تێکۆشانی ژنانی کورد بەشێکی زیندووی مێژووی خەباتی ژنانی جیهانە بیروڕا

نوچەنێت

دکتۆرە ئارەزو حەسەن

دیارکردنی رۆژی هەشتی مارس، وەکو رۆژی جیهانیی ئافرەتان، بەرهەمی بەدەنگ هاتن و دەنگ هەڵبڕین و بەکردار هاتنە مەیدانی ژنانە بۆ سەندنەوەی مافە زەوتکراوەکانیان. لەئەنجامی ئەو پرۆسە مێژووییە دوورودرێژە زور جار ئافرەت بێ دەنگی هەڵبژاردووە، بەڵام لە پەنا ئەو بێ دەنگییە بە دوای چارەسەر گەڕاوە. چاوەڕوانی دەرفەت بووە بۆ دروستکردنی هێزی بەدەنگهاتن و کۆکردنەوەی وزەو توانای خۆی بۆ شەڕی بەدەستهێنانی مافەکانی.

مێژوو ئەوەی سەلماندووە، ژن ئەگەرچی بە سرووشتی خۆی نەرمونیان و ناتوندوتیژە، بەڵام پێداگر و بە ئیرادە و کۆڵنەدەرە. 

وردبووبونەوە لە زەمەن و ماوەی نێوان ئەو رووداوانەی کە بوون بەهۆکاری دیارکردنی رۆژێک بە رۆژی ژنان و مێژووی دیاریکردنی رۆژی هەشتی مارس بە رۆژی جیهانیی ئافرەتان، زیاتر کۆڵنەدانی ئافرەت دەسەلێمێنیت.

بۆ نمونە بڕوانە مێژووی دیاریکردنی رۆژی جیهانی ئافرەتان، لە زەمەنێکی درێژدا هێڵێکی پچڕاو دەبینرێت، ئەمەش دەیسەلمێنێت، خەباتی ژنان چ خەباتێکی پشوودرێژانە بووە. سەرچاوە مێژووییەکان هۆکارەکانی دەستنیشانکردنی ئەو رۆژەیان بە رۆژی ئافرەتان واباسکردووە، کە هۆکاری یەکەمی دیارکردنی ئەو رۆژە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی، لە ساڵی (1857)-ی زایینی دژ بە بێ مافکردن و بەکەم سەیرکردن و کەمیی پێدانی حەقدەستیان بە بەراورد بەوەی بە پیاو دەدرا، ئافرەتانی کرێکار لە ئەمریکا خۆپیشاندانێکی گەورەیان ساز كرد. بەڵام لەجیاتی بەدەمەوەچوونی خواستەکانیان، لەلایەن هێزە ئەمنییەکان و هێزه‌كانی پۆلیسەوە ڕووبەڕووی توندوتیژییەکی زۆر بوونەوە، ژمارەیەکیان گیانیان لەدەستدا و ژمارەیەکشیان بریندارکران. بەڵام سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران نەبووە هۆی کۆڵدانی ئافرەتان، بەپێچەوانەوە بۆ بەدەست هێنانی مافەکانییان پێداگربوونە.

پێداگریی ئافرەتان بووە رۆحی بەردەوامیدان بە داوا رەواکانیان، لە 8-ی مارسی 1908 دا، دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە پەنجا ساڵ بەسەر خۆپیشاندانە سەرکوتکراوەکەی ساڵی 1857-ی ئەمریکا،  ژنانی کرێکاری کارگەیەکی رستن و چنین هەر لە نیۆیۆرک-ئەمریکا، لەگەڵ یادکردنەوەی خۆپیشاندانەکە و بۆ وەستانەوە بەڕووی پێشێل كردنی ماف و کەم نرخ سەیرکردنی تواناو خزمەتەکانیان و پێدانی مووچەیەکی کەم پێیان، دەنگیان هەڵبڕی و ناڕەزاییان دەربڕی، جارێکیتریش لەبەرانبەریاندا سەرکوتکردن پەیڕەوکرا. لەم جارەی ناڕەزایی دەبڕینیشدا ژنان بوونە قوربانی، بەڵام دیسان بێ دەنگ نەبوون و بوون بەهێزی گۆڕانکاری و هۆکاری بەدەنگهاتن بۆ ژنانی سەرانسەری جیهان، هەموو ساڵێک ڕۆژی 8-ی مارس بەردەوام یادی ژنانی سەرکوتکراو دەکرێتەوە لەگەڵ یادەکەشدا، بەشێوەی خۆپیشاندان و مانگرتن و چالاکی مەدەنی، بۆ دەستهێنانی مافەکانیان، چالاکی و ناڕەزایەتیی ژنان بەردەوامە.

هەر لە چوارچێوەی ئەو چالاکییە مەدەنییانەی ژنان، لە ساڵی 1910-ی زایینی کۆنفڕانسی ژنانی سۆسیالست بەڕێوەچوو لە شاری کۆپینهاگن - دانیمارک، لەو کۆنفرانسەدا خاتوو کلارا زتکین کە یەکێک بوو لە خەباتکارە دیارەکانی ئەڵمانیا، پێشنیاری کرد رۆژی 8-ی مارس وەکو ڕۆژی جیهانیی ئافرەت بناسرێت. لەساڵانی دواتریشدا بەردەوام پێداگیری لەسەر ئەو پێشنیارەی خۆی دەکرد، ژنانی جیهانیش بەردەوامیان بەو یادە و بە داواکاری مافەکانیان دەدا. ساڵ لە دوای ساڵ ژمارەی ئەو وڵاتانە زیادی دەکرد کە بەناچاری و بەگرنگییەوە بەدەم خۆپیشاندان و مانگرتن و داخوازییەکانی ژنانەوە دەچوون، بەڵام بەدەمەوەچوونەکان هێشتاش بەپێی خواست و داواکاریی ژنان نییە. تا ساڵی 1978 خەباتی بێ وەستانی ژن وایکرد، نەتەوە یەکگرتووەکان ئەو رۆژە وەکو رۆژی جیهانیی ئافرەتان قبوڵ بکات. ئیتر لەوکاتەوە رۆژی هەشتی مارس بووە رۆژی ژنان و تا ئەمڕۆش بە شکۆوە جیهان لەو رۆژەدا رێز لە خەباتی ژنان دەگرێت و ژنانیش پێداگرن لەسەر بەدیهاتنی کۆمەڵگەیەکی یەکسان بۆ مرۆڤایەتی. بەوردبوونەوە لەو مێژووە، هەست بە پێداگری و کۆڵنەدانی ژن دەکرێت، بەهۆی بەردەوامبوونی خەبات تا ئەمرۆش هیوای گەیشتن بە ئامانجی ژنان گەورەتر دەبێت.

مێژووی خەباتی ژنی کوردیش بەشێکی زیندووی مێژووی خەباتی ژنانی جیهانە، بەڵام خەباتی ژن لە گۆشەنیگای مێژووی خەباتی کوردایەتی-نەتەوەیی، بەپێی تایبەتمەندییەکانی خەباتێکی نەتەوەی بووە، کورد نەتەوەیەکە لە دێرزەمانەوە لەشەڕی سەندنەوەی مافە نەتەوەییەکانیەتی، زەوتکردنی مافی ئەم نەتەوەش وایکردووە، لەسەر خاک و لە شارەکانیدا پیشەسازی گەشە نەکات و نەگاتە ئاستی دروستکردنی کارگەی گەورەی بەرهەمهێنان، تاکو خەباتی کرێکاری لەم ناوچەیەدا بەو فۆرمە خەباتی کرێکاریی جیهانی رەنگ وەربگرێت، کەرتی گشتی بەهەمانشێوەی کەرتی پێشەسازیی کەرتێکی گەشەسەندوو نەبووە، تاکو ببێتە هۆی دروستبوونی سەندیکا و کۆمەڵە پیشەییە جیاوازەکان لە ئاستێکی پێشکەوتوو، بۆئەوەی پارێزگاری لە مافی رەواکانی ئەندامانی بکات.

بەگشتی؛ خەباتی خەڵکی کوردستان لەپێناو گەێشتن بە مافی میللەتێکە، بەر لەوەی خەبات بێت بۆ بەدەستخستنی مافی چین و توێژێک تایبەتمەند، لەو خەباتە گشتییەشدا ژنانی کورد ڕۆڵی مێژوویان هەبووە، بەشداریی و فیداکاریی بێوێنەیان پێشکەشکردووە. هەروەها بەشێک لە خەباتی ژنانی بۆ نوێبوونەوەی کولتووری- کۆمەڵایەتی و گۆڕانکاری لە زەینییەتی پیاوساڵاری بووە. لە لاپەڕەکانی مێژووی خەباتی دووروودرێژی میللەتی کورد، نموونەی ژنی کورد زۆرن کە رابەرایەتی کۆمەڵگا و ناوچەکانی خۆیان کردووە، لە ئەنجامی پڕۆسەی مێژووی دەرکەوتووە کە: لە هەموو چالاکییەکانی ئابووری، سیاسی، کۆمەڵایەتی و کولتووریدا بەشدار بووە.

مێژووی میللەتی کورد پڕە لە نمونەی ئافرەتانی سەرکردە و خەباتگێر و فیداکار کە لە شۆڕشدا هاوشانی پیاوبوون و ئەرکیان لە ئەستۆ گرتووە، لەو مێژووەدا نمونەی وەکو (مەستورەی ئەردەڵان و حەپسە خانی نەقیب و عادیلە خان و لەیلا بەدرخان و چەندانی تر) هەبووە، هاوسەری قازی محمد (مینا خانم) یەکێک لەوانەیە کە شان بە شانی ئەو کەڵەپیاوە جەنگاوە و بۆ ئازادی خەباتی کردووە و هەوڵی ڕۆشنبیرکردنی خانمانی داوە. نمونەی وەکو (حمايل خان) هاوسەری مەلا مستەفا بارزانی هەبووە، کە له پێناو به ديهينانی ئازادیدا ئاوارەیی زۆر دیووە و زيندانی كراوه لەژێر چاودێری سەختدا ژیانی بەڕێکردووە، سەرەڕای ئەو هەموو دوورخستنەوە و زیندانی و سەختییەکانی ژیان، رۆحی خەباتگێری و شۆڕشگێری لەناخی نەوەکانیدا هەمیشەیی کردووە. هەروەها کەسانی وەک (لەیلا قاسم) کە تا دواین هەناسەشی بە پەتی سێدارەوە بێ پەشیمانی سرودی بۆ سەربەستی پێشکەشکردووە، مارگرێت جۆرج ژنە پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلول کە تا گیانی بەختکرد بۆ ئازادی خەباتی کردووە. هەروەها (هێرۆ ئیبراهيم ئەحمەد) شان به شانی مام جەلال لە شاخ و شار خەباتی کردووە، پشتیوانی پێشمەرگە و ژنانی چالاکوان بوو تا سەرکەوتن، لە باکووری کوردستان ژنە چالاکڤانی کورد (لەیلا زانا ) کە وێڕای زیندانیکردن، بەڵام پاشەکشەی نەکرد و لەپێناو ئازادیی نەتەوەکەی خەبات دەکات، جگە لەمانە چەندین ئافرەتی خەباتگێری کورد بۆ ئازادیی نەتەوەیی کاردەکەن.

ئێستاکەش ئافرەتانی کورد بەردەوامن لە کاروچالاکی بۆ چاکسازی لە نەریتی بەهەڵەداچوو، هەروەها بۆ گەشەپێدانی ماف و ئازادییەکانی تاکی کورد خەبات دەکەن، تاکو گۆڕانکاری دروستبکەن لەو نەریتەی کە بڕوای بە ماف و ئازادییەکانی ڕەگەزی نییە، ئیمڕۆ چەندین ژنی لێهاتوو و پسپۆر بۆ بەدیهێنانی کۆمەڵگەیەکی دادپەروەر و گەشەسەندوو خەبات دەکەن، تاکو بەتێگەیشتنی ئەرێنی دەربارەی پێگە و مافی ژیان، توانایی و لێهاتوویی ژن بۆ خزمەتی گەشەپێدانی کۆمەڵگای کوردی بەکاربێنن.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین