا لەنێوتان کشامەوە و ئەوەش لەبەر چەند هۆکارێک بوو. یەکەم بۆ پاراستنی سەلامەتیتان. دووەم: تاوەکو ژیانم بەردەوام بێت لە خزمەتی ئێوەم. خودا وای نەکرد لەنێو ئۆتۆمبێلەکەی باوک و براکانم بم لە رۆژی شەهیدکردنیان، داواتان لێدەکەم نزام بۆ بکەن تاوەکو شەهید بم و بگەمە ئەوان". 

موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر رۆژی هەینی(3/حوزەیران/2022( لە گوتارێکدا لە شاری نەجەف بە بۆنەی ساڵڕۆژی کوژرانی باوکی و دوو برای رایگەیاند: "زۆربەمان گوێمان لە گوتارەکەی باوکم بووە کە تێیدا چەند راسپاردەیەکی خستەڕوو سەبارەت بەوەی پێشەوا حوسێن [کچەزای پێغەمبەری ئیسلام د.خ] شەهیدکرا، هاوشێوەی ئەو گوتارە دەڵێم: کێ شەهید سەدری کوشت؟ کێ باوکمی کوشت؟ وەڵامەکە ئەمەیە بە چەند راسپاردەیەک: یەکەم، ئەوەی کوشتی بەعسی سەددامی نەفرەتییە بە فەرمانی ئەو زۆردار و نەفرەتییە، بۆیە نەخێر بۆ حیزبی بەعس، چونکە ئەو دەسەڵاتە راستەوخۆ کوشتی یان لانیکەم فەرمانی کوشتنی دا لە کاتێکدا باوکم دوای گوتارەکەی کە تێیدا داوای ئازادکردنی دەستگیرکراوانی کرد بە روونی هەڕەشەی لێکرا، ئەمەش روونترین بەڵگەیە لەسەر ئەوە". 

لە میانەی ئەم گوتارەدا لایەنگرانی رەوتی سەدر لە مەراسیمەکەدا بێدەنگ نەبوون و ئاڵۆزی زۆر دروستبوو بۆیە موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر توڕەبوو- و بە جەماوەری ئامادەبووی رێوڕەسمەکەی گوت: "من بە زۆر هاتووم، چونکە دڵم لێتان ئێشاوە و زیاتر دڵم لێتان دێشێت" و شوێنەکەی جێهێشت.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین