پارێزگاری دهۆک لە بارەی نرخی بەنزین چەند بڕیارێکی راگەیاند کوردستانی

نوچەنێت

پارێزگاری دهۆک، ژمارەیەک بڕیار لە بارەی هاوردەکردن، کوالێتی و نرخی بەنزین دەدات و دەڵێت هەر بەنزینخانەیەک پابەندی نەبێت، سزا دەدرێت.

ئەمڕۆ یەکشەممە (5/حوزەیران/2022) بە سەرپەرشتی جێگری پارێزگاری دھۆک و بە ئامادەبوونی قائیمقامی دھۆک و بەڕێوەبەرایەتی سوتەمەنی دھۆک، کۆبوونەوەیەک لەبارەی نرخ و کوالێتی بەنزین بەڕێوەچوو. ئەمەش دوای ئەوەی دوێنێ بەشێک لە شۆفێرانی تەکسی بەھۆی گرانبونی نرخی بەنزین رێگەی سەرەکی دھۆک - هەولێریان داخست. 

پارێزگاری دھۆک، دوای ئەم خۆپیشاندانە بەڕێوەبەرایەتییە پەیوەندیدارەکانی راسپارد بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی بەپەلە لەسەر بابەتەکە. لە کۆبوونەوەکەدا ئەم بڕیارانەی خوارەوە دران:

یەکەم: کاراکردنی لیژنەیەکی ھاوبەش لە بەڕێوەبەرایەتییە پەیوەندیدارەکان بۆ بەدواداچوون و پشکنینی بەنزینی 690 دیناری، ئەو بەنزینخانانەشی پابەندی رێنوێنی و مەرجەکان نەبن، سزا دەدرێن.

دووەم: پشکنینی بۆ ھەموو کۆگا و شوێنی ھەڵگرتنی بەنزین لە سنووری پارێزگای دھۆک بکرێت بۆ نەھێشتنی بەنزینی خراپ و دوور لە رێنوێنییەکان و سەرپێچیکار بە تووندی سزابدرێت.

سێیەم: دانانی خاڵێکی پشکنین لە ئالۆکا بۆ وەرگرتنی نموونەی بەنزین و گواستنەوەیان بۆ تاقیگە تایبەتەکانی بەڕێوەبەرایەتیی سووتەمەنی دھۆک.

چوارەم: ھەوڵبدرێت بەشی دھۆک لە بەنزینی 690 دیناری زیادبکرێت و بە شێوەیەکی دادپەروەرانە بەسەر بەنزینخانەکان دابەشبکرێت.

پێنجەم: زیادکردنی ئامێرەکانی پێدانی بەنزین بەشێوەیەکی کاتی لەو بەنزینخانانەی کە بەنزینی 690 دیناری دابەشدەکەن بۆ نەھشتنی قەرەباڵخی و کار بکرێت لەگەڵ وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان بۆ زیادکردنی بەشی دھۆک بۆ کەمکردنەوەی گلەیی ھاونیشتمانییان.

شەشەم: کار بکرێت لەگەڵ وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان بۆ زیادکردنی سەرچاوەکانی ھێنانی بەنزین لە دەرەوەی ھەرێمی کوردستان بەپێی رێنوێنییە کارپێکراوەکان.

د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک بڕیاری کۆبوونەوەکەی واژۆکردووە و لەڕێگەی نووسراوێکەوە سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکانی راسپاردووە بە مەبەستی جێبەجێکردنی بڕیارەکان.

بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزای دھۆک، ئەو پارێزگایە رۆژانە پێویستی بە ملیۆنێک و 700 ھەزار لیتر بەنزینە، بەڵام ھەفتەیەکە بۆ 260 ھەزار لیتر کەمکراوەتەوە و نرخەکەی لە بازاڕدا گران بووە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین