بایدن.. ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پرسی سنووربەزاندن وەرگێڕان

بایدن.. ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پرسی سنووربەزاندن

جۆن ڕەین

جۆین ڕەین لەم وتارەدا باسی ئەوە دەکات کە پێکدادانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەر ئەوەندە لە لایەن ئەمریکاوە دیاری دەکرێن کە لە لە لایەن ئەو ئەکتەرە دەرەکیانەوە کە لە ڕێگای هاوپەیمانە ناوچەییەکان و لە دەرەوەی یاسای نێودەوڵەتی کار دەکەن. ئایا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەبێ لە ڕێگای ئامادەبوون و نفوزی بێ ڕکابەر لە ناوچەکە بە شوێن چاکردنەوەی بارودۆخەکە بێت؟

ئیدارەی جۆ بایدن سەرۆک کۆماری هەڵبژێردراوی ئەمریکا لە ناوچەی ڕۆژەڵاتی ناوەڕاست بەرەوڕووی کێشەیەکی ئاشنا دەبێتەوە کە بریتییە لەوەی: چۆن ڕێگری لە سنووربەزاندن و دەستێوەردانی دەرەکی[1] لە وڵاتان و ململانێکانی ناوچە بکرێت. بەڵام کێشەکە لە بەراورد لەگەڵ ئەو کاتەی بایدن لە جێگری سەرۆک کۆمار بوو بەرجەستەتر بووەتەوە و ئێستا بووەتە ڕێگر و ئاستەنگێکی سیستەمی لە بەرانبەر سەقامگیری ناوچەکەدا. بەڵام هاوکات، ئێستا کاتێکی گونجاوە بۆ هێنانە دی نەزم یان میکانیزمێکی نوێی نێودەوڵەتی سەبارەت بە پرسی دەستێوەردان.

زۆربوونی ژمارەی ئەکتەرەکان

ژمارەیەکی زۆر لە وڵاتانی ناوچەکە کە ژمارەیان بەردەوام ڕوو لە زیادبوونە لە دەستێوەردانی دەرەکی بە مەبەستی پەلهاوێشتن و پێشبڕکێ بۆ بەدەستهێنانی هێز کەڵک وەردەگرن. وا دیارە ئەوە بووەتە نۆرم و شێوازێکی حوکمڕانی. ئێران لە سەرەتای ساڵانی ١٩٨٠وە بەو شێوەیە کاری کردووە، بەڵام لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا، لە ڕێگەی دەستێوەردان لە پێکدادانەکانی ناوچە، هەندێ تۆڕی بە مەبەستی نفوزکردن لە سەرتاسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێک هێناوە کە بنکە سەربازییەکان، پاشکەوتەکانی هێزی مرۆیی [میلیشیاکان] و توانای کاریگەریدانانی قووڵ لەسەر سیاسەتەکانی وڵاتانێک وەک عێراق و لوبنان لەخۆ دەگرێ.

تورکیا هەر لەو ماوەیەدا و وەک بەشێک لە سیاسەتی دەرەکی شەڕئەنگێزانەی خۆی، بنکە سەربازییەکانی لە باکووری عێراق، سوریا، لیبیا جێگیر کردووە و هەر لە چوارچێوەی ئەو ستراتیژییە پەلاماردەرەدا لە قەتەر و خاڵە پەراوێزەکانی ناوچە و هەروەها لە ئەفریقای ڕۆژهەڵات و ئازەربایجان بنکە سەربازییەکانی دامەزراندووە. ئیمارات لە ساڵی ٢٠١٦وە وەک بەشێک لە دکتورینی سەربازی و پەرەپێدان بە هێزی خۆی، ڕەوانەکردنی هەندێ لە هێزەکانی [بۆ دەرەوەی سنوورەکان] پەسەند کردووە، و هێزەکانی ئەو وڵاتە لە یەمەن هەندێ چالاکییان نواندووە و لە لیبیا ئوپەراسیونیان ئەنجام داوە. ئیماراتیش وەک ڕکابەرەکەی (واتە وەک تورکیا)، هەندێ بنکەی سەربازی لە ڕۆژهەڵاتی ئەفریقا هەیە کە کەڵکیان لێ وەردەگرێ بۆ پەلاماردان لە یەمەن. عەرەبستانی سعوودی سەرکردایەتی هاوپەیمانێتییەک دەکا کە لە یەمەنی دراوسێ سەرقاڵی شەڕە. لە نێو ئەکتەرە نادەوڵەتییەکاندا حیزبوڵا لە ڕێگای بەشداربوون لە سوریا و عێراق، پەرەی بە توانا ستراتیژییەکانی خۆی داوە، ئەوە جگە لەو یارمەتیانەی ئێران پێی دەدا. حیزبوڵایش دەتوانێت لە دەرەوەی سنوورەکان دەستێوەردان بکات و دەیشیکات.  

دیمەنە سەرسامکەرەکان

بەربەرەکانێی هاوتەریبی ئێران و سعودیا لە لایەک و تورکیا و ئیمارات لە لایەکی تر بەسەر داینامیک و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکەدا زاڵە. سەرکردایەتی هەر یەک لەو وڵاتانە نەک هەر دەربارەی بەرژەوەندییەکانی خۆیان لە ململانێکانیاندا، بەڵکو چاوەڕوانی و تێبینی توکمەیان هەیە سەبارەت بەوەی کە دەبێ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چۆن بێت و بەرەو کوێ بڕوات و لەو بوارەدا پێشبڕکێ دەکەن. ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل ڕەوتی جەمسەربەندیی قووڵتر کردووەتەوە. بۆیە توانای ڕەوانەکردنی هێز هەم وەک ئامرازێک بۆ پاراستنی بەرژوەندییەکان لە پێکدادانە تایبەتەکانی نێوان لایەنەکان و هەم بە مەبەستی جێبەجێکردن و بەرەوپێشبردنی تێڕوانینێکی تایبەت سەبارەت بە ناوچەکە بەرچاو دەکەوێت. ئەمەی دووەم بۆیە گرنگە چونکە دەبێتە پاساوێک بۆ دەستێوەردانی بەرفراوانتر لە ناوچەکە، نەک هەر لە ململانێ تاکەکەسییەکاندا کە بەرژەوەندییە جێگرتووەکان تیایاندا ڕۆڵ دەبینن.

چیتر مەرج نییە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئەکتەرێکی سەرەکی بێت

ئەم پەلهاوێشتنەی هێزەکان مانای ئەوەیە سەرەڕای ئەوەی ئەمریکا خاوەن توانای سەربازی و دارایی بەرفراوانە بەڵام چیتر مەرج نییە ئەکتەری دەرەکی یەکلاکەرەوە بێت. سنووربەزاندن یان دەستێوەردانی دەرەکی کتوپڕ (لەو بوارانەدا کە ئەمریکا قورخی نەکردبێ و بێ گومان بازار یەکێک لەو بوارانەیە) بژاردەیەکی بەردەستە بۆ هەمووان. بە ئاشکرا لە عێراقدا، سەرەڕای ڕێژەی زۆری دەستێوەردانی ئەمریکا، بەڵام توانای ئەو وڵاتە بۆ ئاراستەپێدان و دیاریکردنی سیاسەتی عێراق کەمتر بوو لە توانای ئێران. لە سوریا، ئەمریکا بەهۆی ئاستەنگە سیاسییە نێوخۆییەکان کە ڕێگر بوون لە بەردەم بەکارهێنانی هێز لە دژی ئەو ڕێژیمە، نەیتوانی ڕۆڵی یەکلاکەرەوە ببینێت. لە بەراورد لەگەڵ وڵاتانی تر چوونە نێو ئەو جۆرە شانۆیانە و مانۆڕ لێدان بۆ ئەمریکا سەختترە. لە ڕاستیدا، ئێستا ئاراستەی ململانێکان ئەوەندەی لە لایەن ئەمریکا و هاوپەیمانەکانییەوە دیاری دەکرێت، ئەوەندەش لە لایەن ئەو ئەکتەرانەوە یەکلا دەبێتەوە کە لە ڕێگای هاوپەیمانە ناوچەییەکان لە دەرەوەی چوارچێوەیەکی دانپێنراودا کار دەکەن.

ڕووسیا سەنگەری گرتووە

ئاریشەیەکی تر بریتییە لە بەرزبوونەوەی نفوزی ڕووسیا وەک ئەکتەرێکی دەرەکی. دەستێوەردانی ئەو وڵاتە لە سوریا بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ ئەنجام درا و ئەنجامەکەیشی یەکلا کردەوە و بە هەبوونی بنکەیەکی ئاسمانی لە حەمیم و هەروەها بنکەیەکی دەریایی بەکرێگیراو لە تەرتووس لە سنوورەکانی خۆی دوور کەوتەوە. ئەم دەستکەوتە ستراتیژیانە تۆڕی تواناکان و هاوپەیمانێتییەکانی ڕووسیا لە ڕۆژهەڵات و باشووری مەدیتەرانە کامل دەکات، کە پلانی جێگیربوون لە وڵاتی میسر لە خۆ دەگرێ. هەروەها سوریا وەک شوێنێک بۆ تاقیکردنەوەی سیستەمی چەکەکان و توانای کارپێکردنیان بوو کە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ هاوکات بوو لەگەڵ جێبەجێکردنی بەرنامەی نوێکردنەوەی سەربازیی ئەو وڵاتە. ئەو دەستێوەردانە نەک هەر پێگەیەکی باشی پێ بەخشی بەڵکو دەستپێک و لە ئاراستەی دەستێوەردانەکانی داهاتوو لە ناوچەکە بوو. کە ئەوەش بووەتە هۆی لاوازبوونی متمانەکردن بە ئەمریکا وەک ئەکتەری دەرەکی یەکلاکەرەوە.   

پەرەسەندنی پەلهاوێسنووربەزاندن گورزی گەورەتری لە دیمەنی چەندلایەنگەرایی و ڕێزگرتن لە سەروەری وڵاتان وەک بنەماکانی سەقامگیری ناوچە دا. ئێستا ئەکتەرانی هەرێمی، سەقامگیری تەنیا لە دەستێوەردانی دەرەکیدا دەبیننەوە. بەڵام ئەمە دەبێتە هۆی فراوانتربوون و درێتربوونەوەی گرژی و ناکۆکییەکان، هەروەها زیانی هەیە بۆ بارودۆخی نێوخۆیی هەر یەک لە وڵاتان. ئەمە زۆر بە ئاشکرا لە پووکانەوەی سەروەری یاسادا بینرا. لە عێراقدا، دەستکراوەیی میلیشیاکانی سەر بە ئێران و لەوانە کەتیبەکانی حیزبوڵا بۆ ئەنجامدانی تاوانی ڕێکخراوەیی، توانای حوکمڕانی دەسەڵاتی لە نێو بردووە.   

چوارچێوەیەکی نوێ؟

ئایا ئیدارەی بایدن دەتوانێ هیچ شتێک لەم بوارەدا ئەنجام بدات؟ بەڵێ، بەڵام ئەوە پرسێکی زۆر ئاڵۆزە و بایدن زیاتر لە هەموو کەس لەوە ئاگادارە. ئەمریکا لە ڕێگای بنکە سەربازییەکانییەوە لە وڵاتانی هاوپەیمانی خۆی، دەستێوەردانە سەربازییەکانی لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتی یان بە شێوەی تاک لایەنانە، بەکارهێنانی تواناکانی شەڕ کردن لە ڕێگای دوورەوە و بە پەنابردنی بەردەوامی بۆ داسەپاندنی گەمارۆ و سزاکان، یەکێک بووە لە پێشکەشکارە سەرەکییەکانی پەلهاوێشتن و سنووربەزاندن. ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە تایبەت دوو ڕژێمی ئێران و سووریا بە چڕی لەژێر چاودێری ناوەندەکانی پەیوەندیدار بە گەمارۆکانی ئەمریکادان و ئەو هەرێمە نزیکەی ٥٠٠٠٠ کارمەندی کەرتی خزمەتگوزاری ئەمریکای لە خۆ گرتووە کە لە دەیان بنکەی سەرەکی و لەوانە لە بنکەی ئاسمانی سێنتکام لە ئەلوەلیدی قەتەر و پێنجەمین بنکە لە بەحرەین جێگیر کراون. ئامادەبوون و نفوزی ئەمریکا لە ناوچەکە لە هیچ لایەنێکی تر ناچێ.

تەحەداکە بریتییە لە دۆزینەوەی چوارچێوەیەکی توکمە و چەندلایەنە کە هەم سنووربەزاندنی نایاسایی ئێستا سنووردار بکات و هەم ڕێگا بە ئەمریکا و وڵاتانی تری بەرپرسیار بدات بۆ دەستێوەردانی ڕەوا لە حاڵەتی پێویستدا.  پێویستە ئەوە ئەنجام بدرێ بە بێ ئەوەی وا دەرکەوێ هەندێ سنوور بۆ ئەمریکا دادەنرێ کە تەنیا دەبنە هۆی هاندانی ڕکابەرانی ئەمریکا و بەرچاوترینیان ڕووسیا و ئێران و هەڵبەت تورکیایش بۆ لاوازکردنی سیستەمەکە. ئامادەبوونی ئەمریکا لە ڕووی سەربازییەوە لە هەرێمەکەدا (وەک ئامادەبوونی بەریتانیا و فەڕەنسا) دەتوانێ وەک هێزێک بێت کە بەرپرچی سنووربەزاندن دەداتەوە و یارمەتی سەقامگیربوونی هەرێمەکە دەدات بەڵام هاوکات دەیشکرێ خۆی بەشێک بێ لە کێشەکە. دوو دەیە لەمەوبەر، کاتێ جۆ بایدن سەرۆکی لێژنەی ئەنجومەنی پیران بۆ پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان بوو، هەبوونی سوپای ئەمریکا لە لە سعودیا هۆکار و ڕەوایەتێکی هاندەری بۆ [چالاکییەکانی] ئەلقاعیدە دەستەبەر کرد. ژمارەی هێزە ڕۆژاواییەکان لەو کاتەوە زۆر کەم بووەتەوە، بەڵام پابەندبوونێکی بەردەوام بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە هێزە سەربازییەکان خاڵی سەرەکی داڕشتنی هەر جۆرە چوارچێوەیەکە سەبارەت بە سنووربەزاندن.

حاڵەتی دڵخواز ئەوەیە کە ئەو چوارچێوەیە بە شێوەی هاوبەش بێت و هەموو لایەنەکان لە خۆ بگرێ، نەک هەر هاوبیرەکان. بەڵام ئەوە بۆ ناوچەیەک کە هەرگیز مکانیزم و ڕێوشوێنێکی کاریگەر و هاوبەشی بۆ دابینکردنی ئاسایش بە خۆیەوە نەبینیەوە و بە تایبەت لە هەلومەرجی ئێستادا کە لایەنەکان سەرقاڵی جەمسەرگیرین، جۆرێکە لە گەشبینی. بەڵام تێکۆشان بۆ شتێک کە ئەو بۆشاییە پڕ بکاتەوە، ڕەنگە بە پشت بەستن بە “ڕێککەوتنی ئیبراهیم” و سڕینەوەی گرژییەکانی پەیوەندیدار بە ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران [ڕێککەوتنامەی ناسراو بە بەرنامەی گشتی هەنگاوی هاوبەش JCPOA] ئامانجێکی دیپلۆماسییەتی گونجاو و شایستە بێت. لە ڕاستیدا، ئەو هەوڵە پاش پەلامارە دەرکییەکەی ئەم دواییەی ئیسرائیل لە دژی موحسین فەخریزادە زانای بڵندپایەی ئەتۆمی ئێران ئاڵۆزتر بوو و ئەوە ئاماژەیە بۆ سەختی ئەو هەوڵانە بۆ داڕشتنی ئەو پلانە توکمە و هەمەلایەنە.  

ئەولەوییەتێکی هەرێمی

سەرەڕای ئەوەی ڕەنگە ڕێکخستنەوەی ژینگەی دیپلۆماسییەت تووشی کێشە بێت و ڕێی لێ بگیرێ، بەڵام دەستپێکردنەوەی زۆر پێویستە. هەڵبەت بایدن و ئیدارەکەی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو تەحەدایە هەمو مەرجە پێویستەکاننیان تێدایە و شیاون. لە سەرۆک باراک ئۆباما و جێگری ئەو کات واتە بایدن هەندێ کاری نیوە تەواو ماونەتەوە کە دەبێ درێژەیان پێ بدرێ. ئوباما لە کۆتاییەکانی خولی سەرۆک کۆماری خۆی، لە مانگی دیسەمبەری ساڵی ٢٠١٦، ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە ” چوارچێوەی ڕێکارە یاسایی و سیاسییەکان دەرباەری بەکارهێنانی هێزی سەربازی ئەمریکا” ئامادە کرد. ئەو ڕاپۆرتە لە ئیدارەی ترامپدا پشتگوێ خرا، بەڵام ئەو ڕاپۆرتە ڕاستەوخۆ پێویستی هەبوونی ڕێکارێک سەبارەت بە دەستێوەردانی دەرەکی لە خۆ دەگرێ و ئێستا زیاتر لە هەموو کات پێویستە.  گەڕانەوە بۆ ئەو ڕێکارە ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ خواست و ویستی ئیدارەی نوێ.

هەروەها یارمەتیدەر دەبێت بۆ ئەوەی پرسی سنووربەزاندن کەوێتە ئەجیندای کاروباری هەرێمی. پێویستە سنووربەزاندن وەک تەحەدایەکی هاوبەش سەیر بکرێت و خواست و ویستی ڕێگریکردن لێی دەبێ ببێتە ئامانجێکی تایبەت لە ڕێککەوتنەکانی پاش پێکدادانەکاندا. ئەوە پێویستی بە دیالۆگی چڕ لەگەڵ وڵاتانی هاوپەیمان لە هەرێمەکە و هێزە دەستێوەردەرەکان هەیە، بەڵام ڕەنگە لەو ناوچەیەدا کە بە هۆی سنووربەزاندنەکان بێ هیوایی بووەتە دیاردەیەکی بەرجەستە لە “شەقامی عەرەبی”دا، پشتیوانییەکی جەماوەریشی لەگەڵ بێت.

بەپێچەوانەی سەدەی پێشوو، لە ئێستادا گرفت و تەحەدای سەرەکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست درووستکردنی دامەزراوە باڵادەستەکان نییە بەڵکو جێگیرکردن و چەسپاندنیانە. بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا تەحەدای سنووربەزاندن پرسێکی ئەخلاقی و خواستێکی دیپلۆماتیکە. بەڵام ئەگەر ئیدارەی نوێی ئەمریکا پێشەنگ نەبێ لە خستنە ڕووێ ڕێکارێکی نوێ سەبارەت بە کەڵکوەرگرتنی گونجاو و یاسایی لە دەستێوەردانی دەرەکی، وڵاتانی تر وای دادەنێن کە هیچ هێڵ و سنوورێک نەماوە، هەر بەو جۆرەی لە سەردەمی ترامپ وایان دانابوو. 

سەرچاوە: دامەزراوەی نێودەوڵەتی بۆ لێکۆڵینەوە ستراتیژییەکان


[1] -extraterritoriality چەند مانا لە خۆ دەگرێ. لە زمانی کوردیدا لە چەند دەقێکی یاساییدا بە زیادە هەرێمی یان مافی زیادەهەرێمی  وەرگێڕدراوە.  لە بواری سیاسیدا بە مانای بان هەرێمی هاتووە. هەڵبەت ئەو کەسانەی کەڵک لە دەستەواژەی بان هەرێمی وەردەگرن مەبەستیان لە هەرێم خاکی یەکەیەکی سیاسیی تایبەت و دیاریکراو وەک دەوڵەت نەتەوە یان سەرزەمین و قەڵەمڕەوێکی سیاسیی تایبەتە. هەروەها دەکرێ بە مانای پەیوەندییەکانی دەرەوەی سنوورەکانیش بێت. بەڵام ئەوانە هیچکامیان مەبەستی نووسەری ئەم وتارە ناگەیەنن چونکە لێرەدا مەبەستی نووسەر زیاتر دەستێوەردان و پەلهاوێشتنی دەوڵەتەکانە لە دەرەوەی سنوورەکانی خۆیان بۆیە من لە بەرامبەر  extraterritoriality دەستەواژەی سنووربەزاندن و لە بەرامبەر extraterritorial intervention دەستەواژەی دەستێوەردانی دەرەکی-م داناوە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین