ئەنجوومەنى ئاسایشى هەرێمى کوردستان: هێرشەکەى هەولێر لە لایەن میلیشیای حیزبوڵڵاوە ئەنجامدراوە کوردستانی

نوچەنێت:

ئەنجوومەنى ئاسایشى هەرێمى کوردستان ڕاگەیێندراوێک دەربارەى هێرشەکەى شەوى ڕابردوو بۆ سەر هەولێر بڵاوکردەوە و دەڵێت، "هەرێمی کوردستان هیچ کات پێگەیەک نابێت بۆ هەرەشە بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە."

ئەمڕۆ پێنجشەممە (نۆى حوزەیران/2022) ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ڕاگەیێندراوێکى بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، "ئەو درۆنەی بۆ ئەو هێرشە بەکار هاتووە لە سنووری شارۆچکەی پردێ لە لایەن میلیشیای حیزبوڵڵاوە ئاراستەی هەولێر کراوە." 

لە بارەى ئەو دەنگۆیانەى کە هەندێ پێگەى مێدیایى بڵاویانکردەوە، گوایە بنکەیەکى ئیسرائیلى لە هێرشەکەدا کراوەتە ئامانج دەشڵێت، "ئەوان لەوانەیە بتوانن ئەو درۆ و دەلەسانە دەرخواردی رای گشتی خۆیان بدەن، بەڵام بۆ خەڵکی هەولێر و هەرێم کە بە چاوی خۆیان شوێن و جۆری هێرش و لێکەوتەکانیان بینی، ئەم هەواڵانە بووەتە مایەی گاڵتەجاری."

 

دەقى ڕاگەیێندراوەکەى ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان:

هێرشی تیرۆریستیی شەوی رابردوو بۆ سەر هەولێر، درێژەی ئەو هێرشانەیە کە بە مەبەستی گۆشار بۆ سەر هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدرێن.

ئەو درۆنەی بۆ ئەو هێرشە بەکار هاتووە لە سنووری شارۆچکەی پردێ لە لایەن میلیشیای حیزبوڵڵاوە ئاراستەی هەولێر کراوە.

دوای هێرشەکە چەندین سایتی فەرمیی سەر بە هێزێکی ناوچەیی، وەک جارانی پێشوو، وایان بڵاو کردووەتەوە کە لەم هێرشەدا ئۆتۆمبێلێکی سەر بە موسادی ئیسرائیلی بە ئامانج کراوە و گوایە کەسێکیش کوژراوە. ئەوان لەوانەیە بتوانن ئەو درۆ و دەلەسانە دەرخواردی رای گشتی خۆیان بدەن، بەڵام بۆ خەڵکی هەولێر و هەرێم کە بە چاوی خۆیان شوێن و جۆری هێرش و لێکەوتەکانیان بینی، ئەم هەواڵانە بووەتە مایەی گاڵتەجاری.

ئەوانەی ئەو بانگەشەیە دەکەن، دەیانەوێت شکست و لاوازیی خۆیان پەردەپۆش بکەن، گەرنا با ئاسایشی ناو جەرگەی پایتەخت و شارەکانیان بپارێزن.

هەرێمی کوردستان هیچ کات پێگەیەک نابێت بۆ هەرەشە بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە، لە هەمانکاتیشدا رایدەگەیەنین کە ئەو وڵاتانە دەبێت رێز لە سەروەریی خاک و گەلی هەرێمی کوردستان و عێراق بگرن.

ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان

9/6/2022

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین