ئیبراهیم سەمین: 100کەسمان ئامادەی خوێن بەخشینە کوردستانی

لاڤین عومەر: نوچەنێت

لە رۆژی خوێن بەخشان، دەزگای خێرخوازی بارزانی هەڵمەتێکی خوێن بەخشین ئەنجام دەدات. جێگری سەرۆکی رێکخراوەکە دەڵێت: ئامانجمان هاوکاریکردنی ئەو کەسانەیە کە پێویستیان بە هاوکارییە.

ئەمڕۆ شەممە (4/حوزەیران/2022) ئیبراهیم سەمین جێگری سەرۆکی دەزگای خێرخوازی بارزانی، لە لێدوانێکدا بە نوچەنێتی راگەیاند: ئێمە هەمیشە وەکو دەزگای خێرخوازی بارزانی، هەوڵدەدەین هاوکاری ئەو خەڵکانە بکەین کە پێویستیان بە هاوکاری هەیە لە و چوارچێوەدا لە رۆژی جیهانی خوێن بەخشین کە دووسێ رۆژی ترە، وەکو دەزگای بارزانی هەڵمەتێکمان کردووە بۆئەوەی هاوکاری ئەو نەخۆشانە بکەین کە پێویستیان بە خوێنە.

ڕۆژی جیهانی خوێن بەخشین( World Blood Donor Day ) ئەو رۆژەیە تایبەتە بە خوێن بەخشان هەموو ساڵێک لە رۆژی 14-6 دا بەشێوەی جۆراوجۆر خەڵک بۆئەم رۆژە هان دەدرێت و گروپی جیا بە تاک و کۆ خوێن دەبەخشنە ئەوکەسانەی کە پێویستیان بە خوێنە.

سەبارەت بە چۆنێتی ئەنجامدانی چالاکییەکە، ئیبراهیم سەمین دەڵێت: تیمێکی گەڕۆکی وەزارەتی تەندروستی دێت، لەناو دەزگادا خوێن لە تیمەکانی ئێمە وەردەگرێت. تیمەکانی خۆشمان ئاگادار کردووەتەوە بۆ ئەوەی خوێن ببەخشن، چونکە ئێمە وەکو دەزگا ئەم کارە بە پێویست دەزانین لەبەرئەوەی خەڵکێک هەیە پێویستی بە خوێنە، بەتایبەتی ئەوانەی نەخۆشی تالاسیمایان هەیە.

سەبارەت بە ژمارەی ئەو کەسانەی ئامادەی خوێن بەخشینن، لە دەزگای خێرخوازی بارزانی، ئیبراهیم سەمین گوتی: نزیکەی (100)کەس دەبێت. پێشوتر پشکنینیان بۆ دەکرێت، تیمەکەمان ئامادەیە بۆ ئەم بەخشینە.

خوێن بەخشین کردارێکی خۆبەخشی پزیشکییە، بە گواستنەوەی خوێن یان یەکێک لە پێکهاتەکانی خوێن لە کەسێکی تەندروست و باش بۆ کەسێکی نەخۆش و پێویست بە خوێن، ئەم کردارەش ساڵانە ملیۆنان کەس پێویستیان پێی دەبێت و لەکاتی نەشتەرگەری یان ڕووداو یان لەدایکبون یان ئەو نەخۆشیانەی پێویستیان بە گواستنەوەی هەندێک لە پێکهاتەکانی خوێنە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین