دوو مووشەک ئاراستەى هێزەکانى پێشمەرگە کران کوردستانی

نوچەنێت:

دژەتیرۆرى کوردستان، لە ڕاگەیێندراوێکدا ئاشکراى دەکات شەوى ڕابردوو دوو مووشەک ئاراستەى سەنگەرەکانى هێزى پێشمەرگە کراون لەمیحوەرى ناوەران و دەشڵێت، "لە لایەن میلیشیا لەیاسابەدەرەکانەوە" ئەم هێرشکراوە.

بەرەبەیانى ئەمڕۆ چوارشەممە (22/حوزەیران/2022) ڕاگەیێندراوێکى بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، "شەوی سێشەممە 21ی حوزەیرانی 2022 کاتژمێر 11ی شەو، دوو مووشەک لە لایەن میلیشیا لەیاسابەدەرەکانەوە لە ناوچەی بازوا لەنێوان گوندی کانینی و باشیکەوە ئاراستەی سەنگەرەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە سنووری میحوەری ناوەران کران."

دژەتیرۆرى کوردستان لە بەشێکى ترى ڕاگەیێندراوەکەیدا دووپاتى دەکاتەوە، "لە مووشەکەکان لە بەرزاییەکانی چیای سمریتێی سەر بە قەزای شێخان لە پارێزگای نەینەوا کەوتە خوارەوە و هیچ زیانێکی گیانی و ماددی لێ نەکەوتووەتەوە."

سەبارەت بە مووشەکى دووەم، دژەتیرۆرى کوردستان ئاماژە بەوەدەکات، "بەرلەوەی بگاتە سەنگەرەکانی هێزی پێشمەرگە، لە گوندی تیسخراب - باشیک لە سنووری دەسەڵاتی حکوومەتی فیدڕاڵی کەوتووتەوە خوارەوە."

لە سنوورى پارێزگاى نەینەوا، جگە لەوەى چەند جارێک مووشەک ئاراستەى هێزەکانى پێشمەرگە و سنوورى قەزاى شێخان کراوە، هاوکات چەندنجارێک بە مووشەک و درۆن هێرشکراوەتەوە سەر هەولێر، دواینجاریش ڕۆژى چوارشەممەى (8)ـى حوزەیران، درۆنێکى بۆمبڕێژکراو لەسەر ڕێگاى سەرەکى هەولێر – پیرمام تەقیەوە، بە هۆیەوە چەند هاووڵاتییەک برینداربوون و ژمارەیەک ئۆتۆمبێلیش زیانیان بەرکەوت. بەپێى ڕاگەیێندراوى ئەنجوومەنى ئاسایشى هەرێمى کوردستان هێرشەکە لەلایەن "حیزبوڵڵاوە" ئەنجامدراوە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین